چەند رۆژێكی دەستووریی كەم ماوە لەبەردەم (حەیدەر عەبادی) بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، بەلام هێشتا گرفت و كێشەكانی بەردەمی زۆرن و ئومێدی چارەسەركردن و گەیشتنی پێكهاتەكان بەرێككەوتنێك بە نزیك نابینرێت.
هاوكات گوشارێكی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیی بەهێز هەیە تا حكومەتەكە لەماوەی ئەم چەند رۆژەدا لەدایك ببێت، بەڵام تێبینی دەكرێ ئاراستەی ئەو گوشارانە دووسەرەیە، یەكیان زیاتر بۆ جێكردنەوەی داواكارییەكانی سوننەیە لەنێو كارنامەی حكومەتەكە و دواتریش بەشداریپێكردنیان بەپشكێكی بەرچاوی پۆستەكان، بۆئەوەی بتوانن بەهاوكاریی ئەوان پارێزگا سوننەنشینەكان لەداعش پاك بكەنەوە، دووەمیشیان بەئاراستەی كوردە كە فاكتەرێكی هاوكار و ئاسانكار بێت لەپێكهێنانی حكومەتەكە و نەبێتە رێگری بەردەم پێكهێنانی، ئەویش بە لەبەرجاوگرتنی ئەو هاوكاری و پشتیوانییە نێودەوڵەتییە بەرفراوانەی ئێستا لەهێزی پێشمەرگە دەكرێ لەرووبەڕووبوونەوەیدا لەگەڵ تیرۆریستانی داعش..واتە كورد وەك ئەڵقە نەرمەكە لێی دەڕوانرێ و چاوەڕیی ئەوەی لێ ناكرێت گرفت بۆ پرۆسە دەستووریەكەی پێكهێنانی حكومەتەكە دروستبكات..
ئەوە لەكاتێكدا كورد ئێستا لەسەر ئەرز و بەخوێنی پێشمەرگەكانی و بەنوێنەرایەتیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی شەڕی تیرۆریستان دەكات، بەڵام سوننە شەڕكەڕێكی دواخراو و موكینە، بێگومان هەر كە حكومەتێكی عیراقیش بە رەزامەندی و بەشداریی كورد و سوننە پێكبێت، ئەوا ئەو پشتیوانییە بەهێزەی ئێستا لەكورد دەكرێ، ئاستەكەی دادەبەزێت و زیاتر بەلای حكومەتە تازەكەی عیراق و سوننەكاندا لاسەنگ دەبێت.
بۆیە بەڕای من گرنگە لەبەردەم ئەم دۆخەدا ئەوە بۆ هەموو لایەنە عیراقی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان یەكلابكرێتەوە كە كورد جگە لەسەلماندنی مافە سەرەكییەكانی و بەشداریی لەحكومەت بەپشكی شایستەی خۆی وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی عیراق، بەهیچ شتێكی دیكە رازی نابێت، بەپێچەوانەوە پاشەكشە لەپرۆسەی سیاسیی عیراق بكەین و بگەڕێینەوە كوردستان و كار لەسەر سەربەخۆیی ئابووریی هەرێم بكەین، كە كەرەستەكانیمان لەبەردەستە ئەگەر ئیرادەی بڕیاردان و پلانی كاركردنمان هەبێت..واتە بەكورتی؛ پاشەكشە لەبەغدا بكەین نەك لەمافەكانمان.