لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای بودجەوە

کاوه‌ محه‌مه‌د
ئەمڕۆ (۲٠۱۸/۳/۳) پەرلەمانی عیراق بەبێ بەشداری فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەنگی بۆ پرۆژە یاسای بودجەی (۲٠۱۸)ی عیراق دا و بەدەر لەپرەنسیپی سازان تێیپەڕاند.

لەوبارەیەوە روونکردنەوەی ئەم چەند خاڵە بەپێویست دەزانم؛

۱/ئەم نەخوێندنەوەیەی کورد، بەپلەی یەکەم بۆ لاوازبوون و داهێزرانی پێگەی کورد و هەرێم دەگەڕێتەوە کە بەرپرپرسیارێتیی سەرەکی دەکەوێتە ئەستۆی بڕیاردەرانی ریفراندۆم کە وتیان ئامادەین سەری خۆمانی لەسەر دابنێین، کەچی سەری کوردیان لەسەر دانا.
۲/ئەمە دەرەنجامێکی چاوەڕوانکراوی ئەو سیاسەتە شکستخواردووەیە کە حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم لەدوای ساڵی (۲٠٠۳)ەوە پەیوەست بە بەغدا پەیڕەویانکرد و بەدرێژایی ساڵانی رابردوو نەیانتوانی وا بکەن کورد بکەن بە هاوبەش لەدروستکرنی بڕیاری سیاسیی عیراقیدا، چونکە هەموو خەم و هەوڵێکیان بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی حزبی و شەخسی بوو، نەک بەرژەوەندی گشتی و نیشتیمانی.
۳/سیاسەتی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت، هەرێمی لەرووی ئابووری و سیاسی بەچۆکداهێنا و کردی بەهەرێمێکی بێ ئیرادە و بێ کارتی سیاسی کە لەجیاتی ئەوەی ببێتە لایەنێکی دانوستانکار، بۆتە لایەنێکی مەرج بەسەردا سەپێنراو. 
٤/حکومەتی هەرێم سەرەڕای ئەوەی چەندین ساڵە هیچ یاسایەکی بودجەی نەبووە، هاوکات ئەمساڵ و لەساڵانی پێش ریفراندۆمیشدا زەرەیەک خەمی بەشە بودجەی هەرێمی لەبودجەی گشتی عیراقدا نەبووە و مەبەستیشی ئەوە بوو کە بەردەوامی بە سیاسەتی تاڵانفرۆشی نەوتی هەرێم و کەرکوک بدات و لەسەر حسابی ژیان و گوزەرانی موچوخۆران و خەڵکی هەرێم، قاسەی حزب و کەسە دەستڕۆیشتووەکانیان پڕتر بکەن.
٥/ئێستاش ئەو حزبە شکستخواردووانە، لەناخی خۆیاندا بەوە خۆشحاڵن کە بەغدا لەبڕیار و هەنگاوەکانیدا باز بەسەر کورددا بدات و بە مەنتیقی زۆرینە و کەمینە یاساکان تێپەڕێنێ و بڕیارەکان بسەپێنێت، تا بڵێن ئەوە بەغدایە دژایەتی کورد و خەڵکی هەرێم دەکات و ئەوان هۆکاری نەهامەتییەکانن، نەک ئێمە !..
٦/بەغدای دوای ریفراندۆم، لەبەغدای پێش ریفراندۆم جیاوازە، چونکە ئێستا داشی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی سوارە و هەموو هەوڵێک دەدات کە مەرجەکانی خۆی بەسەر هەرێمدا بسەپێنێ و بە ئاستێک لاوازی بکات کە نەتوانێت جارێکی دیکە بیر لەریفراندۆم و جیابوونەوە بکاتەوە.

ئینجا ئێستا ئەو حزبە دەسەڵاتدارانەی کوردستان، باس لەکشانەوە لەپرۆسەی سیاسی عیراق دەکەن، گوایە ئەوان ئەو ناهەقیە بەرامبەر کورد قبوڵ ناکەن، بەڵام لەحەقیقەتدا ئەم تێزە لەروانگەی پەرۆشیان بۆ کورد و مافەکانی ناخەنەڕوو، بەڵکو بۆئەوەیانە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێم لەو شکست و گۆشگیرییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیە رزگاریانکەن و دواتر بەناوی یەکڕیزییەوە خۆیان بکەنەوە کوێخا و لەگەڵ بەغدا دانوستان بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیە حزبیەکانی خۆیان بکەن. 

بۆیە بەڕای من کورد تا ناوماڵی خۆی لەسەر بنەمای چاکسازی سیاسی ئابووری و ئیداری رێکنەخاتەوە و یەکنەخاتەوە، ناتوانێ لانیکەمی هێز بۆ پێگە سیاسییەکەی لەئاستی عیراق و نێودەوڵەتی بگەڕێنێتەوە، بێگومان تا ئەو حزب و دەستەبژێرە سیاسییانەی ئێستاش لەدەسەڵاتدا بمێنن، بەدڵنیاییەوە کورد حاڵی لەمڕۆ باشتر نابێت.

کەواتە ئەمڕۆ تاکە بژاردەی بەردەستی خەڵکی هەرێم و ناوچە دابڕاوەکان ئەوەیە بەشدارییەکی کارای هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق بکەن و بەدەست و دەنگی خۆیان سزای ئەو حزبە شکستخواردووانە بدەن کە کوردیان بەم رۆژە گەیاند و نەخشەی سیاسی ناوخۆی هەرێم لەبەرژەوەندی خۆیاندا بگۆڕن.

03/03/2018