پینەوپەڕۆ

کاوه‌ محه‌مه‌د
 بڕیارە سبەی حکومەتە شکستخواردوو و ناشەرعیەکەی هەرێم سووکە دەستکارییەکی سیستمی زاڵمانە و نایاسایی (پاشەکەوتی مووچە)ی مووچەخۆرانی هەرێم بکات و لەم رێگەیەوە هەم سیستمەکە بەتەواوی بەسەر مووچەخۆراندا بسەپێنێت و هەم خۆی لەژێر گوشاری بەرفراوانی خەڵکی هەرێم دەرباز بکات. 

ئەمەش دەرەنجامی خەمخۆری دەسەڵاتدارانی هەرێم نییە بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵک، بەڵکو بەهۆی بەردەوامی و رۆژبەرۆژ بەرفراوانبوونی خۆپیشاندانەکانی خەڵکە، بەتایبەتیش لەهەولێر و دهۆک کە خەریکە ئەمجارە دیواری ترس لەو دوو پارێزگایە دەشکێت و چیتر ئامادەنین بە بەڵێنە درۆینەکانی دەسەڵات بگەڕێنەوە ناو ماڵەکانیان و کونجی قەناعەت هەڵبژێرن. 

نەک هەر ئەوە، دوابەدوای ئەو هەموو سووکایەتی و پەلامارانەی لەلایەن بەڵتەجییەکانی دەسەڵاتەوە رووبەڕوی مامۆستایان و ژنان و خۆپیشاندەرانی دیکە بوویەوە،  تووڕەیی خەڵکی لەو دەسەڵاتە داتەپیوە، چەند قات زیادیکردووە و لەمەودوا بەتەنیا بە لابردنی سیستمی پاشەکەوتی مووچە (کە دەتوانن لایبەرن و لاینابەن) رازی نابن، چ جای بە پینەوپەڕۆکردنی رازی بن، چونکە باش لەو حەقیقەتە گەیشتوون کە سیستمی (پاشەکەوتی مووچە) هۆکاری خراپی ژیانی ئەوان نیە، بەڵکو دەرەنجامی سیستمێکی سەقەتی سیاسی و عەقڵەتێکی نانیشتیمانی و نادادپەورەری حوکمڕانییە کە لەسەرەتای نەودەکانەوە ئەم هەرێمەی پێ بەڕێوەدەبرێت و بەهۆیەوە نەک هەر مووچە، بەڵکو خاک و شکۆ و کەرامەت و ئایندەشیانی لەبازاڕی بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەرزانفرۆش و بێ نرخ کردووە. 


27/03/2018



وتارەکانی تری نوسەر