ئەنجومەنی تەزویرچیان

کاوه‌ محه‌مه‌د

ئەوانەی باس لەبراوە و دۆڕاوی هەڵبژاردن دەکەن، دەبێ بزانن ئەوان لەهەڵبژاردن دۆڕاو و لەتەزویر براوە بوون، ئێمەش براوەی هەڵبژاردن و دۆڕاوی تەزویرین..
چونکە ئەو تەزویرە بەرفراوان و حەیابەرەی ئەو لایەنە خۆ بەبراوە زانیوانە کردوویانە، هەموو سنوورێکی سکانداڵی بڕیوە و دەشیانەوێ رووقایمانە و لەسەر بنەمای دەنگی دزراوی خەڵک پەرلەمانتارە ناشەرعیەکانیان بنێرنە بەغدا تا لەجاران زیاتر مافە دەستوورییەکانی کورد بۆ پۆست و ئیمتیازاتی حزبی و بنەماڵەیی ورد بکەنەوە و هێندەی دیکە ژیان و ئایندەی خەڵک وێران بکەن، بۆیە هەر زوو و دوای راگەیاندنی ئەنجامە تەزویرکراوەکان، هاوپەیمانێتی نێوان هێزە تەزویرکارە کوردی و شیعی و سوننیەکان دروستبوو و دەستیانکرد بە پیلانگێڕان لەو هەوڵانەی ئێمەومانان (بەرەی دژەتەزویر) بەڕێمانخست بۆ کەشفکردنی راستییەکان، توانیشمان هەنگاوی یاسایی و سیاسی گرنگ بنێین، بڕیارەکانی (٥/۲۸) و تەشریعکردنی یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە(٦/٦)دا شایەدی ئەوە دەدەن، دواتریش دادگای فیدرالی دەستووریبوونی یاساکەی سەلماند کە دەبوو بەپێی ئەوە دەستژمێریی سەرتاسەی بۆ دەنگەکان لەتەواوی عیراقدا بکرێت، بەڵام دواتر بەداخەوە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، پێچەوانەی یاساکە و بڕیاری دادگای فیدرالی، بڕیاریدا کە تەنیا ئەو سندوقانە دەستژمێرییان بۆ بکرێت کە تانەیان لێ دراوە!..
دوێنێ (٦/۳٠)یش، کە دوایین رۆژی ئەم خولە پەرلەمانییەی عیراق بوو، هەوڵماندا نیصابی یاسایی تەواوکەین بۆ دەنگدان لەسەر هەمواری چوارەمی یاساکە، کە کۆمسیۆن ناچارکەین تەواوی سندوقەکانی دەنگدان لەعیراقدا دەستژمێریان بۆ بکرێت، بەڵام بەداخەوە بەشێک لەوانەی بەشداری دانیشتنەکانی پێشوویان کردبوو، بەهۆکاری جیا جیا، ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون و تەنیا (۱۲۷) پەرلەمانتار لەناو هۆڵی پەرلەمان بوونیان هەبوو، لەبەرئەوە ئەم هەوڵەمان سەری نەگرت و تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانیش کۆتاییهات.
ئێستا ئەو لایەنەی زەروورە رۆڵی خەمخۆرانە و یەکلاکەرەوە لەبەرامبەر ئەم تەنگژە سیاسی و یاسایی و دیموکراسییە ببینێت، دەسەڵاتی قەزایە، بەتایبەتیش دادگای فیدرالی، کە بتوانێ قسەی راست و دروستی خۆی بکات و رایبگەیەنێت کە؛ دەبێ بەپێی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن و بڕیاری دادگاکەی خۆیان، تەواوی سندوقەکانی دەنگدان لەسەرتاسەری عیراقدا دەستژمێریان بۆ بکرێت، نەک تەنیا ئەوانەی تانەیان لێ دراوە، بەمشێوەیە دەتوانین بڵێین پرۆسەی سیاسی و دیمەکراسی عیراق لەدەستی مافیاکانی تەزویر دەردەهێنرێت و دەخرێتە سەر راستەڕێی خۆی، ئەگەرنا ئەوا خولی چوارەم دەبێتە ئەنجومەنی تەزویرکاران، نەک ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی داهاتووی عیراق و تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەتیش ناقسی شەرعیەت دەبن، چونکە لەلایەن ئەنجومەنێکەوە متمانە وەردەگرن کە لەدایکبووی دەنگ و ئیرادەی خەڵک نیە، بەڵکو هی ئیرادەی تەزویرچی و دەنگدزەکانە.


02/07/2018



وتارەکانی تری نوسەر