راپرسی بۆ هۆکاری پاشەکشە و بەشداری لەحکومەت

کاوه‌ محه‌مه‌د
دوای ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لەهەردوو هەڵبژاردنی (٥/١٢) و (٩/٣٠)دا دووچاری پاشەکشەیەکی بەرچاو بوو و نزیکەی نیوەی کورسی و دەنگەکانی لەدەستدا، ئێستا لەهەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەکیدا کەوتۆتە بەردەم بڕیاردانی بێ دوودڵی و دوور لەخاوەخاوکردن لەدیاریکردنی ئایندەی بزووتنەوەکە کە ئایا دەخرێتەوە سەر شاڕێگەی هەستانەوە یانیش پاشەکشەی زیاتر چاوەڕێی دەکات.
هەر حزبێک لەدنیادا دووچاری کەمترین پاشەکشە ببێت و دەنگەکانی لەکورتی بدات، دەستدەکات بە راپرسیکردن لەناو خەڵک تا بزانێت هۆکارەکانی ئەو شکستەی چین و ئەمجارە بۆچی هاووڵاتیان دەنگیان پێ نەداون، هەندێجار هەیە ئەو حزبانە تەنانەت لەدوای سەرکەوتنیشدا راپرسی دەکەن بۆئەوەی بزانن بۆچی دەنگی زیاتریان هێناوە ؟..بۆ لەفلان شوێن دەنگیان زۆر زیادیکردووە و بۆ لەشوێنێکی دیکە کەمتر و ...تاد. بۆیە بۆ گۆڕان ئەمڕۆ لەهەموو کاتێک زەروورترە کە راپرسی بکات و لەناو هەڵسوڕاو و گۆڕانخوازان و دەنگدەراندا هۆکارەکانی پاشەکشەکەی هەڵێنجێت و لەسەر بنەمای ئەو هۆکارانە پرۆژەی چاکسازی و گۆڕانکاری ناوخۆیی دابڕێژێت و جێبەجێی بکات.
لەئاستی دەرەکیشدا، ئێستا گفتوگۆیەکی گەرم لەناوخۆی گۆڕان و دەرەوەیشیدا لەسەر هەردوو بژاردەی بەشداریکردن و نەکردنی لەحکومەتی داهاتووی هەرێمدا لەئارادایە، من بۆ خۆم لەگەڵ بەشداری نەکردنم لەحکومەت، بەڵام پێموایە باشترین رێگە بۆ گەیشتن بە بڕیارئکی دروست لەوبارەیەوە ئەوەیە کە ئەم کێشمەکێشە بە راپرسیکردن لەناو هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان یەکلابکرێتەوە، ئەمەش وادەکات قاعیدەی جەماوەری گۆڕان بەشداری لەو بڕیارە گرنگەدا بکەن و دواتریش ببنە پشتیوانی بەهێزی بزووتنەوەکەیان لەئەگەری هاتنەپێشی هەر لێکەوتەیەکی نەخوازراوی ئەو بڕیارەدا.
ئیتر دەکرێ هەردوو راپرسییەکە بەیەکەوە و بە کۆمەڵی پرسیاری ورد و زانستیانە بخرێنە سەر فۆرمێک و لەماوەی چەند رۆژێکی کەمدا دەرەنجامەکانی دەست بخرێن و ببنە باشترین و دیموکراسیترین کەرەستەی پرۆژەی چاکسازی ناوخۆیی و خۆ یەکلاکردنەوە لەنێو جۆلانەی حکومەت و ئۆپۆزسیۆندا. 


01/11/2018



وتارەکانی تری نوسەر