كۆبانی لەنێو بەرژەوەندییە جیاوازەكاندا

کاوه‌ محه‌مه‌د

توركیا مەرجی هەیە بۆ ئەمریكا و داوا دەكات كە: 1-ناوچەی دابڕاو لەناو خاكی سوریا دروستبكات. 2-ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی كار بۆ رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد بكەن. 3- بەهیچ شێوەیەك هێزە كوردییەكان (پێشمەرگە و یەپەگە) چەكدار نەكەن، بەڵكو (ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوی سوریا – مەبەستی سوپای ئازادە) چەكدار بكەن. بەو مەرجانە بەشداریی لەهاوپەیمانێتیی نێودەڵەتیی دژی (داعش) دەكات. هەروەها مەرجی بۆ كوردانی سوریاش ئەوەیە كە: 1- دژی رژێمی ئەسەد شەڕ بكەن. 2- ئیدارەی كانتۆنەكانیان هەڵوەشێننەوە..لەبەرامبەردا ئەمریكاش داوای ئەوە لەتوركیا دەكات كە رێگە بدات بنكە ئاسمانییەكانی بۆ لێدانی (داعش) لەعیراق و سوریا بەكاربهێنێت و وەك هاوپەیمانێكی ئیقلیمیی و ئەندامی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) بەشداریی لەهاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژ بە (داعش) بكات. بەكورتی ئەمریكا دەیەوێت تەركیزی هاوپەیمانێتییەكە لەسەر پاككردنەوەی عیراق بێت لەتیرۆریستانی (داعش)، بەڵام توركیا دەیەوێ پێگە ستراتیژییەكەی بۆ ئەوە بەكاربهێنێت كە سەرەڕمی هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەكە بەرەو سوریا و رووخانی رژێمی ئەسەد و بەرلەوەش هەڵوەشاندنەوەی كانتۆنە كوردییەكانی سوریا وەرچەرخێنێت كە ئەمە بە ئامانجی سەرەكی خۆی دەزانێت. بەڵام واشنتۆن لەوەدا تەواو لەگەڵ ئەنكەرە ناكۆكە و زیاتر لەسیاسەتی تاران نزیك دەبێتەوە؛ واتە لەم كاتەدا نەمانی رژێمی ئەسەد بە دەستكەوت بۆ هێزە ئیسلامییە توندڕەوەكان دەزانێت و نایەوێ ئەزموونی لیبیا لەوێش دووبارە ببێتەوە، مانەوەی ئەسەدی لەوە پێ باشترە كە هێزی وەك (بەرەی نوسرە و داعش) لەدیمەشق ببنە حوكمڕان.
ئێستا كۆبانی كەوتۆتە چەقی گێژەنی ئەو ناكۆكیانە و سەرەنجام وەك قوربانی كەوتۆتە بەردەم هەڕەشەی بەهێزترین و دڕندەترین رێكخراوی تیرۆریستیی جیهانیی. لێرەدا دەبێ ئەوە بڵێین كە ئێستا وەك چۆن ئەگەر شەنگالیش بگرینەوە، شەرمەزاریی شكستەكەیمان بۆ ناسڕێتەوە، بەهەمانشێوە ئێستا ئەگەر كۆبانێ-ش بكەوێت، شانازیی بە نەبەردیی بەرگرییەكەیمان هەر بۆ دەمێنێت و ناسڕدرێتەوە. بەڵام ئەوەی جێی ئەسەفە ئێمە هێشتا بەسۆز نەك سیاسەت، مامەڵە لەگەڵ پرسی كۆبانی دەكەین؛ جگە لەوەی هێزە كوردییەكان لەناو خۆیاندا تەنیا رووكەشانە یەكدەنگ دەردەكەون و لەسیاسەتكردندا فرە دەنگ و ئاراستەن، هاوكات هەست بەوە ناكرێت كە خوێندنەوەیەكی ورد و قووڵی ئەو هاوكێشانەیان كردبێت و لەسەر ئەو بنەمایە هەنگاوی سیاسی و دیپلۆماسی بنێن. بۆئەوەی كە كۆبانی بە بەرگریی و قارەمانێتیی شەڕڤانەكانی نرخی نیشتیمانی بەرزكردەوە، لەدەرەنجامدا تەنیا لەبازاڕی سۆزی نەتەوەیی و شەڕە دروشمی حزبیانە و مزایەداتی بەتاڵ هەرزانفرۆش نەكرێن.

14/10/2014



وتارەکانی تری نوسەر