مووچەی بەغدا و رەشاوی هەرێم

کاوه‌ محه‌مه‌د

کێشەکە هەر ئەو چەند مانگەی دوایی و یاسای بودجەی (٢٠١٩) نیە کە پێنج مووچەیان لەبەغداوە بۆ هاتووە و تەنها دووانیان دابەشکردووە، کێشەکە لەبنەڕەتدا حکومەتێکی تاڵانچیە لەهەرێم کە چەندین ساڵە، بەتایبەتیش لەسەرەتای ساڵی (٢٠١٤)ەوە سامانی میللەت تاڵان و هەرزانفرۆش دەکات و مووچەی خەڵک دەبڕێ و دەشارێتەوە و دەیخاتە نێو رۆلێتی کۆمپانیا نەوتییەکانەوە و بەناوی قەرزێکی نادیار و بێ کۆتایی تەخشانی دەکات و دواتریش بەرگی (سەربەخۆیی ئابووری) لەبەردەکات، ئەوەی رەخنەشیان لێ بگرێت و پەردە لەسەر ریسواییەکەیان هەڵبماڵێ، دەیکەن بە (عیراقچی و دوژمنی نیشتیمان و کوردایەتی و خائین بە نەتەوە!).

بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ لەکۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەی تیمی داپۆشیکارانی تاڵانچییەکانی هەرێم (وەزیری دارایی، وتەبێژی حکومەت و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران) بەڕێوەچوو، جگە لەمەهزەلەیەکی دیکەیان بۆ تێکەڵکردنی ژمارە و ئەوراقەکان، جگە لەنمایشێکی لاوازی چەند سیحربازێکی دەست کەشفکراو، هیچی دیکە نەبوو، لەهەناسەسواری و پەشۆکاوی قسەکەران و ریزکردنی بێ سەروبەری ژمارەکان-ەوە بۆ هەمووان روون بوو کە ئەڵقەیەکی دیکەی زنجیرە دراما بێ تامەکەی (سەرلێشێواندنی) خەڵک پێشکەشدەکەن کە هەم سیناریۆکەی ئاست نزمە و هەم ئەکتەرەکانیشی دەمامک کەوتوون.

پێشتر ئێمە وەک فراکسیۆنی گۆڕان لەخولی پیشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق-ەوە هەموو هەوڵ و شەڕێکمان لەسەر ئەوە بوو کە مووچەی خەڵکی هەرێم لەکێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەدوور بگیرێت، هەوڵی ئەوەشماندا میکانیزمێک بگیرێتە بەر کە راستەوخۆ پارەکە لەبەغداوە بدرێت بە مووچەخۆران و گیرفانیان گەرم بکاتەوە، نەک بە تونێلی تاریکی حکومەتی هەریمدا تێپەڕ ببێت، چونکە ئەم دەسەڵات و حکومەتەی هەرێم دەستێکی ئەمین نین و لەچەندین بۆنە و کۆبوونەوەی رەسمی و چاوپێکەوتنی میدیاییدا وتوومە و دەیڵێمەوە کە ئەمە رێک (سپاردنی گۆشتە بە پشیلەیەکی هەمیشە برسی)، باش بوو لەیاسای بودجەی ئەمساڵدا مووچەی خەڵکی هەرێم خرایە خانەی جیاواز لەخانەی نەوت و بودجە و تا ئێستا بەغدا لەناردنی مووچەی پێنج مانگی ئەمساڵدا دوانەکەوتووە، بەڵام هەرێمیش تا ئێستا نە بەرمیلێک نەوت و نە دۆلارێکی داهاتی ئەو نەوتەی نەداوەتە بەغدا، ئەمەش جارێکی دیکە قومارکردنی تاڵانچییەکانی هەرێمە بە مووچەی خەڵک، بەڵام جێی خۆشحاڵییە کە تا ئێستا (د.عادل عەبدلمەهدی) سەرۆک وەزیرانی عیراق شانی داوەتە بەر گوشارە هەمەلایەنەکان و بۆتە سەمام ئەمانی مووچەی خەڵکی هەرێم، رەنگە ئەمەش ئەوپەڕی تا کۆتایی ئەمساڵ بڕ بکات و سەرەنجام جامەکەی بەغدا و عەبدلمەهدی-ش پڕ دەبێت و رەشاوی هەرێمی لەسەر دەڕژێت.

• بۆیە ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا هاوڕێم (د.غالب) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەفراکسیۆنی گۆڕان کردوویەتی کە لەداواکاری گشتی عیراق سکاڵای لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمارکردووە، لەسەر رێگا و رێبازی گۆڕان و کاک نەوشیروانە و بەرگریکردن لە(ماف و مووچەی خەڵک، لەکەرامەتی دزراوی کۆمەڵگا) و بەگژداچوونەوەی گەندەڵکاران و رووتکردنەوەیان لەدروشم و ماسکە (نەتەوەییەکان)یان، ئەوپەڕی نیشتیمانپەروەرییە و هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە لەگەڵ (د.غالب) هاوهەڵوێست و هاوهەنگاو دەبین و هەوڵدەدەین زۆرترین دەنگی پەرلەمانتارانی دیکەی کورد لەپەرلەمانی عیراق بۆ ئەو ئامانجە نیشتیمانییە کۆبکەینەوە و واز لەو کەیسە نەهێنین تا تەواوی پارەی شاردراوەی خەڵک (ئەوەی بزرکرا و ئەوەی پاشەکەوت کرا) بۆ خەڵک دەگێڕینەوە و تاڵانکارانی سامانی نیشتیمانیش دەدرێنە دادگا و سزای خۆیان وەردەگرن.

27/05/2019



وتارەکانی تری نوسەر