لەوەڵامی فەتلاوی و هاوبیرەكانی-دا ؟

کاوه‌ محه‌مه‌د
لەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عیراقدا كە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی (٢٠١٥)ی عیراق كرا، حەنان فەتلاوی و عالیە نصیف و چەند پەرلەمانتارێكی دیكەی دەوڵەتی یاسا و نزیك لەنوری مالكی بەپلانێكی پێشوەختەوە پەلاماری رێككەوتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدایاندا و حكومەتی هەرێمیان تۆمەتباركرد كە بڕی (٣٦) ملیار دۆلار قەرزاری بەغدایە و نابێ حكومەتی فیدرالی لێی خۆش بێت !..

ئەمەش لەچوارچێوەی بەرنامەی ئەو گروپە دێت كە چاویان بە كورد و هەرێمی كوردستان هەڵنایەت و هەموو دەرفەتێك دەقۆزنەوە تا دژی كورد قسە بكەن و وەك بارگرانی و میوانێكی رەزاقورسی عیراق وێنای بكەن. بۆیە بەندە بەتوندی وەڵامی ئەو دەنگە نەشازانەم دایەوە و باسم لەوە كرد كە رێككەوتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا بەڵگەی ئەوەیە كە حكومەتی تازەی عیراق هەنگاو بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عیراق دەنێ، بەڵام كەسانێك هەن دەیانەوێ شكست بەو رێككەوتنە بهێنن بۆئەوەی ئەم حكومەتە تازەیەش وەك حكومەتەكەی پێشوو شكستخواردوو بێت، دواتر هەرگیز حكومەتی هەرێم قەرزار نیە، بەڵكو قەرزی لای حكومەتی فیدراڵیە و ئەمەش لەراپۆرتی وەزیرری دارایی عیراقدا جێگیركراوە و خۆی لەبەردەم ئەندامانی پەرلەماندا دانی پیێدانا..

پاشان لەو كەسانە دەپرسم ئەرێ بەشە بودجەی ساڵی (٢٠١٤)ی هەرێم كوانێ كە بە بڕیارێكی تاكەكەسیی بڕدرا ؟....دواتریش كۆمەڵێ سەرنج و تێبینیم لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی (٢٠١٥) خستەڕوو كە پەیوەنداربوون بە بەشە بودجەی هەرێم و مەستەحەقاتەكانی دیكەی كورد..

بێگومان ئێمەی نوێنەرانی كورد پێشوەخت لەوە ئاگاداربووین كە ئەو گروپە نەخشەی دژایەتیكردنی هەرێم و رێككەوتنەكەی لەگەڵ بەغدایان هەیە و دەیانەوێ بەهەموو شێوەیەك ناشیرین و نابووتی بكەن، ئەمەش تەنیا لەرقی هەرێم نا بەڵكو بۆ ئیحراجكردنی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادیشە كە لەسەر داروپەردووی حكومەتە شكستخواردووەكەی مالیكی دروستكرا و ئێستا لەهەوڵی چارەسەركردنی میراتێكی قەبەی كێشە و قەرانەكانیەتی كە لەهەموو بوار و سێكتەرەكاندا لەدوای خۆی بەجێیهێشتووە. كێشەگەلێك كە رۆژبەڕۆژ مالیكیەكان ئیحراجتر و پەراوێزخراوتر دەكات و دەریدەخەن كە مالكی پیاوی دەوڵەت نەبووە، بەڵكو تەنیا پیاوی خوڵقاندنی قەیران و كێشە بووە.



08/01/2015



وتارەکانی تری نوسەر