تکایە ئیحراجمان مەکەن

کاوه‌ محه‌مه‌د
لەوەتەی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (٢٠١٥)گەیشتۆتە پەرلەمانی عیراق، بەرژەوەندیی پێکهاتەکانی عیراق رۆژانە بەریەکدەکەون و هەندێجار بەتوندیش بەگژ یەکدادەچنەوە. ئێمەی کورد بەشێکی بەرچاوی مافەکانمان لەو رێککەوتنەدا جێگیرکرا کە لە (٢٠١٤/١٢/٢)دا بەغدا و هەولێر پێی گەیشتن، بۆیە بۆ کورد و حکومەتەکەی د.حەیدەر عەبادی-ش پێویست و گرنگە کە بڕگەکانی ئەو رێککەوتنە لەناو پرۆژە یاسای بودجەدا جێی بکرێتەوە و هەردوولا پێوەی پابەند بین. بەڵام ئێستا دەنگە دژەکانی ئەو رێککەوتنە کە زیاتر خۆیان لەناو لیستی دەوڵەتی یاسا (نزیکەکانی نوری مالکی)دا دەبیننەوە، هەموو هەوڵەکانی خۆیان چڕکردۆتەوە بۆئەوەی نەهێڵن پەیوەندییە نەوتییەکە (وەک بڕیاری لێ دراوە) لەناو پرۆژە یاسای بودجەدا جێگیر بکرێ و سەرەنجام رێککەوتنەکەش شکستبهێنێت. ئەمەش تەنیا لەدژی کورد و هەرێم نا، بەڵکو بەقەدەر ئەوەش بۆ دژایەتی و ئیحراکردنی حکومەتەکەی د،حەیدەر عەبادییە کە بەهیوان نەتوانێت لەکار و بەرنامەکانیدا سەرکەوتوو بێت.

لێرەدا جێی خۆیەتی بەڕوون و ڕاشکاوی ئەوە بڵێین کە (بەداخەوە) هەندێ ئاماژە و لێدوان هەن لەهەرێمەوە دەدرێن، رێک ئاو لە ئاشی ئەو دەنگە دژە کوردیانە دەکەن و دەبنە کارت و پاساوی بەهێزی دەستیان بۆ پەیداکردنی پشتیوانی بۆ بۆچوونەکانیان، یەکەمیان ئەو زانیاریانەن کە رۆژانە دەگەنە بەغدا و کاربەدەستانی حکومەتی فیدرالی، کە بڕی ئەو نەوتەی تەسلیمی کۆمپانیای (سۆمۆ) دەکرێت، نەک هەر زۆر لەوە کەمترە کە رێککەوتنی لەسەر کراوە (٢٥٠ هەزاری هەرێم و ٣٠٠ هەزاری کەرکوک)، بەڵکو زۆر لەوەش کەمترە کە گەیشتۆتە بەنداوی جیهان، دووەمیشیان ئەو لێدوانە ناسیاسی و ناوردانەن کە ناوە ناوە لەلایەن هەندێ پەرپرسی هەرێمەوە دەدرێن و (بە شەفافیەتەوە) باس لەبەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم دەکەن و هیچ حسابێک بۆ ئەوە ناکەن کە ئەم ژمارانە لەلایەن نەیارانی رێککەوتنەکەی (بەغدا و هەولێر)ەوە دەقۆزرێنەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی فرۆشتنی تەوای نەوتی هەرێم لەرێگەی بەغداوە..

بۆیە لەم کاتە هەستیارەدا ناهەقییەکی گەورەیە بەرامبەر مافەکانی کورد دەکرێت کە هەنگاوی ناسییانە لەلایەن هەندێ ناوەند و بەرپرس لەهەرێم دەنرێن بێ ئەوەی تابلۆ عیراقییەکە بە تەواوی و وەک خۆی ببینن و بخوێننەوە..سەرەنجام ئێمە و کورد و هەرێمیش ئیحراج و دەمکورت دەکەن و زمانی دژەکانمان درێژتر و زاڵتر دەکەن. تکایە ئیتر واز لەم یارییە بهێنن و چیتر ئیحراجمان مەکەن.

26/01/2015



وتارەکانی تری نوسەر