دەسەڵاتێکی نابەرپرسیار..حکومەتێکی بێباک

کاوه‌ محه‌مه‌د

ساڵێک زیاترە داوا لەدەسەڵاتدارانی هەرێم دەکەین بەپێی یاسای بودجەی ساڵی (٢٠١٩) نەوت تەسلیمی بەغدا بکەن، لیستی مووچەخۆران و پێشمەرگە بنێرن، پێیاندەڵێین مەرج نیە تاسەر بەغدا ئەو پارەیە بنێرێت، دەبێ حیسابی بەرزی و نزمی نرخی نەوت بکەن و چیتر بێباک نەبن...هیچیان نەکرد.

 

(عادل عبدالمهدی) کە عەرابی رێککەوتنە نەوتییەکانی بەغدا و هەرێمە و گوێی بەگوشارەکان نەدا و بەردەوام و مانگانە پارەی مووچەی هەرێمی ناردووە، بڕیاربەدەستانی هەرێم ئەویشیان ئیحراجکرد، دواتر زۆر بەدرەنگەوە کاتێک لەگەڵ بەغدا رێککەوتنێکی فشۆڵییان کرد کە (عادل عبدالمهدی) و حکومەتەکەی دەستلەکارکێشاوەبوون، بەهۆی خۆپیشاندانەکانیشەوە، دۆخەکەی لەوپەڕی دژواریدا بوو و هەرچی بڕیار و رێککەوتن و گرێبەستێکی لەو ماوەیەدا کردبێت، کەوتوونەتە ژێر هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەوە، کەچی ئێستا، کە نرخی نەوت هاڕەی کردووە، ئەو دەسەڵاتدارە شکستخواردووانە دەیانەوێ بەغدا بەوە رازی بکەن کە (٢٥٠ هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە تەسلیم بکەن، لەبەرامبەردا هەموو مانگێک بەغدا نزیکەی تریلیۆنێک دینار، وەک بەشەبودجەی هەرێم، بنێرێت، ئەمە رێک دەبێ پێیانبوترێت؛ ”ئەوەی ئێستا دەیکەن بە کچێنی بتانکردایە، ئەوەی بە کچێنیش کردتان، دەبوو ئێستا بیکەن“.

 

 

بێگومان ئەو بێباکییەی حکومەتی هەرێم، لەگەڵ دابەزینی زۆری نرخی نەوت، وایکرد گوشارەکانی بەغدا، چ وەک لایەنی سیاسی و چ وەک پەرلەمانتاران، زیاتر و بەهێزتربن بۆ رێگریکردن لەناردنی مووچەی هەرێم و دەیانەوێ لەرێگەی شکاتکردن لەوەزیری دارایی-ەوە ئەو پرسە پێشبخەن و هەوڵ و هەنگاوی دیکەیش بۆ هەمان مەبەست لەئارادایە، کەچی لایەنە سیاسییە پۆستخواز و پارەخۆرەکانی هەرێم، وا ئێستا لەمیانی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتەکەی (مستەفا کازمی)دا، داواکاری هەرە لەپێشیان ئەوەیە کە وەزیری دارایی لەشوێنی خۆی دابنرێتەوە و پشکی خۆیان لەوەزارەتەکان زامنکەن، ژێربەژێریش خەریکی لێدانی هەموو دەرگاکانن، هەر زووش. تەنانەت پێش راسپاردنیشی بۆ پێکهێنانی کابینەی تازە، سەرۆکی هەرێم و دواتریش زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم پشتیوانیان لەکازمیەک کرد کە کەس نازانێ چی بۆ کورد لەهەگبەدایە.

 

 

ئێمە دەزانین و دڵنیاین کە دەسەڵاتدارانی هەرێم هەرگیز باکیان بە ژیان و مووچەی خەڵک نەبووە و نیە، بۆیەش لەسەر سباسەتی بێباکی و لەدەستدانی دەرفەتەکان بەردەوامن و دیسانەوە مووچەی خەڵکیان خستەوە بەردەم هەڕەشەوە، بەڵام ئێمە، ئەو پەرلەمانتارانەی دەمێکە ئەم دەسەڵاتە نابەرپرسیارەی هەرێممان ناسیوە و قسە و رەخنەی جدیمان بەارامبەری هەبووە، هەموو هەوڵێک دەدەین کە مووچەی خەڵک بەپێی یاسای بودجە، نەبڕدرێ و جارێکی دیکە خەڵکی هەرێم باجی سیاسەتە شکستخواردووەکانی حکومەتی هەێم نەدەن. ئەمەش ئەرکی سەرشانی خۆمانە، ئەرکێک کە دوور و نزیک لەگەڵ سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێم تێکناکاتەوە.



25/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر