كوردی حەیشەری

لەتیف فاتیح
هەرچیم كرد ناونیشانێكی ئەوتۆم بۆ ڕایەكی عوسمان ئۆچئالان نەدۆزیەوە ، كە لای وایە ئەگەر پەیەدە پابەندی رێكەوتنەكانی هەولێرو دهۆك بوایە ، رۆژئاوا بەم رۆژە نەدەگەیشت ، جا ئەوە ڕۆژنامەیەك ئەوەی كردبووە مانشێت ، ئەم عوسمان ئۆچئالانە یان زۆربێئاگایە لە دنیاو سیاسەت ، یان ڕۆڵی تەكسی تەلەفون دەبینێ‌ ، ئاخر كوڕی باش خۆتیش باوەڕت بەو قسەیە هەیە ، تەنانەت دەڵێ‌ پەكەكە دژی سەربەخۆیی كوردستانە ، ئەگەر پەكەكە نەبوایە تۆ ئێستا هیچ نەبویت، بۆ ئەوەی پەیەدەش ئەمە وەك ئەوەوایە بڵێی مادام پەیەدە پابەند نەبوو ئەوە توركیاو سەرپەرشتیارانی رێكەوتنەكانی هەولێرو دهۆك ئاوا تۆڵە دەكەنەوە ، ئاخر ئەمە كوردی حەیشەری نەبێت چیە ؟
كوردی حەیشەری خۆی بچێتە بەغدا كوردایەتیەو بۆ كوردە ، خەڵكی تر بچێت خیانەتە ، لە كاتێكا خۆی بچێتە هەر پایتەختێ‌ هەموو شتێك دادەنێت و هیچیش ناهێنێتەوە ، كەچی ئەوی ئەو كوردایەتی و سەروەریە ، هی خەڵكی تر شیعە گەرایی و نۆكەری.
كوردی حەیشەری نەوتی كوردستان دەدزێت و بەدەسكەوتی دەزانێت و تۆمەتی ئەوە بۆ خەڵكی تر دروست دەكات هەوڵی فرۆشتنی نەوت ئەدات ، بۆ وەزیرێكی گەندەڵ و چەوت و چێڵ هەڕەشەی دنیا دەكات و بۆ كوشتنی سەدان كەس لە ڕۆژئاواو باكور مێشێ‌ میوانی نیە ، خۆی بچێتە ئێران كوردایەتیەو خەڵكی تر بچێت سەفەوی بوونە .
كوردی حەیشەری هێنانی دەبابە بۆ سەر پارلەمانی كوردستان لە 31ی ئاب بە شانازی دەزانێت و ئەمە گرێئەدات بە ڕوداوێكی ترەوە كە ئێران كردویەتی وەك ئەوەی بڵێ‌ شەرمەزاری بە شەرمەزاری ، لە كاتێكا لای بارزانی ئەو شانازیە بوونی نیەو خۆزگە دەخوازێ‌ ئەو ڕۆژە لە مێژودا بسڕایەتەوە .
بەس كوردی حەیشەری ڕاستەقینە ئەو كوردەیە بەیانی دوای ئەو هەموو ستەمكاری و نادادیە دەچێتە سەر سندوفی دەنگدان و دەنگ بە دزی و گەندەڵی و نادادی دەداتەوە .
ئاخر عوسمان ئۆچئالان ئەگەر تۆ برای عەبدوڵا ئۆچئالان نەبیت و ئەگەر بە بۆنەی ئەوەوە ناوت نەكەوێتە ناوانەوە چۆلەكە گۆشتت چی و گۆشتاوت چی .


02/09/2016



وتارەکانی تری نوسەر