هۆری هۆری

لەتیف فاتیح
ئەوە چەند ساڵێكە هەرچی نەشیا بەوانە دەكرا كە دەیانگوت  دەكرێ‌ بە تەواوەتی دەرگای بەغدا پێوە نەدرێ‌ ، ئەوان ئامێزی ئەردۆغانیان لابووبووبە كابەو پێیان وابوو خۆری دەوڵەتی كوردی لە ئەنكەرەوە هەڵدێ‌ ، كەسێكیش جیاوازی گوتبا پێیان دەگوت شیعە گەراو سەفەوی و ئێرانی و هتد .
چونی یەكێتی و گۆڕان  بۆ بەغدا وەك كفرتەماشا دەكراو هەندێك ڕووقایم گومانی زۆر ناشرینیان دەخستە سەر قسەو دانیشتنەكانی ئاڵا تاڵەبانی و سروە عەبدلواحێد كاتێ‌ باسی هەڵوێست یان قسەیەكی عەبادیان دەكرد ، ئەو عەبادیەی وەفدە حزبیەكەی هەرێم زۆر بە دەمیەوە پێخەنین ،كاتێك نێچیروان بارزانی بە سەرۆكایەتی وەفدێكی حزبی چووە بە غدا بۆ پرسی هۆشیار زێباری ، ئەو دەم وتیان ئەوە وەفدی حكومەتە ، ئێستا بڕو بیانوو بۆ چونی وەفدەكە بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی دێننەوە ، سەیرێكی ناوەكان بكەن ، لە وەفدەكەدا كۆسرەت ڕەسوڵ هەیە ، ئەو پیاوەی جێگی سەرۆكی هەرێم بووە و زۆر كەم  هێشتویانە ئەو ڕۆڵە ببینێ‌ ، هەروەها جارێكیان لە خاڵێكی پشكنینی پارتی رێگریان لێكرد بچێتە هەولێرەوە ، ئاخر كۆسرەت رەسوڵ لە سەردەمێكدا سومبلی هەولێریەكان و هەر خۆیشی یەكەمین كەس بوو لە راپەڕیندا چووەشارەكەی خۆیەوە ، ئەوی تر مەلابەختیارە ، میدیای فەڕمی پارتی دەیان جار ناووناتۆرەیان بۆ دروستكردووە هەر لە بەر ئەوەی ئەو دیدێكی جیاوازی هەبووە بۆ بەغداو شیعە ، مامۆستا سەلاحەدین بە هادین ، ئەویش جارێك بە پەلە پڕوزێ‌ لە هەولێر دوریان خستەوە ، جگە لەوەی لەلایەن پارتیەوە ئازاری زۆر دراوە، ئەمە لە ڕابردودا بۆ محەمەدی حاجی مەحمودیش ڕاستە .
بە باوەڕی من چوون بۆ بەغدا بۆ ئەوەی داوای بودجەو موچەی خەڵكی كوردستان بكرێ‌ هیچ عەیبێكی تیانیە ، عەیبەكە لە داوای خورمشایە ئەویش بۆ كورد نا بۆ حزب ، بە هیوای ئەوەی بارزانی و وەفدە هاوڕێكەی سەركەوتوو بن لە " وەرگرتنی مافەكانی هەڵەبجە لە پارێزگا بوون ، مافی ئەنفالكراوەكان و مادەی 140و چارەسەركردنی كێشەی كەركوك وپرسی بودجەو موچە ، لانی كەم بەغدا بۆ بارزانی و وەفدەكەی هاوڕێی لە ئەنكەرە باشترە ، دیارە بەغداش داوای دەركردنی پەكەكە ناكات وەك ئەوەی ئەردۆغان و ئاكەپە دەیكەن .
بۆ كورد ، بۆ كوردی باشورو كوردی هەرچوار پارچەی كوردستان ماڵی شەهیدێكی ئەم نیشتمانە لە بەغداو تاران و ئەنقەرەو دیمەشق پیرۆزترە ، با هەمان وەفدی بەغدا لە گەڕانەوەدا ماڵی شەهیدێكی نیشتمان یان مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ و هەڵەبجە بكەنە مەكۆی كۆبونەوەو ئاشتبوونەوەی یەكجاری ، دەكرێت یەكجار لە بری عێراقی بون وتوركیای بوون و ئێرانی بوون و سوری بوون كوردستانی بین .
هەر نا بۆ ئەوەی هەر چەند ساڵ جارێ‌ هۆری هۆری نەچینەوە سەر بەڕەشڕی ئەو وڵاتانە . 

 
 


29/09/2016



وتارەکانی تری نوسەر