ئەو ڕستەیەی سەرەوە ، ڕستەی بە برپرسی راگەیاندن , رۆشنبیری سەرۆكی حكومەتی هەرێمە بۆ ئەوانەی ڕەخنە لە پرش و بڵاوی، پارچە پارچەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەگرن ، گەلۆ ئەو برادەرە كە خۆی خاوەنی دایكە لەبەرانبەر ڕەخنەیەكی دروستا ، ڕەخنەیەك كە نیشتماپەروەری لێدەچۆڕێ ، بەو شێوەیە پەلاماری دایكانی نیشتمان دەدات ، ئەو دایكانەی گیانبازو پێشمەرگەو گەریلاو شەڕ وانیان پێگەیاندوە ، تۆ بڵێی دوای ئەو ڕستە ناشرینەش نە سەرۆكی حكومەت نەبەرپرسی راگەیاندنەكەی داوای لێبوردن لە دایكانی نیشتمان نەكەن .
ئەرگوشی كە خۆی دایكی هەیە ، كە دایكی وەك هەر دایكێكی ئەم نیشتمانە، ئازارو دەردی زۆری بینیوە ، بەو جۆرە پەلاماری رەخنەگرانێكی دڵسۆز دەدات ، كە داوا دەكەن هێزی پێشمەرگە رێكبخرێتەوە ، یەكبخرێتەوە بە نیشتمانی بكرێت ، ئەمە داوای مەسعود بارزانی و یەكێتی نیشتمانی و سەرجەم حزب و لایەنەكانی دیكەشە ، دەیان جار ئەمەمان گوێ لێبووە ، دواتر گلەیی كردن بۆ باشتر كردن شایانی ئەو هەموو جنێوە پیسەیە بە كێش بە دایك ، من كە خۆم زۆر جار دایك و خوشكم لە سەر ڕەخنەی من بەر جنێوی پیسی هەندێ كەس كەوتون ، لە و جەهلی وەڵامە تێدەگەم ، ئەمە ئیتر ئیفلاسی زیاتر هیچی تر نیە .
ئاخر ئەگەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بری ئەوەی هێزی حزب ، هێزی نیشتمان بێت و بەس ، بە بڕیاری حزب نەجوڵێتەوەو پەلامار نەداو ڕێ لە پارلەمانتار نەگرێ ، لە سەر بیرو باوەڕی سیاسی خەڵك نان بڕاو نەكات ، كێ رەخنە دەگرێت ، ئەوەتەی كورد هەیە خەون بە هێزی نیشتمانیەوە دەبینێ ئەو برادەرە پێناچێ شیعرەكانی خانی و نالی و شێخ رەزاو حاجی قادرو ئەوانی تری لەو بارەیەوە خوێندبێتەوە ، دواتر ئێستا هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە لایەن میدیا حزبیەكانەوە ، ڕۆژانە لە هێزی دوو حزبەكەش بچوكتر نیشاندەدرێن ، بە ڕادەی ئەوەی لیواو سوپاكان بە ناوی خەڵكەوە ناو دەبرێن ، لیوای تایبەتی فڵان و هێزی تایبەتی فیسارو هەتا دوای ، ئەو برادەرە لەبری ئەوەی بە سەرۆكی حكومەتی گوتبا لە گەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بڕیارێ دەربكەن بۆ نەهێشتنی ئەو بە میلیشیای كردنە ، هات پەلاماری دایكی ئەوانەی دا كە ڕەخنەیان هەیە ، ئەو دایكانەی جەرگیان سوتاوەو ڕۆڵەیان بە نیشتمان بەخشیوە .
بە عەدنان عوسمانم وت بە ناوی خۆت و كەمال و منەوە وتارێكی لەم جۆرە بنووسە ، لێ خۆیشم نەمتوانی داكۆكی لەو دایكانە نەكەم ، كە ئەرگوشی بە قەحپەیان ناو دەبات .