دەوڵەت و خەنجەری ژاراوی

لەتیف فاتیح
ئێستا ئیتر منیش گەیشتمە ئەو باوەڕەی دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان و رێكخەرە گشتیەكەی سزا بدرێن ، دەی بە پێی قسەی هێمن هەورامی  سیاسەتكاری ئێستاو ئایندە ، ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان نەبا لە مانگە 10 واتە مانگی 10ی 2016 بارزانی دەوڵەتەكەی ڕادەگەیاند ، بەڵام گۆڕان بۆ ماوەیەكی دور ئەوەی دوا خست ، گوێم لە چەندین دیدارو چاوپێكەوتنی هێمن هەورامی بووە و بە رێكەوتیش كتێبێكیم خوێندوەتەوە ، هەر بەڕاست لام وابوو ئەو پیاوە پیاوێكی سیاسی و رامیار كارە ، لێ‌ ئەو بۆ چوونەسەیرەی  كە بۆ كەناڵی واری دەربڕیوە منی خستە گومانێكی قوڵەوە ، تۆ بڵێی هەورامی بیەوێت بەو قسانە وا لە بینەرانی وار بگەیەنێ‌ كە گۆران هۆكاری یەكەم و كۆتای ئەم بارو دۆخەیە ، تۆ بڵێی هێشتا خەڵكانێك هەبن باوەڕ بەو جۆرە لێدوانانە بكەن .
لە 25 ساڵی رابردودا 25 مانگی 10 هەبوو ، ئەوەبۆ بارزانی هیچ جارێكیان دەوڵەتەكەی ڕانەگەیاند، دەی ئەوەش نا ئەرێ‌ هێمن هەورامی پێمان ناڵێ‌ ئەو دەوڵەتەبەچی رادەگەیەنن، لە كاتێكا حكومەتەكەی نێچیروان بارزانی بەڕاست یان بە درۆ باس لە 29 ترلیۆن دیناری قەرز دەكات و ئاشتی هەورامیش كە هاوزێدی كاك هێمنە دەڵێت بەرمیلی نەوت ببێتە 100 دۆلاریش لەو قەیرانە رزگارمان نابێت ، ئا توركیای دۆستی لە بەر دڵانی پارتیش بەردەوام باس یەكپارچەی خاكی عێراق دەكات ، بێ‌ ئەوەی هێمن هەورامی وەڵامی بداتەوە ، خۆ ئەگەر ئێستا نەوشیروان مستەفا یان هێرۆی برایم ئەحمەد باسی یەكپارچەی خاكی عێراقیان كردبا دەست و پێوەندەكەی هەورامی تەپڵیان بۆ دەكوتان .
دۆستێكی ڕۆژنامەنووسی پارتیم هەیە ، گازندەی ئەوەی لێكردم ، گوایە من وەڵامی مالكیم نەداوەتەوە لەسەر دوا قسەی ئەوەی گوایە تەنێ‌ بارزانی و حزبەكەی سنوری كوردستان دەكێشن و ئەوانی تر نا ،بە بڕوای من دوژمنەكەشم ئازادە لەوەی چۆن لە بارەی منەوە قسە دەكات ، ئیدی پێویست بە هەڵچون و ئەوانە ناكات دواتر قسەی مالكی كە هەزار جارمان لەسەر نووسیوە تاكوێ‌ بڕ دەكات ، دەی با هەمان شت بە هێمن هەورامی بڵێین كە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانە ، ئەرێ‌ ئەوە بۆ بەیاننامەیەك لەسەر ئەردۆگان و یەڵدرم و چاوشئۆغڵو دەرناكەیت و پێیان ناڵێیت شەكرتان شكاند، شتێك نیە ناوی یەكپارچەی خاكی عێراق بێت .
من بڕوام وایە گۆڕان لە وانی تر زیاتر لە خەمی دەوڵەتی كوردیدایە ، ئەمەش لە ڕوانگەی دیدو بۆچونەكانی نەوشیروان مستەفاو كارەكتەرەكانی دیكەیەوە ، لە گەڵ ئەوەشدا رەخنەو تێبینی زۆرم لەسەرسیاسەتی گۆڕان هەیە ، بەڵام ئەوەی لەمپەربووە تا ئێستا لەبەردەك چونەپێشەوەی كوردی باشور، سیاسەتە هەڵەو پڕ كێماسیەكانی حزبەكەی هەورامی و حزبە هاوپەیمانە ستراتیژیە ستەملێكراوەكەی بووە لە لایەن خودی پارتیەوە ، شەڕی ناوخۆ ، دزی و گەندەڵی ، نادادی ، نەبونی ڕونكاری ، نەبونی ئازادی وەك پێویست و دیموكراسی ، دروستكردنی مافیایەكی مشەخۆری هەترەش بەر ، ئەمانە لەمپەری سەرەكی بوونە لەبەردەم هەنگاوەكانی كوردی باشورا ، هەرئەمانەش خەنجەرە ژەهراویەكەی هەورامین نەك بزوتنەوەی گۆڕان .




 
 




01/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر