جەنتڵمانەكانی كوردو مارا –ساد

لەتیف فاتیح
سەعات 5و نیوی ئێوارەی شەممە 5ی نۆڤەمبەر واتە سێ‌ رۆژ پێش ئەوەی كەسێكی تر بچێتە سەر كورسی سەرۆكایەتی لە ئەمەریكاو كش ئۆباما كات ، سەیری شانۆیی مارا- سادم كرد ، ئەو شانۆییەی پیتەر ڤایس نوسیویەتی و باسی زیاتر لە200 ساڵی پێش ئێستای فەڕەنسا دەكات ، باسی باستیل و مەقسەلەو شۆڕش و ئەو توڕەهات و هەرایانەی ئێستاش ئێمە پێمان وایە دەبێ‌ پێیان بگوترێ‌ شۆڕش ، قسە لەسەر ئەو هەرایانە دەكات كە بە ناوی شۆڕشەوە ، بە ناوی سبەینێی باشترەوە كوڕو كچەكان دەهاڕێ‌ ، بە تەنێ‌ لە سەر ئەوەی جوتیارو وەرزێرەكان جۆرێكی تر بیردەكەنەوە ، بە شێوازێكی دیكە سەیری خودا و سروشت دەكەن ، دەبێت سەریان لە لەشیان جیاكرێتەوە ، وەك چۆن لای خۆمان وتیان نابێ‌ سۆران و سەردەشت و كاوەو وەدات بە شێوەیەكی تر سەیری ژیان بكەن ، من لێرەدا نامەوێ‌ باسی شانۆییەكەتان بۆ بكەم و لە بەهای ئەو دەرهێنانە جوان و دانسقەیەی هیوا فایەق كەمكەمەوە ، یان لەو سینۆگرافیا سادەو جوانە ، یان لە تین و تاوی 19 كیژو كوڕی ئەم وڵاتە كە چەند جوان نمایش دەكەن و دەیانەوێ‌  ڕێگەكە بۆ ئێمە رۆشنبكەنەوە ، خۆ ڕەنگە ئەگەر وەك چاوێكی ڕەخنەگرانەش سەیری كارەكە بكەم یەك دوو سەرنج و تێبینیم هەبێت ، لانی كەم لەو ڕوەوەی سی ساڵ زیاترە سەیری كاری شانۆیی دەكەم و نزیكەی 20 ساڵیشە جار جارە خۆم دەقێك دەنوسم باش یان خراپ .

ئەوەی لێرەدا دەمەوێ‌ قسەی لەسەر بكەم ، بانگكردنی سەركردەكانی یەكێتی و پارتی و گۆڕان و لایەنە ئیسلامیەكانە بۆ ئەوەی بچن ، ئەو شانۆییە ببینن، بانگردنی هەموویانە ، ئەوانەی بە ناوی شۆڕشەوە قوربانیان بە كەسانێك داو لە بیر چوونەوە ، ئەوانەی بە ناوی ئاینەوە بوونە پارێزەری خوداو لە بری خۆشەویستی بۆ خودا زیاتر بكەن خەڵكیان هاندا بۆ گەڕان بە دوی هێزی شەیتانا ، ئەوانەی لە شەڕی ناوخۆدا براكانیان كرد بە گژیەكترا ، دەمەوێ‌ بانگی هەموویان بكەم بۆ ئەوەی لە ئێوارەیەكدا دوو كاتژمێر لە ژیانی خۆیان تەرخان بكەن بۆ بینینی مارا-ساد.

بڕۆن سەیری ئەو شانۆییە بكەن و بزانن چ دۆزەخێكتان بە ناوی ئایندەی باشترەوە بۆ ئێمە دروستكردووە ، بڕۆن كەمێك گوێ‌ لە دوا پەیامی كۆتایی هیوا فایەق بگرن ، پەیامی كۆتای مارا-ساد كە ئازاری 220 ساڵ لەمەوبەری مرۆڤایەتی دەبەستێتەوە بە ئێستاوە ، ئێستای 2016ی چیرۆك و یادەوەریە پڕ لە باق و بریقەكانی شۆڕش و درۆكانی بردنی ئێمەبەرەو كەناری ئارام .

دوو سەعاتی خۆتان لە راكردن بە دوای سەروەت و سامان و نەوت و كۆمپانیاو فێڵ لەیەكتر كردن و چاڵ بۆ گەل هەڵكەندن لادەنە لاوەو بڕۆن سەیری مارا –سادو ژیان و قسەو بەڵێن و رابردوی خۆتان بكەن ، دوو سەعات تەرخان بكەن بۆ ژیان و بڕۆن مارا –ساد ببینن.




 
 


07/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر