گەر مام ئێستاكە ساغ بوایە

لەتیف فاتیح
چەندین جار ڕەخنەی زۆر توندم لە مام جەلال گرتوە، بیرمە جارێكیان زۆر توند قسەم كرد ، پێم ووت تۆ نەهەنگ و ئەژدیهات دروست كردووە ، خەڵكانێك بە هیچ تێر ناخۆن ، بونە بە بەڵاو نەهامەتی بۆ ئەم میللەتە ، گوتم لە شەستەكان ستەم لە تۆو هاوڕێكانت كراوە ئێستا تۆ هەمان ستەم لە نەوشیروان مستەفاو هاوڕێكانی دەكەیت كە كوروكەسی خۆتن ، زۆرم گوت ، دوای قسەكان پێی گوتم دوانوكتە چیە لە سەر من كە بیستوتە ، من ووتم من چی دەڵێم و تۆ باسی چی دەكەیت ، كەچی بە پێكەنینەوە دوانوكتەی لە سەر خۆی گێڕایەوە ، كاتێ‌ كۆبونەوەكە تەواو بوو كۆسرەت ڕەسوڵ دەست خۆشی لێكردم و گوتی یەك دوو رۆژی تر وەرە دەچینە لای چی هەیەو نیە بیڵێ‌ ، ئاخر من گوتبوم هەندێ‌ شت هی ئەوە نیە بۆ میدیای باس بكەیت ، تاڵەبانی چارەی نەدا بە یەكا، گرژنەبوو ، وەك ئەوەی ئێستا قوبادی كوڕی لە رەخنە توڕەیە .
شەوی هەینی 26-8 ئەو هاووڵاتیەی لە ئەسینا بە هۆی سوتانی خێمەكەیانەوە  خانەوادەكەی سوتا بوو ، كوڕێكی گیانی لە دەست دابوو هاوسەرەكەیشی لەگەڵ كوڕێكی تریا لە نەخۆشخانە بوو ، بۆ ڕوداو قسەی دەكرد ، ئاگری لە هەناوم بەرداو بە كوڵ گریاندمی ، گوتم تۆ بڵێی ئێستا قوباد تاڵەبانی ئەو كوڕە ببینێ‌ كە خەڵكی سلێمانیەو پێشمەرگە بووە ، دەست لە كار نەكێشێتەوە ، من لەوە بوومەتەوە نێچیرڤان بارزانی ئەو فرمێسكانە بیجوڵێنێ‌ ، ئەو كوشتنی سەردەشت ، وەدات ، كاوە ، سۆران ، عەبدولستار ، دكتۆر هۆشیار نەیبزواند ، چی دەیبزوێنێ‌ ، خوا بكەم قوبادیش وانەبێت .
ئێستا ئەگەر لە نێو ئەم هەموو نەهامەتی و قەیران و گەندەڵیەدا مام جەلال ساغ بوایە ، جگە لەوەی ئومێدی بە هەمووان دەبەخشی ، تەنانەت سواڵیشی بۆ خەڵكەكە ، بۆ مامۆستا ، بۆ پێشمەرگە ، بۆ فەرمانبەر دەكرد ، مام لە پێناوی خەڵكدا قوربانی زۆری دەدا ، ئەمە ناكاتە ئەوەی تا ئێستاش رەخنەی زۆرم لێی نەبێت ، بەڵام ئەو لە پێناوی ئاشتیدا بەتەنێ‌ چووە سەریڕەش ،  بۆ قوتی خەڵكیش ئێستا ساغ بوایە دڵنیام دەستە وەستان ناوەستا .
ئەو هەمیشە خەڵكی لە بیر بوو جارێكیان پرسیاری دوو نوسەری كەركوكی لێكردم ، كە هەم زۆر بە تەمەن بوون هەم كەسیان یەكێتی نەبوون ، پێی ووتم بە فڵان كەس دەڵێم ناو بە ناو هاوكاریان بكات ، من لام وابوو هەرگیز ئەو نوسەرانەی نەبینیوە !!


28/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر