داكۆكی لە نەجمەدین كەریم ناكەم ، بەڵام

لەتیف فاتیح
نەجمەدین كەریم كە مام جەلال بۆ دوو كار هێنایەوە ، یەكەم بكرێتە پارێزگاری كەركوك ، دووەم بیكاتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ، لە سەرەتای بوونە پارێزگاریدا رۆژێك پێی وتین یەك دوو ساڵ سەبرم لێبكەن ، دواتر چی دەڵێن بڵێن ، هەڵبەت هەر لەسەرەتاوە ڕوبەڕووی پەلامارو تیرو توانجی ناهەق و بەتەنیشت ئەوەشەوە رەخنەی زۆر بوەوە ، ئەمە پێشتر دەرهەق بە عەبدولڕەحمان مستەفاش كرابوو ، لە كاتێكا لە قۆناغێكی ناسك و هەستیارا عەبدولرەحمان مستەفا پارێزگاری كەركوك بوو.
هەموو جار مام جەلال دەیگوت كێشەی كەركوك وەك نەشتەرگەری مێشكە ، من دەمگوت دەی بۆیە دكتۆرێكی مێشكی بۆ هێناوەتەوە ، نەجمەدین كەریم پارێزگاری پارێزگایەكە ، حكومەتی عێراق بە هی خۆی دەزانێ‌ ، شیعە بە هی خۆی دەزانێ‌ ، سونە شەڕی لەسەر دەكات ، داعش دەیەوێت وێرانی بكات ، پارتی بە هی خۆی دەزانێ‌ و نەوتەكەی دەبات ، یەكێتی بە هی خۆی دەزانێ‌ و نەوتەكەی دەبات ، توركمان بە هی خۆی دەزانێ‌ و پێی دەڵێ " توركان ئیلی " توركیا بە سیاسەتی یەك دەدەین سێ‌ وەردەگرین مامەڵەی لە تەكا دەكات ، واتە كەركوك دەداتە كورد لەبەرانبەردا هەمووكورد دەخاتە خزمەتی خۆیەوە .
نەجمەدین كەریم پارێزگاری پارێزگایەكە ، نیوەی بە دەست داعشەوەیە ، لە هەندێ‌ شوێن حەشدی شەعبی لێقوت بۆتەوە ، نیوەی بەدەست پێشمەرگەوەیە ، لە گەڵ ئەوەشدا دوای 10 ساڵ هێشتا مادەی 140 كە مادەیەكی پڕ كەم و كوڕیە جێبەجێ‌ نەكراوە ، لەم بارودۆخەدا نەجمەدین كەریم چی بكات ؟
من بۆخۆم وەك رۆژنامەنووس و چاودێرێ‌ بەردەوام رەخنەی خۆم لە نەجمەدین كەریم و ئیدارەی شار گرتوەو نەمشاردوەتەوە ، لێ‌ لەمپەرو بەربەستەكانیشم بینیوە ، كەركوك بە دەست ئەو هەموو خاوەنە ناخاوەنەوە بووە بە پۆڕی خوراو ، زۆربەشیان ئەوەندەی مرخیان لە نەوتەكەی خۆشكردوە ، ئەوەندە لە خەمی خەڵكەكەیدا نین ، كەركوك لیپە لە عەنتەرو هەر كاكەو خۆی بە كوێخا دەزانێ‌ و كەسی تر نا ، لە شارێكی ئاوادا كە نەوتەكەی دەبرێ‌ ، كە پارەی نەوتەكەی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارو گوندەكان بە كار ناهێنرێ‌ ، كە یەكێتی و پارتی لەبری چەك و چۆڵی فەرماندەیی دیجلەو سوپای عێراق بۆ داكۆكی لە كەركوك و رزگار كردنی حەویجە بەكار بێنن ، كەس نازانێ‌ چی لێدەكەن نەجمەدین كەریم یان هەركەسێكی تر دەتوانێ‌ چی بكات ؟.
من دەزانم گەندەڵی و دزی و ڕاوەڕوت هەیە ، دەزانم لە سایەی كەركوكدا زۆرێك بوونە حوت و نەهەنگ و دۆزەخ و بەردەوام دەڵێن " هل من مزید" بەڵام كێ‌ دەتوانێ‌ لە ئازارەكانی ئەم شارە بگات ، كێ‌ دەتوانێ‌ خەمەكانی خەڵكی شار بخوێنێتەوە ، كێشەكە زۆر لەوە قوڵترە .
بۆچی حەویجە رزگار كردنی دواكەوت ، ئایە ئەوە بەتەنێ‌ نەجمەدین كەریم دەیتوانی بڕیاری لێبدات ، ئایە پێشمەرگە دەیتوانی بڕوات حەویجە ڕزگار بكات ، ئایە پارتی و یەكێتی رێكبوون لەسەر ئەوەی بەشداری شەڕی ئازادی حەویجە بكەن ، ئایە حكومەتی عێراقی ئەوەی دەكرد ، بابەتەكە زۆر لەوە ئاڵۆز ترە بیدەینە پاڵ نەجمەدین كەریم یان هەركەسێكی تر ، خۆ هەندێك زۆر زوو باسی واز هێنانیان لە حەویجە دەكرد ، ئەوە بۆئێستا شینی حەسەن و حوسێنی بۆ دەكەن ، هەرچەند وازهێنان و دابڕان و جیاكردنەوەش هەر وا ئاسان نیە .
من نامەوێ‌ داكۆكی لە نەجمەدین كەریم بكەم ، ئەویش پێویستی بە داكۆكی من نیەو خۆی دەتوانێ‌ وەڵام بداتەوە ، وەك چۆن كاتی خۆی وەڵامی زۆركەس و لایەنی داوەتەوە ، بەڵام تێكەڵكردنی بابەتەكە بەو رادەیەی چارەسەر ی هەموو گرفت و كێشەكان لای نەجمەدین كەریمەو ئەو عەسای سیحلا هەیە بۆ چارەسەرو نایكات قسەیەكی نالۆژیكی و نا ئاوەزیانەیە، كێشەی كەركوك زۆر لەوە ئەستەم ترە كە زۆر جار ئێمەومانان قسەی لە بارەوە دەكەین ،هەرچەند من بڕوام وایە دەكرێ‌ هەنگاو هەنگاو زۆربەی كێشەكان بەرەو كۆتاو چارەسەر ببرێن .



17/01/2017



وتارەکانی تری نوسەر