لەو رۆژەوەی مام جەلال لە گۆڕەپانی سیاسی دوركەوتوەتەوە، كەشتی یەكێتی بێ كاپتن بە دەك شەپۆلەكانەوە یاری دەكات و جارو باریش وەك گەڵای دار لێی هەڵدەوەرێ و هاوپەیمانە ستراتیژیەكەشی هەرجارەی خەڵكێكی لێ دەڕفێنێ ، یەكێتی بە دەست كۆمەڵێ مەكتەب سیاسی بێبڕیارەوە ، بووە بە حزبێك كە ئێستا ناتوانێ تەنانەت خۆیشی ساغ كاتەوە سەنگەری كوێیە ، بیانوشی بۆ ئەم خۆ ساغنەكردنەوەیە ، پاراستنی بارو دۆخی هەرێمە كە وانیە ، لە سای ئەو خۆساغنەكردنەوەیەدا ئەمڕۆ خەریكە یەكێتی هیچی بە دەستەوە نامێنێ ، جەماوەرەكەی یان توڕەو بێزارە یان پشتی تێكردوە ، هەر كە تروسكەیەك یان كەمێك جیاوازی و یاخی بون دەبینێ شاگەشكە دەبێت ، بۆیە جەماوەرەكەی یەكێتی لە ئێستادا بە دووی فریاد ڕەسدا دەگەڕێ ، فریاد ڕەسێك لە و نەخۆشی و پەتایە رزگاری بكات ، لەسەریشەوە بەشێكی سەركردایەتی و مەكتەب سیاسیەكانی لەبەر بەرژەوەندی و شەراكەتی نەوت و پۆست و پلە پشتیان كردوەتە حزبەكەو جەماوەرەكەو لە خەمی خۆیان د كورسیەكانیاندان ، ئەگەر ئەوەش راست بێت كە خاڵی لاوازیان بە دەستی حزبی ترەوەیە ئیدی بە تەواوەتی ئیرادەو توانای ئەم حزبە دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە .
جارێ ترس لە خاڵی لاواز عەیبەو كێماسیەكی گەورەیە ، چونكە ئەوانەی ئەوە دەكەنە بەهانەی لێدان خۆیان زۆر زەریف نین ئیدی ئەم ترسە بۆ ، دەی خۆ ئەگەر واش نەبێ ئەو بابەتە كەوتوەتە سەر زاران ئیدی شەرمی چی ، سەبارەت بەوەش كە هەر مەكتەب سیاسیەك و فەوج و لیواو هێزی سەربازی خۆی هەیە ئەمە نەلەگەڵ مێژووی ئەو حزبەدا دێتەوە نەلەگەڵ فەلسەفەی سۆسیال دیموكراتا كە یەكێتی شانازی پێوە دەكات ، وەستان لەو ناوەڕاستەش بە هەر بیانوویەك راكردنە لە چارەسەر ، ئەمڕۆ پارتی لەسەری سەرەوە بەشێكی زۆر لە سیاسەت و بەرنامەكانی خۆی بە یەكێتی جێبەجێ دەكات و دەیەوێ یەكێتی لە پەل و پۆ بخات ، بۆ ئەمەش هەموو رێگایەك دەگرێتە بەرتەنانەت ئەگەر پێویست بكات هێزی دەرەكیش دێنێ ، ئێستاپرسی دەوڵەت و سەربەخۆیشی خستوەتە سەر زاری سەرانی یەكێتی و خۆیشی بڕوای پێ نیە و جارجارە عەلی عەونی ناوێك یان یەكێكی هاوشێوە دەكاتە عەرابی.
یەكێتی نیشتمانی بە بێ هۆ یان بۆ بەرژەوەندی چەند كەسێك كە ئێستا ئیتر پێویستیان بە پارە نیە خەریكە تەواوی ئەم سنورە وردو خاش دەكات و وەك ئەوەوایە لە گەڵ پارتیدا رێكەوتبن تۆڵەی ئەوە لەو خەڵكە بكەنەوە كە دەنگیان بە گۆڕان دا یان دوا ی نەوشیروان مستەفا كەوتن ، ئەمڕۆ لە دەرەوەی رێكەوتنی ستراتیژی پارتی چی بووێت بە یەكێتی دەكات و لە یەكێتیشدا كەس بە كەس نیەو هەر چەند كەسێكن ئاشەكە دەگێڕن بێ ئەوەی گوێ لە خوارەوە یان لانی كەم سەركردایەتیەكەیان بگرن ، ئەم دۆخە هەر لە گەڵ خۆیدا یەكێتی بەرەو هەڵدێر نابات تەنانەت ئەم ناوچەیەو ڕەنگە كوردستانیش بەرەو هەڵدێر بەرێت ، بۆیە لە ئێستادا لە هەر كات زیاتر یەكێتی پێویستە بگەڕێتەوە سەر ئەو ڕاستە ڕێیەی كە دەیەوێ لە كوێدا بێت ، لەو ناوەڕاستەدا كە پێچەوانەی سیاسەتەكانی مامە یان لە ئامێزی ئەو عیشقە ژەهراویەدا كە میدیای پارتی هەرجارەی لە گەڵ یەكێكیان دەیكات وەك دواوتاری مامەڵە كردنی جیاواز لە تەك ماڵباتی تاڵەبانی و برایم ئەحمەدا ، لە لایەك برایم ئەحمەد و شانازو هەڵۆ دەكوتێ لە لایەكی دیكەشەوە بە شان و باڵی قوبادو دایكیا هەڵئەدا ، یان چۆن جارێك پەلاماری كۆسرەت ڕەسوڵ دەدات و جارێكیش پێیدا هەڵدەڵێ ، یان هەر میم سینێكی تر .
یەكێتی دەبێت بڕیار بدات لە تەك شیرینی نەوت و خواردنی كێكی دەسەڵاتایە بەم هەموو ستەمكاری و گەندەڵی و نادادیەوە ، یان لە گەڵ خەڵكایە ، لێرەدا مەسەلە پارتی و گۆڕان نیە ، ببَێتە شەریكی پارتی یان شەریكی گۆڕان ، مەسەلە گەڕانەوەیە بۆ خانووە قوڕەكان ئەوەی لە هەڵبژاردنەكاندا بیرمان دەخەنەوە و دوای تەڵفیسیشیان پێ نایات یەكێتی پێویستە خۆی لەم دوو فاقیە دەرباز كات و خۆی ساغ كاتەوە ئیدی كەس ئەوە بە پوڵێ ناكڕێ لە بەر بەرژەوەندی خەڵك ، چونكە ئەوەتا خەڵك تارو مار كرا .
بۆ یەكێتی یان هەر هێزێكی تر وەستان لەو شوێنە ئەگەر بە شێوەیەكی كاتیش سودی هەبێت ، دواجار زیانی گەورەی دەبێت ، هەڵبەت ئەو توندو تیژیەش كە ڕەنگە لە داهاتوودا لەم ناوچەیە ڕووبدات ، بەرپرسی یەكەم تێیدا یەكێتیە چونكە دەمێكە میدیای پارتی مژدەی تێكچوونی ئەم ناوچەیە بە خەڵكی هەولێرو دهۆك دەدات و ئیشی بۆ دەكات ، بەردەوامیش دەڵێ هۆی دواكەوتنی ئەم ناوچەیە لە ئەستۆی دەسەڵاتی ئێرەیە ، دەی دیارە مەبەستی چیە !.