ئاپۆ و نەوشیروان مستەفا

لەتیف فاتیح
1
لە 25 ساڵی رابردودا نەوشیروان مستەفاو عەبدوڵا ئۆچئالان ، دوو كارەكتەری هەرە دیارو بەناوبانگی نێو كایەی سیاسی كوردین ، كە ناتوانرێ‌ بە هیچ شێوەیەك نادیدە بكرێن ،من 25 ساڵم وەرگرت بۆ هەڵوەستە لەسەر كردنیان ، دەنا ئاپۆلانی كەم لە نیوەی دوەمی هەفتاكانی سەدەی بیستەم و ، نەوشیروان مستەفاش چەند ساڵێك پێش ئەو مێژووە دەستیان پێكردووە ، هەردووكیان دوو سیاسی لە سەر پێی خۆوەستاوی كوردن ، كە پێویستیان بە بنەماڵەو خێڵ و پێش خۆیان نەبووە، بۆ ئەوەی ببنە دیاردە ، هەردووكیان بەردەوام لە بەردەم هەڕەشەو پەلاماری ئەوانەدا بوونە، كە نەیانتوانیوە بگەنە ئاستیان ، ئەوە جگە لەوەی دوژمنانی كوردیش تەڵەو داویان بۆ ناونەتەوە ، ئاپۆ وەك كەسی یەكەمی پەكەكە لەو 25 ساڵەدا كەمن دامناوە 19 ساڵی لە زیندانی توركا بووە و بە گەلە كۆمەیەكی نێو دەوڵەتیش گیراوە ، لێ‌ رۆڵ و كاریگەری لە باكوری كوردستان و ، پارچەكانی دیكەی كوردستان و توركیا زۆر بە ڕوونی دیارەو تا ئێستاش بڕیار بەدەستی یەكەم لە باكوری كوردستان بۆ ئاشتی و بۆ شەڕ جگە لەو كەسی تر نیەو بە مانای وشە كاریزمایە .
نەوشیروان مستەفا لە ماوەی ئەم 25 ساڵەدا بەردەوام دیدێكی جیاوازی هەبووە بۆ حوكمڕانی لە باشوری كوردستان و بۆ یەك ساتیش لەتەك ئەو برابەشیە ناقۆڵایەدا نەبووە ، كە لە ڕابردودا كراوە ، جگە لەوەی بەردەوام لە ناو حزبەكەی پێشوی خۆیی و لە دەرەوەی حزبیشدا بەردەوام دژی گەندەڵی و نادادی بووە ، لەكەمتر لە 10 ساڵی ڕابردودا بزوتنەوەی گۆڕانی دروستكرد، بە بێئەوەی كاریگەری و سێبەری لە سەر حزبەكەی پێشووشی نەمێنێ‌ ، لە پێشترو لەو ماوەیەدا هەوڵی زۆر درا بۆ شكاندن و تیرۆری كەسایەتیەكەی، بەڵام نەتوانرا ، نەك نەتوانرا بگرە رۆژبە ڕۆژ كاریگەریەكەی زیاتر بوو.
2
هەردووكیان وەك دوو نوسەری دیار و دوو شارەزای بواری كۆمەڵناسی كوردی وبە ئاگای دیرۆك دەیان كتێبی جۆراو جۆریان نووسیوە ، ئاپۆ لە19 ساڵی نێو زینداندا كۆمەڵێك كتێبی گرنگی لەسەر شارستانیەت و دیموكراتی و دۆزی كوردو مۆدێرنێتەی دیموكراتی نووسیوە و نوسینەكانی بوونەتە جێ‌ سەرنجی لێكۆڵەرو سیاسی و بیر مەندانی دنیا ، پیاوێك زیندانە تاكە كەسیەكەی خۆی كردوەتە فێرگەیەكی گەورەو لەو دیو شیشەكانی زیندانەوە وانە بۆ ملیۆنەهاكەس دەڵێتەوە .
نەوشیروان مستەفاش لە سەرەتاوە تا ئێستا لە بواری كۆمەڵی كوردەواری ، ئەدەب ، سیاسەت ، مێژوی رۆژنامەوانی و مێژوی حزبەكانی باشوری كوردستان بە گشتی و یەكێتی بە تایبەتی ، دەیان لێكۆڵینەوەو كتێبی گرنگی نووسیوەو پەی بە هەندێ‌ ناڕۆشنی نێو مێژوی كورد بردووە ، كە تا كاتی ئەو كەسی تر پەی پێنەبردووە ، كتێبەكانی سەردەمی قەڵەم و موڕاجەعات و كوردو عەجەم  لە كتێبە بایەخدارەكانی ئەون .
3
نەبونی ئەوان لە گۆڕەپانەكەدا هیچ لە كاریگەریان كەم ناكاتەوە ، تەنانەت نەیارەكانیشیان و ئەوانەش كە زۆر رقیان لێیانە ناتوانن ئەو هێزی ئامادەبوونەیان نادیدە بكەن ، ئاپۆ لە 19 ساڵی رابردودا كە لە زینداندا بووە ، لە نێو هەموو خۆپیشاندانەكانی باكوردا بوونی هەبووە ، لە دڵی هەموو گەریلایەكدا هەبووە ، لە هەموو دانیشتنەكانی پرۆسەی ئاشتی كورد-تورك دا رۆڵ و نەخشی دیاری هەبووە ، نەوشیروان مستەفا لێرە بووبێت یان لە دەرەوە ، دابڕاو بووبێت لە ناوەندەكە یان لە چەقی ناوەندەكەدا بووبێ‌ ، بێ‌ ئەو نەتوانراوە هیچ هەنگاوێكی ئەو تۆ بنرێ‌ ، پیاوێكی پشوودرێژو بەردەوام بووە ، هەر جارێ‌ دوركەوتوەتەوە ، مەبەستێكی هەبووە و هەرجارێك دەركەوتوەتەوە سوپرایزێكی پێ‌ بووە ، ئەم دوو پیاوە لە 25 ساڵی رابردودا سەرەڕای دژایەتی كردن ، سەرەڕای هەوڵی سڕینەوەیان ، سەرەڕای بەكارهێنانی ماكینەی گەورەی میدیایی لە دژیان هێشتا دوو ناوی دیارو درەوشاوەی سیاسەتی كوردین .
4
هەڵبەت هەردوكیان لە رەخنە بەدەر نین ، هەردوكیان مرۆڤن ، دەشێ‌ كێماسی و كەم و كوڕیشیان هەبێت ، بەڵام لە تەرازودا تای ئەرێنیان قورسەو تای نەرێنی دەبا بەحەوادا ، كورد نەیتوانیووە سود لە تواناكانیان وەربگرێ‌ ، خەتای كوردە یان خۆیان ئەوەیان نازانم 


24/02/2017



وتارەکانی تری نوسەر