ئاكەپەو ریفراندۆمی كوردستان

لەتیف فاتیح


ئەگەر ئاكەپە لە پشت هەمووئەم یاریەوە بێت كە لە كوردستان دەگوزەرێ‌ ، كەواتە پڕۆژەی یەك دەدەین سێ‌ وەردەگرین جێبەجێ‌ دەكات ، كە پڕۆژەی سەردەمی ئۆزالە ئەودەم باسی ئەوە دەكرا پشتگیری لە كوردانی باشور دەكەن بۆ ئازادكردنی كەركوك لە بەرانبەردا سلێمانی و هەولێرو دهۆك دەكەنە هی خۆیان ، ئێستا خەریكە پڕۆژەكە بە تەواوی دەگات، توركیا دەستی بەسەر هەولێرو دهۆكدا گرتوە، یان بابڵێین ئەوان هەولێرو دهۆك وەك دوو ویلایەتی خۆیان سەیر دەكەن و بارزانیش وەك والیەكی ئەو ناوچەیە دەبینن، میدیای پارتیش هەمان یاری لە گەڵ كەركوك دەكات و بە دكتۆر نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك دەڵێ‌ والی، كاتی خۆی بەرپرسی لقی كەركوكی پارتی و ئێستا كەناڵی روداو ،هەڵبەت لە رێی چەند كارەكتەری یەكێتیشەوە كاری بۆ ئەوە كرد سلێمانی كۆنترۆڵیكات تا ئێستا نەیتوانیوە وەك ئەوەی خۆی دەیەوێت ، ئەو بانگەشەی سەفەوی بوونی سلێمانی و ئەو شتانەش سیناریۆی ئاكەپەیە لە رێی میدیای كوردیەوە ، هەرچەند لە سلێمانی  كەسانی وەك ئیلنور چەڤیك و خەڵكی تری نارد تا لە ڕووی كۆمپانیاو شتی واوە شەریكایەتی هەندێ‌ كارەكتەری سیاسی یەكێتی بكەن بۆ چاندنی لایەنگری پڕۆژەكە ، ئەم پڕۆژەیە لە دوو سەرەوەسودی زۆری بۆ توركیا هەیە ، یەكەم : لە ڕووی ئابوریەوە دەستدەگرێ‌ بەسەر غازو نەوتی كوردستانداو كۆنترۆڵی دەكات ، دووەم : ئیتر هێزێكی كوردی گەورەی لە بەردەست دەبێت بۆ لێدانی پەكەكەو یەپەگە، ئەم هێزە بۆ ئاكەپە هەمان رۆڵی سوارەی حەمیدی دەبینێ‌ .
كێشەی گەورە لەم نێوەندەدا میللەتی كوردە لە باشوری كوردستان ، مییلەتێك یادەوەری كاڵەو زووهەموو شتێكی لە بیر دەچێتەوە ، ئەوەبۆیە پێیان دەگوترا ، "هەڵدەپەڕن چی دەكەن بكەن " ئەم میللەتە تەزویری دەنگی پێدەكەن لە هەڵبژاردنا ، شەڕی ناوخۆی پێدەكەن و دواتر دەڵێن شانۆیەك بوو ، برسی دەكەن ، موچەی دەبڕن ، نەوت و سامانەكەی دەدزن ، دواتر بە باسی سەربەخۆی و ریفراندۆم مەست و حەیرانی دەكەن ، دوژمن دێننە سەری ، دواتر دەڵێن ئێمە نەبوینایە گورگ دەیخواردن ، بۆ خۆیان بە هەزاران بۆشكە نەوت دەدزن و دەیان ملیار دۆلاریان حەپەلوش دەكەن ، كەچی دەنگی خەڵك لە بەرانبەر مەكسی ژنان و مەنجەڵی تیڤاڵ دەژمێرن ، ئاخر ئەگەر ئاستی بیركردنەوەی خەڵك بەرز بێت ، ئەگەر یادەوەری كاڵنەبێت ، ئەگەر یەكجار كە دەستی چزا بە ئاگرەكەدا رای گشتی دروست بكات ،ئەگەر بە پاشماوە فڕێدراوەكە رازی نەبێت ، هەرگیز ئەوە ڕوونادات كە ئاوا سوكایەتی بە میللەت بكرێ‌ ، ئێستا كێ‌ روسنەفت و حەیاچونەكەی داناغازی بیر ما ، ئێستا هەیە خۆی بۆ 25-9 هەڵگرتووە ، وادەزانێ‌ دوای ئەو مێژووە ئیدی كورد دەچێتە دیرۆكەوە ، بێ‌ ئاگا لەوەی كە ڕەنگە هەفتەیەك دوای ئەو مێژووە كورد بكرێت بە گژ یەكترداو ساڵانێكی تر گەڕی شەڕی ناوخۆبەڕێوە بچێت .
هەر بۆخۆی پێشخستنی ریفراندۆم بە ر لە هەڵبژاردن بۆ فریوی ئەو خەڵكەیە كە دیارە دەزانن بای چەندن ، ڕەنگە ئەمەش بكەنە بیانووی بڵێن ئەها سوكایەتی بە میللەت دەكات ، وەك بڵێی برسی كردن و گەندەڵی و نادادی و بە مێگەلكردن سوكایەتی گەورە نەبێت .
ئەگەر ئەم سیناریۆیە وەك ئەوەی كاری بۆ كراوە سەر بگرێ‌ دەبێ‌ لێخوڕین بۆ 100 ساڵی تر .


11/06/2017



وتارەکانی تری نوسەر