دەربارەی زمانی حكومەت

لەتیف فاتیح

جارێكیان سەرۆكی حكومەت " نێچیروان بارزانی " لە كۆبونەوەیەكی بچوكدا زۆر خراپ مامەڵەی لە گەڵ پەرلەمانتاران كرد ، كاتێ‌ ئەوان رەخنەیان لە سیاسەتی نەوتی هەبوو ، لەو دانیشتنەدا دكتۆر یوسف و شالیاری نەوتیش لەوێندەر بوون ، ئەوە سەرەتایەكی زۆر خراپ بوو لە چۆنێتی بە كار هێنانی زمان بەرانبەر نوێنەرانی گەل ، ئەمە رێك پێچەوانەی ئەو دانیشتنە بوو كە دكتۆر بەرهەم ساڵح وەك سەرۆكی حكومەت لە پەرلەمان بارودۆخی حوكمڕانی و ئاڕیشەكانی بۆ پەرلەمانتاران ڕووندەكردەوە ، ومانی حكومەت ، بە تایبەت زمانی كارەكتەرە سەرەكیەكانی حكومەت ، وەك سەرۆك و جێگرو شالیارەكان ، دەبێت هەمیشە زمانێك بێت ئاشتەوایی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئاینی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانە بپارێزێت ، دەبێت زمانی حوكمڕانی بێت بەو مانایەی حكومەت بەرپرسیاری یەكەمی ژیان و گوزەران و بارو دۆخی خەڵكە ، بۆ ئەمە پێویستە پەروەردەكاری دەرونزانی و شارەزای باری دەرونی هاوڵاتیان و دەسەڵات خولی تایبەت بۆ سەرۆكی حكومەت و جێگرو شالایارەكان بكەنەوە لە دوای دەستبەكار بوون ، واتە لە هەر بارو دۆخێكدا دەبێ‌ چۆن گفت و گۆ لە گەڵ هاوڵاتیان بكرێت ، ئەمە بابەتێكی زۆر گرنگە ناكرێ‌ نادیدە بكرێت ، لام وایە ئێمە تا ئێستا ئەم جۆرە خول و پەروەردانەمان نەبووە ، تەنانەت لە بواری ئەتەكێت و چۆن رۆیشتن و چۆن پێكەنین و چۆن تەوقە كردن و زۆر بابەتی تایبەتی دیكە .
گوێم لە قسەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت بوو كە لە چەمچەماڵ كردی ، قسەكان ئەوەی سەبارەت هەندێ‌ خەڵك بێناوهێنان كردی ئەوەندەی زادەی ئەو یەك دوو سەعاتەبوو ، ئەوەندە قسەی بە بەرنامەو ئامادەكراو نەبوو ، بە تایبەت لە بارو دۆخێكی وەك بارو دۆخی چەمچەماڵدا ،ئەم قسانە كە لێكدانەوەی ئاراستەكردنی دیاری كراوی بۆ كراو ، خەڵكانێك گومانی ئەوەیان كرد بەوان گوترابێت ، شێوازەكەی دوو گرفتی سەرەكی هەبوو :
یەكەم : بۆ كارمەندی پلە باڵای حكومەت شیاو نیە بە زمانێكی هەڕەشە ئامێزبێ‌ بۆنەیەكی پێویست قسەبكات ، واتە هیچ بۆنەیەك نەبوو بۆ ئەوەی ئەو قسانە بكرێت لە كاتێكا دەشێ‌ ئەو قسانە ببێتە هۆی گومان و دوو دڵی .
دووەم : ناكرێ‌ كارمەندی باڵای حكومەت ببێتە هۆی دروستكردنی بشێوی كۆمەڵایەتی و سیاسی ، بەو مانایەی جۆرێك لە بشێوی لە ئاكامی وتاری یان لێدوانێكی ئەوەوەدروست بێت .
هەروەها ناكرێ‌ سەرۆك یان جێگری سەرۆكی حكومەت هەندێك بابەتی زۆر تایبەت هەیە ، كە پێویستە دۆخی تایبەتی بدرێتێ‌ ، بگشتێنێ‌ ، هەڵبەت گشتاندن بەو جۆرە جگە لەوەی واتە وات لە ناو هاوڵاتیاندا دروست دەكات ، كە ئەمە كارێكی خراپە ، خەڵك و جەماوەریش دەكاتە دوو بەشەوە بەشێك دەشێ‌ ئەمەیان پێخۆش بێت و ئەوە بكەنە بیانویەك بۆ لێدانی دژبەرەكانیان ، بەشێكی دیكەش كە پێیان ناخۆش دەبێت و رەنگە كاردانەوەیان هەبێت وەك ئەوەی وەڵامی جێگری سەرۆكی حكومەت درایەوە .
لام وایە ئێستاش ئەركی جێگری سەرۆكی حكومەتە بابەتی وا دیبلۆماسیانەو لە رێی ئاوەزەوە چارەسەر بكات ، نەك رێی دادگا ، كە ئەسڵ ئەوەیە دەبێ‌ خەڵك و هاوڵاتی رێی دادگا لە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و شالیاران بگرن ، نەك ئەوان لە خەڵك .
من هیوادارم ئەم وتارە ماناو ناوەڕۆكەكەی بگاتە حكومەت و رۆڵدابنێ‌ لە سەر هەر هەست و كەوت و هەنگاوێكی كە حوكمڕانان دەینێن .
زۆر باشتریشە جێگری سەرۆكی حكومەت رێگە بە تەشەنەكردنی وەڵام و وەڵامكاری نەدات .


24/06/2017



وتارەکانی تری نوسەر