هاوبەشی و دژیەكیەكانی نەخێرو بەڵێ‌

لەتیف فاتیح
1
راگەیەنراوە كەی جیڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ، كە زیاتر لە راگەیەنراوی كۆی بزوتنەوەكە لە خوارەوە بۆ سەرەوە دەچێت، راگەیەنراوێكی لۆژیكی و ئاوەزیانەیە ، خاڵەكانیشی لە بەرژەوەندی گشتی دۆخی باشوری كوردستانن، بە تایبەت ئەو نیگەرانیانەی بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان هەیەتی ، كە رێی تێدەچێت بەم بارو دۆخەوە بە ریفراندۆم لە دەستیان بدەین ، یان بەلای كەمەوە لە چەندین شوێن زەرەری گەورە بكەین ، نامەوێ‌ دیسان باسی داتاو ژمارەكان بكەمەوە ئەمەم پێشتر نووسیوە ، پرسی دواخستنی  گشتپرسی لە ئێستادا لانی كەم بۆ ئەوەی كۆدەنگی لە سەر دروست بێت ، كارێكی ئاكاری و نیشتمانی و ژیرانەیە ، پێچەوانەی ئەوەیە كە هەندێك دەیانەوێت ، دەنگە نەخێرەكان تەخوین بكەن و بیانخەنە خانەی خائینانەوە ، لە كاتێكا خودی گشت پرسی لە سەر ئەو مەسەلەیە هەر دەبێت بەڵێ‌ و نەخێری تیا بێت و بڕیارەكەی بارزانیش بۆ كۆمیسیۆن ، بەڵێ‌ و نەخێریشی تیایە ، بۆیە هێنانە ناوەوەی تەخوین كردن ئەو پەڕی ناشیرینیە ، دواخستنی ریفراندۆم ئەگەر هەر بۆئەوەش بێت كە  جۆرێك لە مامەڵەی ئاكاری هەبێت لە گەڵ یەكترا ، ئەو پەڕی ئاكارە .
2
لە نێوان راگەیەنراوەكەی بزوتنەوەی گۆڕان و كەمپەینی نەخێر لە ئێستادا خاڵی هاوبەش، مەترسیەكان ، هۆیەكانی لە دەستدانی خاك ، بە شەخسی كردن و بە حزبی كردنی پرسی سەربەخۆیی ، ژیان و گوزەرانی خەڵك هەن ، ئەمانە دەكرێت گفت و گۆو قسەی  زۆرتریان لە سەر بكرێت ، نەك ئەوەی كەمپەینەكە بێ‌ هۆیەكی ڕوون میدیاو كەناڵی میدیایی بخاتە گەڕ بۆ لێدانی بزوتنەوەی گۆڕان و بە پێچەوانەشەوە ، هەندێك وتارو راپۆرت بڵاو دەبنەوە لێدانن لە خاڵە هاوبەشەكان و زیاتر وەك ئەوە دێنەبەرچاو كە جۆرێك لە دژیەكی هەبێت ، ئایە ئەمە لە خزمەت و بەرژەوەندی كێدایە؟ بۆ ئەوە دەبێت هەم كارەكتەرانی كەمپەینەكە هەم لایەنی بەرانبەر روونكردنەوەی زیاتر بدەن ، ئێ‌ خۆ ناكرێ‌ كەمپەینی نەخێر لە ئێستادا یەكەمین هێرشی بۆ سەر ئەو لایەنە بێت كە داوای دواخستنی ریفراندۆم دەكات بۆ كاتێكی گونجاو ، ئێ‌ خودی كەمپەینەكەش دەڵێت نەخێر لە ئێستادا ، كەواتە رەنگە كاتێكی تر نەخێر نەبێت ، دەی گەر ئاوایە دەبێت كەمپەینی نەخێر لە ئێستادا  بەڵگەو ئەرگۆمێنتی لۆژیكی پێ بێت بۆ كاتێكی تر ، پێویستە كەمپەینەكە بەراوردی ئەو بەڵگانەی خۆی بە خاڵەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بكات و هاوبەشی بدۆزێتەوە ، نەك یەكەمین پەلاماری بەرانبەر بزوتنەوەی گۆڕان بێت .
3
پارتی دیموكراتی كوردستان كە بە تەواوەتی یەكگرتوو یەكێتی دوای خۆی خستوەو دەنگە ناڕازیەكانی ئەو دوو حیزبە نەیانتوانیوە رای سەروی حزبەكانیان بگۆڕن ، ئەمەش بە بەرژەوەندی پارتی كۆتای هاتووە ، گەرچی هەردوو حزب لە رابردودا لە سەر دەستی پارتی ئازاری زۆر دراون ،قسە لە سەر ئەوەیە هەق نیە ئیدی پارتی كار بە سیاسەتی پەرتكەو زاڵبە بكات ، بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و دەنگە ناڕازیەكانی دیكەو كەمپەینی نا بۆ ریفراندۆم لە ئێستاداو دەنگە ناڕازیەكانی یەكێتی و یەكگرتوو ، دەبنە كۆسپ لە بەردەم بە دیهاتنی ئەو سیناریۆیەدا كە من گومان دەكەم پارتی ئەكتەری سەرەكی بێت و لە پشتیەوە توركیاو ئیسرائیل وەستابن ، یان خەڵكێك لە ناو توركیاو ئیسرائیلدا ، ئەمە بێ‌ ئەوەی توركیاو ئیسرائیل یەك تۆزقاڵ بڕوایان بە رەوایەتی پرسی كورد هەبێت ، لام وایە پارتی هێشتا مەترسیە گەورەكانی ئەم یاریە ناخوێنێتەوە ، بۆیە بە بڕوای من دواخستنی ریفراندۆم باشترین بژاردەیەو ، قسەی ئەوانەی ئێن ئاڕ تی بە شارەزا ناوی بردون ، گوایە دواخستنی ریفراندۆم خزمەتە بە پارتی ، لەو پەڕی نا ئاگایی سیاسیەوەیە ، من ئەوە دووەمین جارە بەرنامەی دوو جار بیر بكەرەوە لە رێی خاتونێكەوە داوای بەشداریم لێدەكەن ، جاری یەكەم هەر رازی نەبووم ، ئەم جارەش پاش تكای زۆر بە هەندێ‌ تێبینیەوە رازی بووم ، بەڵام لە دوا جاردا گوتیان رەنگە رێك نەكەوێت ، ئێستا لە نێوان هەموولایەنەكاندا دەبێت بە دووی هاوبەشیەكانەوە بین ، نەك ناكۆكیەكان ، ئەمە بۆ پارتی و گۆڕان و كۆمەڵیش هەروایە ، ئەگەر قسەیەكی جیاواز تر هەیە ئەوە ئەرزو ئەوە گەز .   


16/08/2017



وتارەکانی تری نوسەر