نماو چیاو گردەكە

لەتیف فاتیح
1
گەرمكردنەوەی هەواڵێكی كۆنتر بە شێوازی وروژاندن كاری هەر میدیایەك بێت كاری ئاوێنە نیە ، كە هەفتەنامەیەكی سەنگینەو كاری بە دواداچوون و گەیشتنە بەراستی ، لە گەڵ ئەوەشدا هەواڵەكە هیچ نەبێت رونكردنەوەكەی نماو چیای بە دوادا هات ، نەوشیروان مستەفا هەرگیز بە دوای سەروەت و سامانەوە نەبوو ، تا كوڕەكانی بكاتە میراتگریخۆی ، كاری دروست دوای رونكردنەوەكە لە لایەن نماو چیاوە ئەوەیە ئەوەشی بە پێی یاسا گوازراوەتەوە بۆ ئەوان ، خۆیان بیخەنە سەر ناوی بزوتنەوەی گۆڕان ، كە ئەوەیان كرد بواری منجە منج ناهێڵنەوە ، پرسیاری ئەوەش بكەن ، كێ‌ و بە چ مەبەستێ‌ لە ئێستادا ئەو بابەتەی خستوەتە رۆژەڤەوە ، ئەمە هەر كەس بێت دڵسۆزی نەوشیروان مستەفاو كوڕەكانی و بزوتنەوەی گۆڕان نیەو دوژمنیانە .
2
هەوڵ و پلانێك هەیە دوای جەژن كار بۆ لادانی دكتۆر نەجمەدین كەریم بكرێت ، بۆ ئەمە هەر حكومەتی عێراقی نا ، تەنانەت توركیاش لە سەر هێڵە ، نازانم سیناریۆكە چۆن تەواو دەبێت ، بەڵام لەو رۆژەوەی نەجمەدین كەریم بووە بە پارێزگای كەركوك بەردەوام كار بۆ خزاندنی دەكرێت ، بۆ ئەمە هەموو رێگەیەك گیراوەتە بەر ، بیرمە كاتی خۆی داكۆكیم لە بیرو بۆچونێكی كرد كە ئەوانی تر بە خیانەتیان دەزانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی خۆی بەوە دڵگران بوو كە گوایە من داكۆكی لێدەكەم ، حزبی بەرانبەریش لە میدیاكانەوە جنێویان پێدەدا ، هەرچۆنێكە كاری مرۆڤ ئەوەیە بە باش باش و بە خراپ خراپ بڵێت ، ئەو پەلە پڕوزێیەی لە كەركوك هەیە، هەرچیەك بێت مرۆڤ دەبێت مەترسیەكانیشی نیشانبدات .
3
نەكێشەی ئاڵا لە كەركوك دەبوو بگاتە مریشكە ڕەشە ، نە بڕیاری بەشداری لە ریفراندۆمی  25- 9 كەركوك كێڵگەی تاقیكردنەوە نیە ، هەر رۆژ بڕیارێكی بۆ دەربكرێت ، ئێستا كە كەركوك نەوتەكەی تاڵاندەكرێت ، هەقی خەڵكەكەیەتی لە سەر ئەو دزی و تاڵانە بێنە دەنگە ،نەك ئەوەی كاتی خۆی هەر لە بەر ئەوەی ملدانمان قەبوڵ نەبوو ویستیان بەردەم نوسینگەی پارلەمان بكەنە شوێنی كوشت و بڕ ، ئاخۆ ئەوانەی ئێستا شەرم نایانگرێت ، كە دەبینن ، نەوتەكەیان دەبرێت و ئازایەتی وتینیان نیە .
4
با خەڵكی خورماتوو جەلەولاو سەعدیەو قەرەتەپەو دەشتی نەینەوا" مەبەستم كوردەكەیە " دواتر ئەوانی تریش دڵنیا بن لەوەی پڕۆژەی مامەڵەیەك هەیە پێیانەوە ، وەك چۆن هەمان شت بە یەك ملیۆن كوردی فەیلیەوە هەیە ، گوایە فەیلیەكان دەنگیان بە كورد نەداوە ، وەك ئەوەی كورد بوون و ئینسانی بوون كورتكرابێتەوە لە دەنگدانا ، بەو حسابە بێت دەبێ‌ زۆربەی وڵاتان دەستبەرداری نیوەی هاوڵاتیەكانیان بن ، دەبێت ئەو مامەڵەكردنە ناڕوونە هەڵبوەشێتەوەو سیاسەتی سەرانی كوردی باشور دەرهەق بەوان ڕوون و ڕەوان بێت ، یان ئامانجێك هەیە بۆ دەستبەردار بوون لێیان .



31/08/2017



وتارەکانی تری نوسەر