بە گورگانخوارد دانی كەركوك

لەتیف فاتیح
جارێكیان بە دكتۆر نەجمەدین كەریمم وت ، باشە ئەگەر حكومەتی عێراق بودجەو موچەی كەركوكی بڕی چی دەبێت ، گوتی كاری واناكات زۆربەی موچە خۆرانی كەركوك توركمان و عەرەبن ، ئەوان ناكاتە دوژمنی خۆی ، ئەوە ئەو كاتە بوو كە باسی هەرێمی سەربەخۆی كەركوك دەكراو كادیرەكانی پارتی بە دكتۆر نەجمەدینیان دەگوت خائین و خۆفرۆش ، باشە گریمان حكومەتی عێراقی موچەی ئەوان نابڕێت و هی كوردەكە دەبڕێت ، ئێوە ئاگاتان لێیە چ كێشەیەكی كۆمەڵایەتی بۆ كەركوك و خەڵكەكەی بە ناوی سەربەخۆییەوە دروست دەكرێت ، كەس نەڵێت جا خۆ هەردەبێ‌ شەڕێك بكەین ، لە شەڕدا كوڕی ملیاردێرو سەركردەو بازرگانەكانی باشور تۆزاویش نابن بیرتان نەچێت ، مناڵی هەژار دەبنە قوربانی ، خۆ ئێمە خاوەنی ساڵح موسلیم نین تاكوڕەكەی لە پێش خەڵكی ترەوە شەهید بێت ، ئێستا كە بارزانی لە كەركوكە باشترین كاتە بۆ ئەوەی ریفراندۆم بۆ كاتێكی تر دوا بخات ، چونكە خۆی چاك دەزانێ‌ ئەم بەزمی ریفراندۆمە نەسەربەخۆیی پێوەیە ، نە هیچ سودێكی هەیە ، رۆژانی داهاتووش ئەوە باشتر ڕووندەكەنەوە ، من لە نهێنی ئەو یاریە ناگەم كە مەبەست لێی دۆڕاندنی كەركوكە ، ئەمەشم بە دكتۆر نەجمەدین گوتوە ، بەڵام لەوە ناچێت ئیدی ئەوان حەوسەڵەی گوێ‌ گرتنیان هەبێت ، كەركوكیەكان زۆر باش دەزانن ، لە بەردەم هەڕەشەیەكی مەترسیداران ، بەڵام نەك هەر كەركوكی تەنانەت خەڵكی هەرێمی كوردستانیش شای لۆغانی ریفراندۆم و حزبایەتی مەست و حەیرانی كردوون ، بۆیە لە بری ئەوەی بە ئاوەزەوە گوێ‌ بگرن و مەترسیەكان بخوێننەوە دەكەونە بەخشینەوەی جنێو ، حزب لە كوردستان لە هیچدا سەركەوتوو نەبووبێ‌ لەوەدا سەركەوتوبووە كە كادیری جنێو فرۆش پەروەردە كات .
بەری چەندین مانگ من وتارێكم لە سەر بێئاگای یەكێتی نووسی ، كێشە ئەوەیە ئێستا لە یەكێتیدا كێ‌ بڕیار دەدات ، ئەوەتا لەبەرانبەر ئەو پرش و بڵاویەدا مەكتەب سیاسی هەیە بە رۆژ زەردەو بە شەو سەوز ، هەر بەڕاستی هەڕەشە لە سەر كەركوكە، قسە لەسەر ئەوە نیە شەڕ دەبێت یان نا ، خەڵك دەكوژرێت یان نا ، قسە لە سەر دۆڕاندنە ، واز لەوە بێنە ئێستا لە دەورو بەری كەركوك چەتەكانی هادی عامری و قەیس خزعەلی و هاشم بونیان هەڕەشە دەكەن و باڵ ڕادەوەشێنن، بڕۆ سەر ئەسڵی بابەتەكە ئێمە " كورد " یاریكەرین یان یاریپێكراو ، ئەمە مەترسیەكەیە ، ئەگەر یاریكەرین ، بۆ بەیەكەوە نین ، بۆ پارلەمان بە ئارەزودوو ساڵ پەكدەخرێت ، بۆ ناتوانین دڵی دۆستەكانمان كەمەندكێشكەین ، ئەگەر یاری پێكراوین ، ئەم یاریە بۆ كێ‌ ؟!
ئاخر ئەم سور بوونە تاسەرە یان لە دوا ساتا بە چەند دەسكەوتێكی كەسی و حزبی بابەتە سەرەكیەكە دیزە بە دەرخۆنە دەكرێت ، وەك چۆن دەیانجاری دیكە كاری لەو شێوەیە كراوە !!


13/09/2017



وتارەکانی تری نوسەر