سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی كێیان خانە نشینە

لەتیف فاتیح
1
 تۆ بڕوانە چ سوكایەتیەك بە موچە خۆرو خانەنشینی ئەم وڵاتە دەكرێت ، تۆ سەیری سوكایەتی ئەو لیست و لیستكاری و بێنەوبەرەیەی نێوان بە غداو هەولێر بكە ، ئەو هەموو نوكتەیەتان بیستوە كە لەم ماوەیەدا لە سەر خانەنشین و فەرمانبەری كورد لێرەو لەوێ‌ باس دەكرێت ، ئەوە چ شەرمە زاریەكە بۆ حكومەت ، لەوە شەرمەزاری تر ئەوەیە پارلەمانتار لە سەر موچەو ئیمتیازاتی خۆی بێتە دەنگ و شەڕی بۆ بكات كەچی ئەو ببێتە وەكیلی نانبڕین و پشكنین ، ئاخر دەسەڵات و پارلەمانێك كە هەر لە بنەڕەتا هی ئەوە نەبوون ئەو خەڵكە بكەنە موچە خۆرو خانەنشین بۆ سەرو سمێڵی خەڵكیان تاشی و ئێستا ئاوێنە ئەدەنە دەستیەوە و دەیكەنە دەرۆزەكەری دەرگای عەبادی .
2
لە نێو خانەنشیناندا سەدان و هەزاران كەس هەیە بێ‌ ویستی خۆی ئەوەی پێكراوەو پێشیان گوتوە دەخرێتە سەر بەغدا ، بە چ هەقێك 15 بۆ 16 مانگ موچەكەی نادەیت و ئێستاش بێ‌ چاووڕوانە رازی دەبیت سوكایەتیان پێبكرێت و شیعرو شانامەیان لە سەر بنووسرێ‌ ، من نازانم سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی كێیان خانە نشینە ، لێ‌ دەزانم رۆژانە سوكایەتی گەورە بە خانەنشینان و خەڵكی ماندوی ئەم وڵاتە دەكرێت ، بە تایبەت ئەوانەی بە پلەی سەربازی خانە نشین كراون ،بیرتانە چ سوكایەتیەك بە چەند پێشكەشكارێك كرا ، لەم رۆژانە كە ناڵێكی عەرەبی سوكایەتی بە ناوی چەند خانمێكی كورد دەكرد گوایە تەمەنیان گەورەیەو بە پلەی سەربازی خانە نشین كراون ، سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی بۆ لە سەر ئەوە نەهاتنە دەنگ ، كێ‌ دەڵێت یەكێ‌ لەو خانمانە دایك یان پور، یان ئامۆژنی سەرۆكی حكومەت نیەو كاتی خۆی تا سۆڤیەت دوای بەرزانی نەكەوتوە ، ژنی كورد زۆر لەوە گەورە ترە بەو جۆرە سوكایەتی پێبكرێت ، دایكی من 15 ساڵ دێ‌ بە دێ‌ و شار بە شار بە دوای هاوسەرە پێشمەرگەكەیەوە بووە ، ئەمە بۆ هەموو ژنانی كورد راستە ، جا موچەیان هەبێت یان نا ، كە زۆربەی زۆریشیان نیانەو هەرگیز رێزیشیان لێنەنراوە مەگەر بە كوشتنی كوڕەكانیان لە شەڕی ناوخۆدا .
3
سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی با ئەوەندە ئەم وڵات و ئەو وڵات نەكەن ، لە بری ئەوە چارێكی دۆخی خانەنشینان و فەرمانبەرانی هەرێم بكەن ، كە دۆزەخێكیان بۆیان دروست كردووە و داوا لە عەبادی دەكەن دەریان بێنێت ، خەڵكی كوردستان هەقی موچەیان لای عەبادی نیە بەس سوك و سەلیمیان كەن، خەڵكی كوردستان موچەو هەقیان لای حكومەتی هەرێمە و كەسی تر نا ، ئیتر لیستی ناوەكانیشیان مەنێرن بۆ بەغدا با لە كەناڵەكانەوە سوكایەتیان پێنەكرێت .
4
ئاخر سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت ، ئێوە دەتانەوێت چی بكەن ، ئێمە 20 كەس فەرمانبەری حكومەتەكەی ئێوە بووین ، بە زۆر وەزیرێكی چەپ كە كوڕی پیاوێكی رۆشنبیرو ناسراوی كەركوك بوو، رەوانەی بەغدای كردین و وەرنەگیراین دوای شەش مانگ گەڕێنراینەوەسەر هەرێم و منیش لەو رۆژەوە دۆسیەی فەرمانبەریەكەم لای خۆمەو لە كار دور خرامەوە ، باشە ئەگەر دەرگایەكی تر نەبوایە من چیم بكردایە ، بابە سوكایەتی زیاترمان پێمەكەن با كۆشكە بلورینەكانتان وردو خاش نەكەین ئێمە هەقمان لای ئێوەیە نەك ئێوە لای ئێمە .


21/02/2018



وتارەکانی تری نوسەر