بۆچی لام وایە یەكێتی و گۆڕان دەبێ‌ تەبا بن

لەتیف فاتیح
تازە ماوەیەك بوو بزوتنەوەی گۆڕان دروست بووبوو ، فشارێكی زۆری لە سەر بوو ، لە بۆنەیەكدا پێشمەرگەیەكی  دێرین و لام وایە برینداریش بە كۆسرەت رەسوڵی ووت ، "ئێوە دەتانەوێ‌ چی لە من بكەن مێژوو رابردووم لە ناو یەكێتیدایەو دڵ و ویژدانم لە ناو گۆڕاندایە" ، ئەمە بۆ هەزاران كەس راستە ، تا ئێستاش سەرەڕای ئەو هەموو كەندو لەندە ، سەرەڕای دژایەتی یەكترو یەكشكاندن زۆر ئەستەمە ئەم دیرۆك و تێكەڵیە جیا بكرێتەوە ، لە دەرەوەی تەزویرو ساختەو تەققەو ئەو شتانە ، یەكێتی و گۆڕان جگە لە بوونی جەماوەرێك كەئەكەر هاوبەشیش نەبن ، زۆربەیان لە نێو خێزانەكاندا بەسەر هەردوولادا دابەش بوون و پێكەوە لە یەك ماڵدا دەژین ،تێكچوون و گرژ بوونی پەیوەندیەكە یەكسەر شۆڕ دەبێتەوە بۆ تێكچوونی پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكە ، كە هەڵبەت بە داخەوە ماوەیەكی زۆرە كاری لە سەر دەكرێت و هەوڵدەدرێت پەیوەندی نێوان یەكێتی و گۆڕان بگاتە ئاستێكی مەترسی دار .

 من بڕوام وایە سەرە ڕای توندوێژی هەندێ‌ جاری مام جەلال و نەوشیروان مستەفا ، ئەودوانە هەرگیز ئومێدی ئەوەیان نەبووە تەواوی تەواو پەیوەندیەكە هەڵبوەشێتەوە ، هەر بۆیە رێكەوتنی دەباشان بەر لە هەر كەس خەونی ئەوان بوو ، كار كردنیش بۆ هەڵوەشانەوەی رێكەوتنی دەباشان واتە شكاندنی خەونی ئەوان ، جا ئەوە بە تەققە كردن و ساختە بكرێت یان بە وتارو نووسین ،یەكێتی و گۆڕان زۆر گرنگە لیژنەی لێكۆڵینەوەو بە دواداچونیان هەبێت نەك عەرابی هەڵوەشانەوەی پەیوەندی .

لە بەرانبەر ئەو تەققانەدا كە لە بزوتنەوەی گۆڕان و گردەكە كراو بەر وێنەی نەوشیروان مستەفا كەوت كە ساڵانێكی زۆر سكرتێری كۆمەڵەی رەنجدەران و جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیش بوو دەبوو یەكێتی بە فەڕمی داوی بوردنیان بكردایەو نەیانهێشتایە خەڵك لەو گۆڕەی بەهۆی ئەو كارەوە تۆوی دوو بەرەكی بچێنێ‌ .
نەوشیروان مستەفا پڕۆژەیەكی گەورەی هەبوو بۆ چاكسازی بۆ ئەمەش بە لایەوە گرنگ بوو ئەگەر هەموو یەكێتیش نا ، بەڵام هەبن لە گەڵی بن ، راستی هەمان ئەم خەونەی بۆ ئەوانی تریش هەبوو ، هەر بۆیە لە نێو پارتیشدا دۆست و نزیكی هەبوو ، كە لام وایە جەوهەر نامیق دوای جێهێشتنی پارتی یەكێ‌ بوو لەوان ، وەك چۆن بۆ مامۆستا عەلی باپیرو خەڵكانی دیكەش هەر وابوو ، ئەو سەرە ڕای رەخنەو تێبینی خۆی ، سەرەڕای ئەوەی كە چاو پۆشی ناكرد ، بەڵام پەیوەندیشی ناپساند ، من شاهیدی پەیوەندی نێوان نەوشیروان مستەفاو نەجمەدین كەریمم ، هەرچەند بەردەوام رەخنەی هەبوو لە شێوازی كاركردنی نەجمەدین كەریم ، بەڵام دۆستیشی بوو ، دۆستی نزیك نەوشیروان مستەفا دەیویست زۆر ترین خەڵك لە دەوری پڕۆژەكەی كۆبكاتەوە ، بۆ پرسی چەكدارو هێزی چەكداریش ئەو خەونی ئەوە نەبوو هێزی چەكداری حزبی دروست بكات ، خەونی ئەوە بوو ئەو هێزەچەكدارەی هەیە بیكاتەسوپایەكی نیشتمانی مۆدێرنی دور لە دەست تێوەردانی حزب ، ئەو كەسەی پێچەوانەی ئەمەی لەو چاوەڕوان كردووە ، لە راستیدا دژی خەونەكانی ئەو پیاوەیە .

دەربارەی پەیوەندی یەكێتی و گۆڕانیش خەونی ئەو پتەوكردنی پەیوەندیەكە بوو نەك هەڵوەشانەوەی ، ئەگەر لە سەرەتای دروسبوونی بزوتنەوەكەشدا دڕدۆنگی و رق كاری خۆی كردبێت ، بەڵام لە كۆتایدا و بەر لەوە ی سەفەری كۆتای بكات دەیویست نیشتمانێكی ئارام دوای خۆی بە جێبهێڵێت ، هەندێك لەو دروشمانەی كە قسەی ئەون و لە گردەكە تا ئێستا هەڵواسراون ، باسی تەبایی و پێكەوەیی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەو یەكتر قەبوڵكردن دەكەن ، ئەو دروشمانە هەقیقەتی نەوشیروان مستەفان نەك شتێكی تر .

 هەر لەبەر ئەو هۆیانەشە لام وایە دەبێ‌ یەكێتی و گۆڕان تەباو رێك بن نەك ناتەباو ناڕێك .


25/05/2018



وتارەکانی تری نوسەر