نەوشیروان مستەفاو ڤیتۆ

لەتیف فاتیح
لە گردی زەرگەتە بەشێك لە وتەو بیرو ڕاكانی نەوشیروان مستەفا هەڵواسراوە، یەكێك لەو وتانە كە زۆر سەرنجی منی راكێشا ئەمەی خوارەوە بوو " ئێمە ڤیتۆمان لە سەر هیچ لایەنێك نیە ،پێمان وایە گفت و گۆ كردن لە نێوان دوولایەندا ،چەند ناكۆك بن لە گەڵ یەكتردا ، دەتوانن پێكەوە رێكبكەون ، رێكیش نەكەون ، بەڵام رێزی یەكتر بگرن ،زەمانی سڕینەوەی یەكتر تێپەڕیوە ، ئێستا زەمانی قبوڵكردنی یەكتریە " ئەمە قسەی من نیەو قسەی نەوشیروان مستەفایە ، ئەم قسەیە بۆ دوو گروپەو دەستەو تاقمە ، یەكەم بۆ هەموو لایەنە سیاسیەكانە كە بزوتنەوەی گۆڕان دەرگای لە سەر پشتە بۆیان و دەرگا بە ڕووی كەسدا داناخات و ڤیتۆی لەسەر كەس نیە ، دووەم بۆ ئەوانەی ناو گۆڕانە كەلایان وایە نابێت بە هیچ جۆرێ‌ دەستی تەوقەو پێكەوەیی درێژبكرێت بۆ لایەنگەلێك كە ئەوان هەر لە سەرەتاوە بڕیاریان داوە لە دژیان بن ، ئەمەپێچەوانەی بیرو بۆچوونی نەوشیروان مستەفایە ، نەوشیروان مستەفا لە ئاشتیدا ئاشتی و لە ململانێدا ململانێی كردووە و هەمیشە پەیڕەوی ئەو پەندەشی كردوە كە دەڵێت " شەڕیشتان كرد بەشی ئاشتی بهێڵنەوە " دەرگا داخستن بە ڕووی گفت و گۆدا ، نەهێشتنەوەی پەنجەرەیەك بۆ ئاشتی لە كوێی فەلسەفەو دنیا بینی نەوشیروان مستەفادایە ، كێ‌ وەڵامی ئەمەی پێیە ، بەڵام بە بەڵگە .

ئەو قسەیەی سەرەوەی نەوشیروان مستەفا كە لە گردەكە هەڵواسراوە ، ئەگەر ئێستا كەسێكی تر لە خانەی راپەڕاندن یان جیڤاتی نیشتمانی بیكات ، رەنگە ئەو گروپەی ناو گۆڕان كە هەمووشتێكیان پێ‌ ڕەشە پیایاندا هەڵكاڵێن ، لە كاتێكا بزوتنەوەی گۆڕان لە هەموو كاتێكا پێویستی بە پەیوەندی باش و دروستە لە تەك دەورو بەرەكەیدا ، پەیوەندی باش و دروست لانی كەم بۆ ئەوەی بەو رێگە نەرمەی كە نەوشیروان مستەفا كاری لە سەر كرد ئامانجەكان بێتە دی ،هەر بۆ ئەمەش خۆی سەردانی سەریڕەش و گردی دەباشانی دەكرد و لە تەك بارزانی و تاڵەبانیدا كۆدەبوەوە ، بۆ ئەو ئاشتی و كۆمەڵایەتی وئاشتی سیاسی زۆر مەبەست بوو لەو بارەیەوە دەیان وتەو قسەی هەیە ، تەنانەت ئەو دانیشتنەی كە لە كاتی خۆیدا لە گەڵ بزوتنەوەی كردوویەتی بەشی هەرە زۆری پشت قسەكان ئاشتی كۆمەڵایەتی و ئاشتی سیاسیە .

بزوتنەوەی گۆڕان لە دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا بە جۆرێك پێچەوانەی قسەی سەرەوەی ئەو پیاوە هەڵس و كەوت دەكات ، كە تەنانەت ڤیتۆ لەسەر ئەو هەڵسوڕاووكارەكتەرە سیاسیانەی خۆیشی دادەنێت كە قسەیەكی جیاواز تریان هەبێت ، ئەم بزوتنەوەیە هەندێك جار وەك بزوتنەوەی سیاسی فەیسبووك دێتە بەرچاو بەو ڕادەیەی ئاراستەی هەنگاو نان وەردەگرێت نەك دیاری بكات ، ئەمەش وادەكات بزوتنەوەكە لە پەیوەندی سیاسی و كۆمەلاچیەتیدا وەك بزوتنەوەیەكی یاخی نەرێنی بێتە بەرچاو ، ناكرێ‌ بزوتنەوەیەكی سیاسی ئاوا بجوڵێتەوە هەڵوێستی كەسێك لە نێو حزبێكدا بە هەڵوێستی حزبەكە بزانێ‌ و بیگشتێنێت .

 سیاسەت هونەرە ، هونەری دابەشكردنی سێوەكان بەسەر سەبەتەكاندا ، هونەری بە دەستەوە هاتن ، هونەری رامكردن و پێكەوەیی رەنگە دانیشتنەكەی دۆناڵد ترەمپ و كیم جۆنگ ئۆن باشترین نمونەبێت .


13/06/2018



وتارەکانی تری نوسەر