دەربارەی كەریم ئەحمەدو بەهادین نوری

لەتیف فاتیح
نە ئەوەندە شیرین ، نە ئەوەندەش تاڵ ، كۆمیسۆن بە بیانوی سەرو نەوەت ساڵ ، رێگری لە دوو كەسایەتی و كارەكتەری سیاسی كوردو عێراقی ، دوو كەسایەتی گەورە گرت بەشداری دەنگدان بكەن ، حزبی شیوعی كوردستان لە سەر مامۆستا كەریم ئەحمەد هاتە دەنگ و كەسیش باسی مامۆستا بەهادین نوری  نەكرد، بەم كارە كۆمیسیۆن حەیرانی كردین ، گەلۆ ئەوە چ ئاوەزێكە خۆیان دان بنێن بەوەدا كە سەدان ، بگرە هەزاران دەنگدەری مردومان هەس، لێ‌ رێگری لە زندوەكان بكرێت بۆ دەنگدان و بە زۆری زۆرداری بیانمرێنن ، كەریم ئەحمەد و بەهادین نوری دوو لە هەرە سیاسیە ماندوەكانی زیاتر لە نیو سەدەی رابردون ، چەند شەرم و ناشرینیە ئەوان بڕۆن دەنگبدەن و پێیان بگوترێت ئێوە تەمەنتان لە نەوەت ساڵ تێپەڕیوەو ناوتان نیە.

كۆمیسیۆن مافی دەنگدان لەو دوو كەسایەتیە دەسەنێتەوەو بە خەروار تەزویرو ساختە بەسەریدا تێدەپەڕێت ، نوكتەكە لێرەوە دەست پێدەكات ، بە مردوو نەڵێی چۆن دەنگت داو بە زندوو بڵێیت چۆن نەمردوی ، چەند رۆژ بەرلەم مەهزەلەیەش كە ئێمە ناوی هەڵبژاردنمان لێناوە بەهادین نوری ژمارەی سپاردن نەدرایە كتێبی بیرەوەریەكانی ، بە بیانوی ئەوەی قسەی توندی تیایە وەك ئەوەی بیرەوەری ئەوانی تر باخی گوڵ و گوڵزار بن ، بیرەوەری ئەوانی تر لیپە لە كوشت و بڕو خوێن ، دوای بیستنی هەواڵەكە لە تەك دۆستێكا رۆیشتم سەری لێبدەم كە چووین ئەو لە قەراخ بوو ، راستی من بڕوام بە هیچ سانسۆرێك نیە لە سەر نوسین و بیر و ڕا مەگەر زیانی گشتی تیا بێت ، تەنانەت بڕوام وایە ناكرێ‌ لە كاتی خوێندنەوەو نوسیندا ستەم لە شێخ رەزای تاڵەبانی بكرێت و لە بری وشەكان بۆشای دابنرێت وەك كراوە بە نەریت .

ئێستا قسەمان لە سەر لێسەندنەوەی مافی دەنگدانە نەك شتی تر ، ئەمە لە هەر كوێی دنیا ڕوویدابا هەم سەرۆكی حكومەت هەم كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بە فەڕمی داوای بوردنیان لەو دوو كەسایەتیە دەكرد ، نەك ئەوەی تا ئێستا رونكردنەوەیەكی بچوك نەدراوە لەو بارەیەوە ، ئاخر كەریم ئەحمەد و بەهادین نوری دوو كەسایەتی دیارو ناسراون ، دەبوو لانی كەم  چووبانە هەر بنكەیەك پەیوەندی بە كۆمسیۆنی باڵاوە كراباو ئەو هەڵەو كێماسیە ناشرینە چارەسەر كرابا .


08/10/2018



وتارەکانی تری نوسەر