باوه‌ڕ ناكه‌م سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك تانزیكی كۆتای سه‌ده ده‌ستبه‌رداری نه‌وت بێت ، یانی ده‌كرێت ئه‌م سه‌ده‌یه‌ش سه‌ده‌ی نه‌وت بێت ، بیست ساڵی یه‌كه‌می سه‌ده تێپه‌ڕی و نه‌وت هه‌مان كاریگه‌ری هه‌یه كه له سه‌ده‌ی بیستا ، یان رونتر له نیوه‌ی دوه‌می سه‌ده‌ی بیستا هه‌یبوو ، نه‌وت هێشتا رۆڵگێڕی یه‌كه‌می بازاڕ‌و بازرگانی و مامه‌ڵه‌یه، نهوتدارهئاوهزدارهكان توانیویانه به فرۆشی نه‌وت به‌خته‌وه‌ری بۆ هاونیشتمانیهكانیان دروست بكه‌ن ، بێئاوهزهكانیش هاونیشتمانیه‌كانی خۆیان نوقمی نه‌هامه‌تی كردووه، عیراق و پۆلیڤیا به نمونه ، شێوازی هه‌ره باش بۆ فرۆشی نه‌وت ئه‌وه‌یه داهاتی نه‌وت به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان دابه‌شبكرێت و رۆڵی هه‌بێت له گه‌شه كردنی سێكته‌ره جیاجیاكانی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌دا ، ئه‌م شێوازه ئه‌گه‌ر چی له هه‌ندێ وڵات ده‌سه‌ڵاتێكی پشتاو پشتیش به‌ڕێوه به‌رین ، به‌ڵام وڵاته‌كانیان بووه به نمونه‌ی وڵاتی ژیانی باش و خۆشگوزه‌رانی ، نمونه‌ی قه‌ته‌رو ئیمارات و كوه‌یت ،ره‌نگه له‌و سێ وڵاته سیسته‌می سیاسی هێنده له به‌ر دڵان نه‌بێت بۆ ئێمه‌و مانان ، به‌ڵام پێشكه‌وتنی له راده‌به‌ر ، باشكردنی ژیانی خه‌ڵك ، دابین كردنی نان و ته‌ناهی وای كردووه خه‌ڵك هێنده كێشه‌ی ئه‌وه‌یان نه‌بێت به چ جۆریێك وڵات له ڕووی سیستمی سیاسیه‌وه به ڕێوه ده‌برێت .
پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه با سیستمی سیاسی بانگه‌شه‌ی دیموكراسیش بكه‌ت ، كه هه‌ژاری په‌ره‌ی سه‌ند ، كه گه‌نده‌ڵی له راده‌به‌ر له فرۆشی نهوتاههبوو ، كه ده‌سه‌ڵاتداران بۆ مانهوهكهوتنه كڕینی خه‌ڵك و سوككردنی مرۆڤ و به كاڵا كردنی ، كه نه‌وت له بری ئه‌وه‌ی به‌خته‌وه‌ری بێنێت ململانێی هێنا ، جیاوازی چینه‌كانی زه‌قكرده‌وه ، چه‌ته‌و دزو مافیای دروستكرد ئه‌مه كاره‌سات دروستده‌كات و ده‌سه‌ڵاتدارانیش به هۆی ئه‌و داهاته زۆره‌وه‌ی كه ده‌ستیان ده‌كه‌وێت ئیتر به ئامان و زه‌مان له كورسی ده‌سه‌ڵات نابنه‌وه ، هه‌ڵبژاردن و دیموكراسیهكهشیان ده‌بێته هه‌ڵبژاردن و دیموكراسیه‌تی ده‌سكردو درۆینه .
نه‌وت موڵكی گشتیه به هیچ ده‌قێكی ئاسمان و زه‌وی ئه‌و موڵكه گشتیه نابێته هی كۆمه‌ڵێك چه‌ته‌و مافیا‌و نابێته هۆی چه‌وسانه‌وه‌و قه‌رزار باركردنی خه‌ڵك ، ناكرێت تۆ موڵكی گشتیت هه‌بێت و گشته خه‌ڵك بكه‌ونه ژێر باری قه‌رزه‌وه ، وه‌ك ئه‌وه‌ی له عیراق و له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه ، نه‌وت ، ئاوی شیرین ، كانزا، ده‌ریاو زه‌ریاكان ، ته‌نانه‌ت سه‌یرانگاو شوێنه گه‌شتیاریه‌كان ، شوێنه‌وارو دێرینگهكان ئه‌مانه ده‌بێت به‌خته‌وه‌ری بۆ مرۆڤه‌كان بێنن ، ئه‌مانه بۆ وڵات و میلهتهكان سه‌رچاوه‌ی داهاتن ، ناكرێت خێر‌و بێریان بۆ كۆمه‌ڵێك چه‌ته‌و دز بێت و وڵاتیش لیپ بێت له سواڵكه‌ر ، به‌له‌نگاز ، بێپاره‌و بێئیش.
ناكرێت تۆ له سه‌ر ده‌ریایه‌ك له نه‌وت بیت " ساڵی 1992 سه‌ردار پشده‌ری له سهردانێكا بۆ چه‌مچه‌ماڵ له رۆشنبیری چه‌مچه‌ماڵ وتی ژێر پێمان ده‌ریای نه‌وت و گازه " له هه‌ندێك بۆچوندا خوێندومه‌ته‌وه نه‌وت و گازی ئه‌م سنوره تا زیاتر له 100 ساڵی دیكه به‌رده‌وام ده‌بن ، له 30 ساڵی رابردودا فشاری غاز له چه‌مچه‌ماڵ چه‌ند روداوێكی سروشتی سه‌یری لێكه‌وتوه‌ته‌وه ، وه‌ك ته‌قینی له ناكاوی زه‌وی و هاژه كردنی ئاو ، یان ده‌رچونی ئاو‌و ئاگر به‌یه‌كه‌وه ، هه‌ر له‌و شاره كه به هه‌موو ناحێكانیهوه هه‌ر 200 هه‌زار كه‌سێك ده‌بن ، هه‌زاران ماڵ له قایمقامیه‌ت وه‌ك خه‌ڵكی كه‌م ده‌رامه‌ت و هه‌ژار نوسراون ، سه‌دان گه‌نجی گیرفان خاڵی هه‌یه ، تا ئێستا ئاوی ماڵان هه‌شت رۆژ بۆ نۆ رۆژ جارێك و بۆ ماوه‌ی یه‌ك دوو كاتژمێر دێت ، نه‌خۆشخانه‌یه‌كی مۆدێرن و پێشكه‌وتوو نیه ، له خوێندنگه‌كاندا پۆل هه‌یه تا ئێستاش له سه‌رو چل فێرخواز له خۆ ده‌گرێت، سه‌دان كه‌م و كوڕی دیكه .
كورد زۆر زهوقسزانهو زۆر نا مه‌ده‌نیانه مامه‌ڵه له گه‌ڵ نه‌وت ده‌كات ، ته‌نانه‌ت له ده‌رهێنانی نهوتیشا، نادادی و سته‌مكاری هه‌یه ، له ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی نهوتیشا هه‌مان نادادی هه‌یه ، كورد به ئاوه‌زی فیوداڵانه و وه‌ك سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست له ئه‌وروپاو وه‌ك كه‌نیسه‌كانی پێش رێنیسانس و رۆشنگه‌ری سه‌یری نه‌وت و خاوه‌ندارێتی نه‌وت ده‌كات ، له نهوتیشا سیایه‌تی ئاغا‌و ره‌عیه‌ت به كار ده‌هێنێت ، ئه‌مه‌ش نادادی و سته‌م و نایهكسانیهكی مه‌ترسیداری دروستكردووه ،مه‌ترسی لێكترازان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌و مه‌ترسی حهپهلوشكردنی كورد له لایه‌ن ئه‌وانی تره‌وه .
دۆخی عیراق له چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له گه‌ڵ نه‌وت زۆر له دۆخی كوردستان باشتر نیه ، ئه‌م مامه‌ڵه كردنه ره‌نگه له قۆناغ و ماوهیهكا خه‌ڵكانێك بكاته خاوه‌نی هه‌موو شت و به‌خته‌وه‌ریان كات ، به‌ڵام له دواجاردا سه‌ری هه‌موو ئه‌وانه ده‌خوات كه نازانن، چۆن مامه‌ڵه‌ی پێوه بكه‌ن ، مێژوو سیخناخه له گۆڕی ئه‌و نه‌زانانه‌ی ، نه‌یانتوانی میله‌ت به‌ڕێوه به‌رن .چه‌ته‌كانی نه‌وت وه‌ك قهراسنهكانی ده‌ریا مامه‌ڵه به نه‌وته‌وه ده‌كه‌ن و قۆرخی ناوچه نه‌وتیه‌كان ده‌كه‌ن ، كێشه له هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه نهوتبازهكان ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ن به نرخێكی هه‌میشه 22% نزمتر له نرخی جیهانی نه‌وت دهفرشنه توركیا‌و توركیا له وان زیاتر قازانج ده‌كات ، رێكه‌وتنه په‌نجا ساڵیه‌كه كه ئێمه هێشتا له ده‌یه‌ی یهكهمیداین له هه‌موو خیانه‌تێك مه‌ترسیدار تره ، ده‌رهه‌ق به ده‌وڵه‌تێكی ناجۆری وه‌ك عیراق نا ده‌رهه‌ق به میله‌تی كورد ، توركیا به قازانجی ئه‌و نه‌وته له باكورو رۆژئاوا‌و باشوری كوردستا كود ده‌كوژێت و له‌شكر كێشی ده‌كات له‌وه خیانهتتر چی .
نه‌وتی كوردستان له سه‌رده‌می سه‌دام حوسێن و دیكتاتۆریهتیشدا به‌و جۆره ناشرینه مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵ نه‌كراوه ، ئه‌و نه‌وته ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له به‌ر یه‌كتر هه‌ڵوه‌شاندوه‌ته‌وه ، وای كردووه كه جیاوازیه‌كی زۆر له نێوان چینی مافیا‌و مشه‌خۆرو چینی خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌بێت ، رۆڵێكی زۆر خراپی له تێكشكانی شكۆی مرۆڤی كوردا بینیوه، خه‌ڵكی كوردستانی له به‌رده‌م ئه‌وانی تردا كردوه به كۆیله‌و هیچ له بارا نه‌بوو ، مرۆڤی كوردی له مرۆڤی خۆخاوهنهوه كردوه به مرۆڤی چاو له ده‌ستی ئه‌وی تر ، سه‌رانی كورد له هه‌رێمی كوردستان ، زۆر بێمنه‌تانه سه‌یری ئه‌و درخهی خه‌ڵك ده‌كه‌ن و بۆ خۆیشیان له نێوان ناوچه‌و شوێنه‌كاندا خه‌ریكی دروستكردنی جیاوازی و تێكدانی په‌یوه‌ندین .
دوو هه‌نگاوی هه‌ڵه‌و پڕ مه‌ترسی پڕۆژه‌ی خۆ بنیاتی گه‌لی كوردستانی ده‌یان ساڵ زیاتر گه‌ڕانده دواوه رێكه‌وتنی په‌نجا ساڵه‌ی هه‌ڕاجی نه‌وت ، كه هیوادارم هه‌رچی زووتره هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه ، هه‌روه‌ها ریفراندۆمێك كه تا ئێستاش دۆڕاوه‌كان شانازی پێوه ده‌كه‌ن ، له كاتێكا جگه له خۆڵكردنه چاوی خه‌ڵك هیچی تر نه‌بوو ، ئه‌مه له‌و ڕوه‌وه نا كه ریفراندۆم خراپه‌و نابێ بكرێت ، له‌وڕوه‌وه كه له هه‌قیقه‌تا زه‌ره‌ری گه‌وره‌مان كرد ، زه‌ویمان دۆراند ، دۆسته‌كانمان له پشتگیریمان سارد بوونه‌وه ، حسابمان نه بۆ نامه‌كه‌ی تیله‌رسن نه‌بۆ كه‌سی تر نه‌كرد .
نه‌وتی كوردستان هیچ به ختهوهریهكی بۆ مرۆڤی كورد نه‌هێناوه ،نه‌ك به خته‌وه‌ری نه‌هێناوه بگره بووه به مایه‌ی نه‌گبه‌تی و نه‌هامه‌تی ، گروپێك له سایه‌ی نه‌وتا بوونه خاوه‌نی ئه‌رزو ئاسمان و دنیا‌و گشته خه‌ڵكیش چاویان له‌وه‌یه به‌غدا ده‌رگای خێریان بۆ بكاته‌وه ، هه‌ر جارنا جارێكیش به بهغاكانی ئه‌و گروپه لێره‌و له‌وێ ده‌ڵێن ئه‌وه له پێناوی موچه‌ی خه‌ڵكا قه‌رزمان كرد ، كه ئه‌مه له درۆیه‌ك زیاتر نیه ، چونكه هه‌موو ده‌زانین نه‌وت خێر‌و بێری ده‌یان ملیار دۆلاری بۆ هه‌ندێ چه‌ته‌و مافیا داوه‌ته‌وه، كه هیچ باكیان به برسێتی و كۆیله‌یی مرۆڤی كورد نیه .