هه‌شت رۆژ هاواری ئه‌و گه‌نجانه‌ی گاڵته‌یان به قرمژنی گوله دێت ،له بری ئه‌وه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌تان پێبكات ، رووی زه‌برو زه‌نگی زیاتر تیا ده‌رخستن ، ئێوه مێژوتان له بیر چووه، بیرتان چوو، قرمژنی گوله گیانی به‌رگری و ئازایه‌تی زیاتر ده‌كات ، ئێمه چه‌ندین ساڵه هاواری ئه‌وه ده‌كه‌ین دۆخه‌كه له ده‌ست ده‌رده‌چێت ، ئێوه گوێناگرن ، باسی مێژوو ده‌كه‌ن ، به‌ڵام مێژوو ناخوێننه‌وه ، هه‌مووتان خۆتان به پاڵه‌وان ده‌كه‌ن ، به‌ڵام حساب بۆ ئه‌و پاڵه‌وانه گیرفان خاڵیانه‌ی سه‌رشه‌قام ناكه‌ن و كه كار‌و نان و ئازادیان ده‌وێت.
روداوی هه‌شت رۆژ، توڕه‌یی هه‌زاران گه‌نج ، شه‌هید بوونی هه‌شت كه‌س كه حه‌وتیان له سه‌ره‌تای گه‌نجیدان ئێوه‌ی رانه‌چڵه‌كاند ، شه‌قدان له كادیرێكی حزبی توڕه‌و دڕدۆنگی كردن ، له كاتێكا به لۆژیك لێكیبده‌ینه‌وه ، ئه‌وه خه‌مخۆری ئێوه نیه له مرۆڤ ، ئه‌وه كۆیله سازیه ، ده‌نا كادیره‌كه‌ی ئێوه‌و مامۆستاكه‌ی هه‌ولێرو گه‌نجه‌كانی شیلادزێ و گه‌نجه توڕه‌كانی ئه‌و هه‌شت رۆژه ، كه دڵنیان ده‌یان هه‌شت رۆژی دیكه‌ی به دوادا دێت ، هه‌موو كوردن ، چاوتان له ناو ئه‌و هه‌موو كورده‌دا ته‌نیا ئه‌و كادیره‌ی بینی، له كاتێكا له شوێنێكی تر گه‌نجه توڕه‌كان كادیرێكی ئێوه له سوتانی مسۆگه‌ر رزگار ده‌كه‌ن و ئێوه نایبینن.
ئه‌سڵه‌ن ئێوه هه‌ر نازانن ئه‌و گه‌نجانه خواسته‌كانیان وێرشانی ئه‌وه‌ی به قه‌د ژماره‌یانه ، لێ زۆر ساده‌ن ، ئاویان ئه‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی دایك و خوشكه‌كانیان ماندوو نه‌بنن به دوای بیر‌و هێنانی ئاودا ، جاده‌یان ئه‌وێ بۆئه‌وه‌ی كه‌سی تر توشی روداو نه‌بێت ، كاره‌بایان ئه‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی قژیان ڤێر بكه‌ن ، كه‌مێك پاره‌یان ئه‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له فه‌یه‌ك بخۆن ، ئینته‌رنێتیان ئه‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی ئاگادار یه‌ك بن ، قوتابخانه‌یان ئه‌وێ ، ئیشیان ئه‌وێ ، ئازادیان ئه‌وێ ، داوای ساده ساده كه ئێوه چینه مه‌ترسیداره بێگوێكه‌ی ده‌سه‌ڵات ناتانه‌وێ بۆیان جێبه‌جێبكه‌ن.
پێتان وایه توڕه‌یتان له دار دا ، پێتان وایه هاوڕێكانی ئه‌و كوڕانه خوێنی رژاوی ئه‌وان بیر ده‌كه‌ن ، پێتان وایه به گرتن ، توركه له سه‌ر كردن ، لێدان و به سه‌ر بازگه كردنی شار‌و شارۆكه‌كان گره‌وه‌كه ده‌به‌نه‌وه ، ئێوه ئه‌گه‌ر ئاوا بیر بكه‌نه‌وه" وای له حاڵتان " كوڕه‌كان ده‌چنه‌وه ماڵه‌وه هه‌موو هه‌قیقه‌ته‌كان نه‌گۆڕاون ، ئه‌وان كۆمه‌ڵێك هاوڕێیان له ده‌ست داوه توڕه‌ترن ، دێنه‌وه ، توڕه‌تر له جاران دێنه‌وه ، بۆیه ئێوه براوه نین ، من باسی ئۆپۆزسیۆن و ده‌نگی ناڕازی و پیاوانی سه‌ر شاشه‌و به‌ركامێرا ناكه‌م ، من باسی ئه‌و گه‌نجانه ده‌كه‌م كه هه‌ر نایانه‌وێ كامیرا بیانبینێ ، ئه‌و گه‌نجانه‌ی درۆیه‌كی گه‌وره‌یه بڵێی په‌كه‌كه ، یان ئێران ، یان هه‌ر كه‌سیان له پشته ، ئه‌وان ته‌نها خوا‌و خۆیان له پشته ، كه ده‌گاته باری لێژی هه‌مووبه جێیان ده‌هێڵن و ئه‌وان ته‌نیا ته‌نیا سه‌یری برینه‌كانی یه‌كتر ده‌كه‌ن ،ئێوه له باره‌ی مێژوه‌وه قسه ده‌كه‌ن ومێژوی داهاتوو نابینن ، داهاتوو توڕه تره له ئێستا ، داهاتوو بریتیه له یاخی بوون ، مه‌ترسیه راستیه‌كه ببینن ، ده‌یانگرن ، رادێن ، ده‌یانكوژن ، ده‌یان كه‌س شوێنه‌كه‌یان پڕ ده‌كاته‌وه ، بیر له‌وه بكه‌نه‌وه تا دۆخه‌كه له ده‌ست ده‌رنه‌چووه ، تا هه‌ر به‌ڕاستی سود له وزه‌و تین و تاوی ئه‌وان نه‌بینراوه‌و توڕه‌یی ئه‌وان نه‌قۆزراوه‌ته‌وه.
سه‌ره‌تای تاریكیه‌كی رۆشنم لێدیاره ، كه‌مێ چاوتان بشۆن تا بیبینن ، كوڕه‌كان دڵیان پڕه ، به‌ڵام له ئێوه زیاتر له خه‌می نیشتماندان ، سوتانی باره‌گای حزبی و هه‌ندێ دام و ده‌زگا كاردانه‌وه‌یه كاردانه‌وه‌یه‌كی ناجۆر ، به‌ڵام ئه‌ی چی بكه‌ن ، ئه‌وان بیری هاوڕێكانیان ده‌كه‌ن ، بیری كوڕه شه‌هیده‌كان " میران و هیواو ئاكۆ و ئه‌دهه‌م و ئاوات و سه‌ربه‌ست و هه‌رێم و محه‌مه‌د " ده‌كه‌ن ، ئێوه له بری دڵیان بده‌نه‌وه ، وه‌لیان ده‌كه‌ن ، شاریان لێده‌كه‌ن به دۆزه‌خ ، دار‌و قامچی و كه‌له پچه‌و توره‌كه‌یان بۆ دێنن ، وه‌ك ئه‌وه‌ی داعشتان گرتبێ ، ئه‌مه چاره‌سه‌ر نیه.
تكایه له‌م خوێندنه‌وه‌یه‌دا واز له دوێنێ بێنن و به‌یانی بخوێننه‌وه ، سبه‌ینێ ببینن ، سبه‌ینێ كه ده‌شێ زۆر جیاواز تر بێت له ئێستا ، روداوی زۆر مه‌ترسیدا به‌ڕێوه‌ن ، بترسن له‌وه‌ی سبه‌ینێ توڕه‌یی ئه‌م گه‌نجانه به ئاراسته‌یه‌كی تردا بڕوات ، یه‌كجار به قسه‌ی ئێمه بكه‌ن و واز له زه‌برو زه‌نگ بێنن.