گۆڕان بۆ حکومەت ناگەڕیتەوە

عه‌بدولآ مه‌لا نوری

گەڕانەوەی وەزیرەکان و سەرۆکی پەرلەمان بۆ سەر کارەکانی خۆیان بە تەنها بەس نیە، بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان گۆڕان و پارتی. چ ئەو کات مانەوە لە ناو حکومەت و پەرلەمان، چ ئێستاش گەڕانەوە بۆی، بەم دۆخەی ئێستاوە، واتە تەسلیمبون بە رێساو یاساکانی سیاسەتکردن لای پارتی، ئیدی کێ و کام لایەن بەمە رازیە کەیفی خۆیانە.

با چیتر گرەو لە سەر شتی بۆش و بوچ نەکرێت. دۆخی حکومەت و پەرلەمان پێش ١٢-١٠ هێندە ساغڵەم نەبو، تا لە ئێستادا بۆی بەڕاندا بکێشرێت، یان ناوبژیوانی و دانوستان و شەڕی لە سەر بکرێت.

گەڕانەوە بۆ کام حکومەت؟ ئەو حکومەتەی کە لە دوای ٢ ساڵ نەیتوانی ١% بەرنامەی کارەکەی جێبەجێبکات؟ بگرە زۆر لە حکومەتەکانی پێش خۆی فاشیل تربو. بۆ ئەو پەرلەمانەی کە دەست و پێی کۆتکرابو و، لە ئاست حکومەت و گەندەڵیەکانی نوزەی لێبڕابو.

واقیع بینی ئەوە نیە هەمومان تەسلیم بە عەقڵی خێڵ و ئیرادەی دیکتاتۆربین، واقعبینی ئەوەیە تا ئەو پەڕی توانامان هەوڵی گۆڕانکاری لەم دۆخەدا بدەین. لە خراپترین حاڵەتیشدا ئەگەر ئەوانی ترمان پێ نەگۆڕا خۆمان لە خراپ بون، لە بون بە ئەوانی تر بپارێزین.

ئامانجی ئێمە گۆڕانە، بۆ ئەمە هیچ مەرجێکمان لە سەر خۆمان دانەناوە، بۆ نمونە بڕیارمان نەداوە لە ماوەی ٢ ساڵدا دنیا بگۆڕین، یان بڕیارمان نەداوە بۆ ئەوەی گۆڕان بکەین دەبێت لە حکومەت و پەرلەمان بین یان لە سەر جاد بین. مەرجی سەرەکی سەرکەوتن دەستگرتنە بە مەبادیئەکانەوە، نەک بە پۆستەکانەوە.

چارەنوسی ئەم بە ناو حکومەتەی ئێستا لە دو حاڵەت بە دەر نیە: یان ئەوەی لە سەر بنەمای پرۆژەیەکی چاکسازی لە ژێر چاودێری پەرلەمانێکی کاردا، بە بەشداری هەمو لایەنەکان دو ساڵی داهاتوی تەواو بکات. یان هەڵوەشانەوەو سەر لە نوێ دروستکردنەوەی بە جۆرێک پارتی تێیدا تەنها رۆڵی لایەنێکی بەشداربو لە حکومەتەکە بگێڕێت، نەک خاوەن ماڵ و ئەوانی تر میوان.

گەڕانەوەی گۆڕان بۆ حکومەت و پەرلەمان ئەگەر وەک دو ساڵی رابردوبێت، یان لە سەر بنەمای گۆڕینی کەسەکان بێت، ئەوا بێگومان گۆڕان بۆ حکومەت و سەرۆکایەتی پەرلەمان ناگەڕیتەوە. مەگەر لە رێگەی ریفراندۆمێکەوە زۆرینەی دەنگدەرانی گۆڕان بڕیار لە سەر وەها سازشێک بدەن!  



10/11/2015



وتارەکانی تری نوسەر