کێ تەنهایە، گۆڕان یان خەڵک؟

عه‌بدولآ مه‌لا نوری
ئەم قۆناغە، کە قۆناغی دوای ئەزمونکردنی حکومەتی بنکە فراوانی شکستخواردوە، ئاستی خراپی دۆخی سیاسی و دارایی خەڵک و حکومڕانی گەیشتوتەوە نزیکی هەڵدێر. لەم کاتەدا بە واقیع دو بەرە بەرجەستە دەبن، کە دەتوانرێت لە رێگەی هەڵسەنگاندن بۆ پێکهاتەی هەریەک لەو بەرانە، لە لایەک بزانین لەم قۆناغەدا کێ لە کێشەکان بەرپرسە؟ لە لایەکی تریشەوە بۆ ئەوەی بزانین ئایا گۆڕان، کە لە حکومەت و سەرۆکایەتی پەرلەمان دەرکراوە، بە تەنها ماوەتەوە، یان خەڵک بە تەنها ماوەتەوە؟ بەرەی سێهەم نیە.
بەرەی یەکەمیان، بەرەی دەسەڵاتخوازیی: بە پێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم و، رێکەوتنە سیاسەکانی پێکهێنانی کابینەی هەشتی حکومەتی بنکە فراوان، بەناو دامەزراوەکانی حکومڕانی وەک سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و، لایەن و پێکهاتەکانی بەشداربو لەو دامەزراوانەدا، جا بە کەم یان زۆر بەرەی دەسەڵاتخوازیی بەرجەستە دەکەن. 
واتە بە دیاریکراوی لەم قۆناغە سەختەدا، کە پێویست بو لایەنە بەشداربوەکانی حکومەت بە کردار نەک بەقسە، لە بەردەم خەڵکدا ئەستۆپاکی خۆیان پیشان بدەن، ئا لەم کاتەدا دەسەڵات بریتی نیە لە حزبێکی دیار یکراو، بەڵکو حیزبەکانی ناو حکومەت پێکەوە دەسەڵاتن. ئەوەی تۆزێک لە یاسا بزانێت و ئاگاداری روداوەکان بێت، ئەم راستیە رەد ناکاتەوە. 
ئەو حیزبانەی کە لە حکومەتی بنکە فراواندا بەشدار بون، یەکیەک بە ئاگایی یاخود بێ ئاگایی، بە خواستی خۆیان بونە شەریکی میراتی خراپی کابینەکانی پێشتری حکومەتی هەرێم. چونکە لە سیستمی حکومڕانیدا کابینە لە دوای کابینە ئەرک و ئیلتزم و بەرپرسیارێتی بە باش و خراپەوە لە سەر یەکتر بەجێ دەهێڵن. ئەمە قسەی من نیە، بەڵکو بەشێکە لە بنەماکانی سەقامگیری و ئسوڵی کاری حکومڕانی.
چۆن لایەنە بەشداربوەکانی حکومەتی بنکە فراوان دەیانتوانی تا رادەیەک دابڕان لە نێوان کابینەی هەشت و پاشماوە خراپەکانی کابینەکانی پێشتر دروست بکەن و، باری سەرشانی خۆیان لە شکستەکانی ئێستا سوک بکەن؟ بێگومان ئەو کاتەی، کە لە گەڵ پارتی چونە گفتوگۆوە، دەیانتوانی حساب بۆ ئەگەرێکی پێشبینیکراوی لەم جۆرە بکەن. 
لە سەرەتاوە دەبو وەک ئەولەویەت لە سەر دەستنیشانکردنی تەواوی کێشە سیاسی و یاسایی و دارایی و ئیداریەکان و چۆنێتی و کاتبەندی چارەسەکردنیان لە گەڵ پارتی رێکەوتن بکرایە، پاشان لە سەر پۆستەکان. بەڵام ئەمە نەکرا، بەڵکو هەمو لایەنەکان بێ پلان و دیقەتکردن، هێزی خۆیان بە پلەی یەکەم بۆ وەرگرتنی پۆستەکان بە کار هێنا. هەر کەس و لایەنێک دەڵێت وانیە دەکرێت دۆکۆمێنت و ناوەڕۆکی رێکەوتنەکەی لە گەڵ پارتی بۆ رای گشتی بخاتە رو. 
لە ئێستادا دەسەڵاتی جێبەجێکردن و حکومەتی بنکە فراوان، بەرەی دەسەڵاتخوازانە. ئەم بەرەیە جگە لەوەی لە راپەڕاندنی ئەرکە قانونی و سەرەتایەکانی سەرشانی شکستی خواردوە، هاوکات لە پاڵ و لە ناو ئەم بەرەیەوە گەندەڵی گەورەو بچوک دەکرێت. گروپی مافیایی لە سێبەرو بە ئۆکەی ئەم بەرەیە خەریکی تاڵانکردنی سامانی سروشتی و سەروەتی ئەم وڵاتەن.
لە ئێستادا ئەم بەرەیە لە دیدی زۆرینەی خەڵکدا رەمزی ستەم و گەندەڵی و خۆپەرستی لە بیرکردنی بەڵێنەکان و شکاندنی سوێندە سەختەکانی ناو پەرلەمانە. شوێنی شەرعیەتدانە بە پێشێلکردنی ئیرادەی خەڵک و یاساو، بەرز راگرتنی بڕیارەکانی حیزب. شوێنی شەرعیەتدان و سەرچاوەی بێ موچەکردن و بێ کارەباکردن و بێ سوتەمەنی کردن و بێ کارکردن و بێ دەرمانکردنی نەخۆشەکان و پەلکێشکردنی سوپای بێگانەیە، بە کورتی لە دیدی زۆرینەدا بەرەی دەسەڵاتخوازیی ناشرینترین وێنەی خوێ لە زهنی خەڵکدا کێشاوە. 
بەرەی دووەمیان، بەرەی شەقامە لە پاش شکستی حکومەتی بنکە فراوان: پێکهاتەی ئەم بەرەیە خۆی لە خەون و خواستی خەڵک و پێویستی بۆ گۆڕینی ریشەیی لە دامەزراوە کارتۆنیەکانی حکومڕانی کوردیدا دەبینێتەوە. خۆی لە دابینکردنی پێداویستەیەکانی دروستکردنی حکومڕانیەکی دیموکراتی باش و خزمەتگوزاردا دەبێنیتەوە، کە تێیدا حیزب و سەرکردەکانی حیزب وەسیلەن نەک ئامانج. لەم جۆرە حکومڕانیەدا، کە خەڵک کاری بۆ دەکەن و بەرەی دەسەڵاتخوازیی لە بەردەم دروستکردنیادا رێگرن، کەمتەرخی و گەندەڵی سزای قورسی لە سەرە، حکومەتی شکستخواردو هەڵەدەوشێتەوەو بەرپرسی گەندەڵ و خاون سەرمایەی ناشەرعی نەک بۆی نیە سیاسەت بکات، بەڵکو زیندان شوێنیتی. تەنانەت لە ناو ژیانی سیاسی و یاساو رێساکانی ئەم بەرەیەدا، کە زۆر لە گەلانی دونیا پێی گەیشتون، حیزب و بەرپرسانی شکستخواردوی حزب تەمەنی سیاسیان کورتە. لەم بەرەیەدا هەر پاساو هێنانەوەیەک بۆ مانەوەو درێژەدان بە حکومڕانی خراپ و موجامەلەو زەمینەسازی بۆ تەسلیم بون بە ئەمەری واقیع و شاردنەوەی راستیەکان و ماستاوچێتی وەک خەسڵەت و کاری ترسنۆکانەو ناشرین تەماشا دەکرێت، نەک وەک سیاسەت. 
شتێکی باش دەبو ئەگەر لە پاڵ ئەم پۆلێنەکردنەی ئێمەدا، بەرەی سێهەمیش لە سەر بنەمای بە دیهێنانی رێژەیەکی دڵخۆشکەر لە چاکسازی، لە سەر دەستی حکومەتی بنکە فراوان، لە ناو ژیانی خەڵکدا خۆی وێنا بکردایە، واتە ئەگەر حکومەتی بنکە فراوان لە ماوەی تەمەنی خۆیدا بایی ئەوەندە چاکسازی بکرادیە، کە ئێستا بەشێک لە لایەنە بەشداربوەکانی ئازایەنە داکۆکی لێبکەن، ئەوا دەکرا هەندێک کەس و لایەن گللەیی لەوە بکەن، کە من لەم نوسینەدا زوڵمم لێکردون، بەڵام دەرئەنجامەکانی ئەدای حکومەتی بنکە فراوان هێندە کارەساتبارە، خودی لایەنە بەشداربوەکانیشی زاتی ئەوە ناکەن بەرگری لێبکەن، تەنانەت رۆژ لە دوای رۆژ نوقڵانەکانی روخانی بە گوێی خەڵکدا دەدرێت. 
رەنگە هەندێک لە پاڵەوە هۆکاری شکستی حکومەتی بنکە فراوان بۆ گرفتی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت و هەندێک پاسا و شتی تر بگێڕنەوە، وەلێ سەروەرکردنی یاسا و چالاککردنی سیستمی چاودێری و کۆتایی هێنان بە تاڵانی نەوت و یەکخستنی هێزی پێشمەرگەو چەندین پرسی تر هیچ تێچویەکی داراییان نەدەبو.
گۆڕان لەم قۆناغەدا هەستیارەدا قاچێکی بە کردار لە بەرەی دەسەڵاخوازان خراوەتەوە دەرەوە، بەڵام هێشتا لە روی قانونی و مەعنەویەوە قاچەکەی تری تیا ماوەتەوە. لەم کاتەدا لە بری ئەوەی روەو بەری شەقام هەنگاو بنێ و هەوڵی پەلکێشکردن و رزگارکردنی لانی کەمی ئەوانی تریش بدات، کەچی چاوی لەوەیە بچێتەوە ناو دنیا بچوک و پۆخڵ و بێنرخەکەی حکومەتی بنکە فراوان و، لەوێوە سیاسەت بکات. ئەمەش وای لێکردووە لە خەم و وردوکردی ئەوەدابێ ئایا لە ریزبەندی پێنج حیزبەکەدا بە تەنها ماوەتە یان نا! کە ئەمە گەوەرەترین پاشکەشەیەو نیشانەی بچوکبونەوەی خەونی گۆڕانە.
لە ئێستادا ئەوەی بە تەنها ماوەتەوە شەقام و خواست و پێداویستیەکانێتی، کە هیچ لایەنێک نیە بتوانێت بە راشکاوی لە سەکۆیەکی بەرزو رۆشنەوە داکۆکی لێبکات. 
لەم کاتەدا کە نا ئومێدی باڵی بە سەر ئەم هەرێمەدا کێشاوە، پرسیار ئەمەیە: ئایا گۆڕان دەتوانێ وەک جاران ببێتەوە بە خاوەن دەستپێشخەری و پرۆژەی جیاوازو ڕێچکەی ناسراوی خۆی و، خەڵک و زۆرترین لایەنی لە دەور کۆبکاتەوە؟ هیوادرا  قیادەی کاتی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان چیتر خەڵک نا ئومێد نەکەن و هەڵە گەوەرەکانی سەردەمی دانوستانەکان دوبارە نەکەنەوە.    











06/01/2016



وتارەکانی تری نوسەر