سەماوە و قەندیل و کوردکوژی!

عه‌بدولآ مه‌لا نوری
   لەم رۆژانەدا میدیاکانی دەسەڵات و بە تایبەت میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە هەمو جۆرێک کار لە سەر تەخوینکردنی پەکەکە دەکەن. هەوڵی ئەوە دەدەن لە زهنیەتی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دا ئەو وێنەیە بچەسپێنن، کە پەکەکە هێزێکی تیرۆریستیەو هۆکاری هێرشەکانی تورکیایە بۆ سەر هەرێمی کوردستان. لە بەرامبەردا هەوڵی ئەوەش دەدەن رەوایەتی بە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بدەن. 

ئەم پەیام و بانگەشە میدیایە رێکخراوانە، ئاماژەن بۆ بونی هەماهەنگیەکی هەوڵگری و میدیای و سەربازی ورد لە نێوان هەرێم و تورکیا دا. وا بڕوات دور نیە لە هەنگاوەکانی داهاتودا دەسەڵاتدارانی هەرێم لەوە سڵ نەکەنەوە راستەوخۆ هێزەکانی پێشمەرگە بخەنە خزمەت ئەجێندای دەوڵەتی تورکیا. واتە بە دور نازانرێ شەڕی کورد-کورد بەرپا بکرێت.

شەڕی دەسەڵاتدارانی تورکیا دو لایەنەیە؛ لە ئاستێکدا شەڕی دەسەڵاتخوازیە، لەم روەوە دەستێوەردانەکانی بۆ کاروباری وڵاتانی نزیک و دور بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن. لە ئاستێکی تردا شەڕی کورد وەک نەتەوە دەکات، نایەوێت لە هیچ شوێنێکی ئەم سەرزەمیەنەدا نەتەوەی کورد بونێکی فەرمی و خاوەن کەرامەتی هەبێت. بۆ سەرکەوتنی لە هەردو ئاستەکاشدا کەڵک لە هەمو ئامرازێکی وەردەگرێت، بە پشتگیریکردن و پڕچەککردنی گروپە تیرۆریستیەکانیشەوە.

گەر لە کابینەی پێشوی حکومەتی هەرێمدا نەوت خاڵی هاوبەشی سەرەکی کاری پێکەوەیی نێوان هەرێم و تورکیا بوبێت، وا دیارە لەم کابینەیەدا روبەڕوبونەوەی پەکەکە ئەو خاڵە هاوبەشەیە. بەڵام لە هەردو قۆناغەکەدا ئەجێنداکە تورکیە، قوربانیەکە کوردە. کە ئەمەش نابێ خواستی هیچ لایەنێک بێت. 

ئەو گەمارۆدان و گوشارە توندەی کە زیاتر لە  (دە) رۆژە لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی هەرێمەوە لە سەر کوردە ئاوارەکانی تورکیا لە کامپی (مەخمور) دانراوە مایەی شەرمەزاریە. ئەو بێدەنگیە مەترسیدارەی لە ئاست هێرش و داگیرکاری هەرێمی کوردستان، لای پەرلەمان و حکومەت و حیزبەکان و هاوڵاتیان هەیە هیچ پاساوێکی نیە. چەند هەڵوێستێکی خۆپەرستانەو خەمناکە کاتێک دەبیستین و دەبینین بەشێک لە سیاسیەکان و بەرپرسانی حیزبی و حکومی و پەرلەمانی و رۆشنبیران و میدیاکارانیش لە بەر ئەوەی دەرگای گەشتی هاوینە هەوارەکانی تورکیایان بە رودا دانە خرێ ئامادە نین هەڵوێستێکیان هەبێ! 
  
لەم کاتەدا هەموان لە ناو شۆکی ئەو وێنانەداین کە لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەماوەوە بەرچاومان دەکەون؛ وێنەی جینۆساید، وێنەی هەوڵەکانی سڕینەوەی نەتەوەیەک. ئەوەی ئێستا تورکیا دەرحەق بە ئینسان و خاکی کوردستانی دەیکات هەمان شتە؛ هەمان عەقڵیەتە، عەقڵیەتی رەگەزپەرستی، سڕینەوەی کورد وەک نەتەوە، سوتاندنی کوردستان وەک نیشتیمان. لەم سۆنگەیەوە دەبێ بپرسین؛ ئایا لە داهاتوی نزیکدا دەبێ هەڵوێست و رۆڵی هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان بە چ ئاقارێکدا بڕوات؟ ئایا ئەمانیش رۆڵی جاش و مستەشارەکان سەردەمی بەعس بۆ تورکیا دەگێڕن یان رۆڵێکی بەرپرسانە؟ 

هێشتا رون نیە لە گریمانەی شەڕ لە قۆناغێکی فراوانترو چڕ تردا چی دەبێت؟ بەڵام بەرپرسیارێتی مێژویی و ئینسانی و نەتەوەیی ئەوەیە نەک نەبنە بەشێک لە شەڕ، بەڵکو دەبێت چ پارتی چ یەکێتی و تەنانەت گۆڕان و هێزەکانی تریش لە لایەک هەوڵی راگرتنی شەڕو هێرشەکان بدەن، لە لایەکی ترەوە لە سەر بنەمای پێکەوە ژیانی ئازادانەو دیموکراتیانەی نێوان هەمو نەتەوەو پێکهاتەکان هەوڵی چارەسەری کێشەکان بە رێگای ئاشتی و گفتوگۆ بدەن. لەم روەوە دکتۆر بەرهەم ساڵح وەک سەرۆک کۆماری عێراق زیاتر لە هەموان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆیەو دەتوانێ رۆڵێکی گەورەی مێژویی بگێڕێت.

28/07/2019



وتارەکانی تری نوسەر