درۆی چاکسازی و خانەنشینیەکەی من!

عه‌بدولآ مه‌لا نوری

  سەرۆکی پەرلەمان لەم لێدوانەیدا بۆ روداو دەڵێ: «بۆ مێژو قسە دەکەم، یاسای چاکسازی پارە بۆ حکومەت ناگەڕێنێتەوە، بەڵکو دەبێە بارگرانی».
بەم پێیە یاسای بە ناوچاکسازی نەک پارە ناگێڕێتەوە بەڵکو خەرجیەکانی سەر حکومەت زیاد دەکات!

ئەمە لە کاتێکدا لە سەروبەندی گفتوگۆکردنیدا دەوترا لانی کەم مانگانە سەد ملیۆن دۆلار بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەڕێنێتەوە!

سەرۆکی حکومەتیش دوێنێ لە پەرلەماندا وتی: یاسای چاکسازی لە مانگی حەوتەوە چوتە بواری جێبەجێکردنەوە، کەچی هەر خۆی وتی: قەرزەکانی سەر حکومەت ملیارێک دۆلار زیادی کردوە!

لە ٢٧ ملیارەوە بوە بە ٢٨ ملیار دۆلار!

راستیەکەی یاسای بە ناو چاکسازی هەر لە بنەمادا درۆیەکی گەورە بو؛ هەمو شتێک بو بەس چاکسازی نەبو!

 

لە لایەک بۆ ئەوە بو کە وای پیشان بدەن حکومەتەکەی مەسرور بارزانی ئەهلی چاکسازییە!

لە لایەکی ترەوە بۆ ئەوە بو گوشاری جەماوەری لە سەر لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت کەم بکەنەوە، چونکە خەڵک لەو کاتەدا پێی دەوتن کوا چاکسازیەکەتان؟!
ئەگەر نا بە چەند رۆژێک پێش پەسەندکردنی رێکەوتن کرابو، کە هیچ لایەنێک لە دەرچونی ئەو یاساییە زەرەرمەند نەبێ.

لەو کاتەدا زۆربون ئەوانەی بە شانو باڵی یاسەکەدا هەڵیان دەدا، جارجاریش هەندێک خەڵکی دڵساف و زۆرجاریش کەسانێکی رق لە دڵ پۆستێکیان دەکرد و وێنەکی منیان دادەناو دەیانوت: عەبدوڵای مەلا نوری ئامادە نیە دەستبەرداری موچەکەی بێت!

لە ئاستی گشتیشدا هیچ کەسێک نەبو بڵێ: ئەرێ گەر ئەم یاساییە هێندە باشە خێرە ئەو پەرلەمانتارانەی دەسەڵات کە دەنگیان پێداو، وەک چاکسازی بە خەڵکیان فرۆشتەوە ئامادە نەبون یەکەم جار لە سەر خۆیانی جێبەجێ بکەن؟!

کەسێک نەبو بپرسێت گەر ئەم یاساییە دەستکەوتە بۆ حکومەت، ئەی خێرە لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت لە پێشدا وەزیرو پەرلەمانتارەکانی خۆیان ناچار ناکەن فۆرمی رەدکردنەوە پڕ بکەنەوە؟!

بە هەر حاڵ لەو کاتەدا دۆخێکی هێندە پڕ لە چەواشەکاری دروست کرابو، وەهمی بنیاتنانی دونیایەکی پڕ لە دادپەروەری لە سەر ئەو یاساییە خرابووە مێشکی خەڵکەوە، ئەگەر یەکێکی وەک من رەخنەیەکی جدی لەو یاسایە بگرتایە یەکسەر پێی دەوترا دژی چاکسازیەو لە موچەکەی خۆی دەترسێ!

رۆژ هاتو رۆژچو سوپاس بۆ خوا سیحری درۆی یاسای چاکسازی لە سەر دەستی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت بەتاڵ کرایەوە.

دەرکەوت ئەوانە ئەهلی چاکسازی نین؛ وەک حوت وەهان، چەند خۆیان بجوڵێنن زیاتر دەخۆن!

جا ئەگەر چاکەخوازن، نەچوە بچێت؛ لێرەدا من پێشنیازێک دەخەمە روو: ئەگەر لایەنەکانی دەسەڵات راست دەکەن، ئەگەر حکومەت بە راستی بەدوای چاکسازیەوەیە، با کار بکەن بۆ ئەوەی لەم مانگی (دە)یەدا دانیشتنی پەرلەمان تەرخان بکرێت بۆ رێکخستنەوەی موچەی خانەنشینی پلە باڵاکان و بیکەن بە «بریاڕ» تەنها ئەوانە خانەنشین بکرێن، کە ئەم دو مەرجەیان تێدایە: یەکەم: ١٥ ساڵ خزمەتی فعلی لە فەرمانگە حکومیەکاندا هەبێ.

دووەم: ٦٣ ساڵ تەمەنی تەواو کردبێ.

ئەو دوو مەرجە هەمان مەرجی خانەنشینبونی فەرمانبەرانی ئاساییە.

با پەرلەمانتارانی سەرجەم خولەکانیش بگرێتەوەو ئەوەی ئەو دوو مەرجەی تێدا نەبو خانەنشین نابێ.
کارێکی لەم جۆرەش پێویستی بە هەڵای میدیایی و منەتکردن بە سەر خەڵکدا نیە.

با حکومەت پرۆژەکە بنێرێتە پەرلەمان و هانی پەرلەمانتارەکانیشیان بدەن دەنگی پێ بدەن، زۆر ئاسانە.

لەم روەوە هەمو پشتیوانتانین.


06/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر