قەمسەڵەكەی كاكە حەمە

عه‌زیز ره‌وف
ئەوەی بەردەوامی بەم دۆخەی ئێستای كوردستان دەدات، تەنها  هێزەكانی دەسەڵات نین، ئەوەی كارخانەیەكە بۆ مانەوەی كۆمەڵگە لە زەلكاوی جەهلدا، بەتەنها نوخبەی بەرپرس نین، بەڵكو ئەو مەكینە ئیعلامیەشە بەناوی میدیای ئازاد و كەناڵی بێلایەنەوە لەگەڵ ئەو دۆخە ڕامان دەهێنێت. 
میدیای كوردی دروست لە ئێستادا كۆمەڵگە لەگەڵ كۆی قەیران و برین و جەهلدا ڕادەهێنێت و بەبێ ئەوەی هەست بەخۆی بكات بوەتە دەنگی ئەوی تر، دەنگی مانەوەی جەهل و سەرقاڵكردنی خەڵك بە شتە توڕەهات و بێتام و بێسودەكانەوە و بیربردنەوەی مەسەلە گەردونی و كەیسە گەورەكانی كۆمەڵگە و فڕێدانی هەواڵ و چاوپێكەوتنی بێ بەهاو بێسود كە بۆ چركەیەكیش كێشەكانی كۆمەڵگەی ئێمە نەك چارەسەر ناكەن، بەڵكو كۆی خەمە گەورەكانمان بیر دەبەنەوە و وامان لێ دەكەن لەگەڵ ئەم قەیرانانەدا ڕێ بكەین و لەگەڵ كۆی كێشەكانی كۆمەڵگە مل بنێین و ئەسڵەن هەست بەوە نەكەین كە ماف لەكوێدایە و لەكوێدا دەبێت بوەستین و تێڕامێنین لەوەی ڕوو دەدات. 
من دەزانم میدیای حزبی ئەم ئەركە دەكات و ئەسڵەن هەر ئیشی ئەوەیە میكیاجی ئەو دۆخە بكات، بەڵام كارەساتی گەورە لێرەدایە كە میدیای ئەهلی و بێلایەن ( ئەگەر هەبێت) كۆمەڵگە سەرقاڵی توڕەهات و شتە بێتامەكان بكات و بە مەبەست بێت یان بە بەرنامە، بە جۆرێك لە جۆرەكان ئیش لەسەر بێبەهاكردنی كێشەگەورەكان دەكات و كەم تا زۆر دەستی هەیە لە مانەوە و ڕاهێنانی خەڵك لەوەها دۆخێكدا. 
لەم دۆخەدا كە خراپترین دۆخی سیاسی و ئابووریە لە دنیای ئێمەدا، میدیای كوردی سەرقاڵی وروژاندنی ئەم پرسیارانەیە( كاكە حەمە كەی قەمسەڵەكەی دادەنێت؟، بەڕێزتان لەگەڵ ئەوە نین ژن ئۆتۆمیل لێبخوڕێت؟ بزانە كەی موچە دەدرێت و وەزارەتەكەی تۆی تیایە؟ بزانە ئەم كچە هونەرمەندە لەباوەش كێدایە؟ بزانە كارداشیان ..... چەند گەورەیە؟ ئایا فڵان بێژەر باوكی ماوە؟.... هتد). 
میدیا كوردی سەرقاڵی ئینتەرڤیوە لەگەڵ كەسانێك كە دەستیان لە قەیراندا هەیە، ڕۆژنامەنوسكوژ باس لە جوانی دەكا، منداڵەكانی حزب بە ئارەزووی خۆیان لە میدیای بێلایەنەوە ڕوخساری پارتەكەیان جوان دەكەن، چاوپێكەوتن لەگەڵ مەلا دەكرێت سوكایەتی بە ژن دەكات و ئامادە نیە لە ستۆدیۆ لەگەڵ ژن دانیشێت، پیاوی ئاینی میز دەخواتەوە و چەندانی تر.
هەموو ئەم جۆرە لە هەواڵ و ئینتەرڤیو و ڕاپۆرت لە میدیاكانەوە پێمان دەڵێت، میدیای كوردی و میدیاكارەكانی كوڕی ئەو كۆمەڵگەیەن و لە نەخوێندەوارییەكی كوشتندەدا دەژین.
هاوڕێیان بەر لە هەر شت، كاری میدیایی خەونە، خەونی ڕۆژنامەنوس بۆ جوانتركردنی كۆمەڵگە و وەستان لەسەر كەیسە گەورەكانی كۆمەڵگە هیچی كەمتر نیە لە سیاسیەكانی تر. بێبەهاكردنی كۆی كێشە گەورەكانی كۆمەڵگە لەسەردەستی ئەم تایپە لە میدیا، بێحورمەتیەكی گەورەیە بە كۆی كۆمەڵگە و بەر لە هەر شت بێبەهاكردنی میدیایە كە ئێستا بۆتە تاكە سەرچاوەی گەیاندنی زانیاری بە خەڵك. هیچ كاتێك بارتەقای ئێستا، میدیای كوردی دەستی نەبووە  لە غەزل دەماغكردنی بینەری ئێمە و ڕاهێنانی خەڵك لەگەڵ كۆی برین و خەم و ئازارەكانی.

26/05/2016



وتارەکانی تری نوسەر