نامەیەك بۆ خۆپیشاندەرانی 27ی مانگ

عه‌زیز ره‌وف
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ئازیز، من نازانم ئێوە بیست و حەوتی مانگ چی دەكەن و بەتەمای چین، بەڵام دەزانم پێویستە چی بكەن. چەند  خاڵێك هەیە فەرامۆشی مەكەن،  نەفەسدرێژبن، نابێت خۆپیشاندان وەك كردەیەكی كاتی ببینن، دەبێت بڕیار بدەن، چەند كاتی ویست دەبێ بە پشودرێژیەوە بەردەوام بن، ئەگەر شەو گەڕاینەوە بۆماڵ بۆ نوستن كەواتە هیچتان نەكردووە. نابێت تۆ تەنها داوای نان بكەن. ئەگەر تەنها داوای موچە دەكەن ئەوە مانای ئەوەیە ئێوە ئومێدتان بەم دەسەڵاتە ماوە. نیوە ناچڵ كار مەكەن  بە تكا، ئەگەر ئەم دەسەڵاتە تەواو بووە لەخۆتان ببورن و كاتی خۆتان بۆ دروستكردنی دنیایەكی تر تەرخان بكەن و گفتوگۆ ڕەت بكەنەوە. ئەگەر ئومێدتان ماوە ئەوا لە ئیستاوە سەقفی داخوازیەكانتان با گەورە نەبێت.
هاوڕییانم، كەس مەكەنە بەرپرس، خۆتان بن خۆتان و بەس، نە سیاسیەكان كۆمەكتان دەكەن نە مەلاكان، نە پارلەمانتار و نە خاوەن كورسیەكان، تا نەگەنە ئەو ئاستە هۆشیاریەی كە خۆتان دەنتوانن ژیانی خۆتان دەسكاری بكەن، لە ئێستاوە خۆتان ماندوو مەكەن و دێوێكی تری سیاسی بەسەر خۆتانەوە مەكەنە ماڵ.  نیوە ناچڵ هیچ مەكەن. ئەگەر دەسەڵات خراپە و هەناسەی گۆڕانكاری تێدا نەماوە، ئەوا سەرشەقام بەرمەدەن و خۆتان و ماڵ و منداڵتان وەرنە سەر شەقام و شەو بمینەوە لە خێمەدا.  
دەبێت ئەوەندە مەغرور بن كەس لە خۆتان بە گەورەتر نەزانن. دەبێ بزانن ئەوانەی  نانی ئێوە دەبڕن كەس نین بێدەنگی چەندساڵەی خۆتان نەبێت. كەس مەكەنە بەرپرس بەسەر خۆتانەوە. منداڵی هیچ بەرپرسێكی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ی پیشوو لەم وڵاتە ناخوێنن هەموو لەدەرەوەن. بیر بكەنەوە، هەر كارێك دەكەن بیكەن بەس خۆتان بن، تا ئاستی مردن گەر ڕۆیشتن بمرن،  بەس بۆخۆتان بمرن نەك دوای مەرگتان گرگنێكی تر بچێتە سەر كورسی و ببێتە بەڵا بەسەر منداڵەكانتانەوە. گوێ لە حیكایەتەكانی كەس مەگرن خۆتان حیكایەتن. چیرۆكی ئێوە موڵكی خۆتانە مەیەڵن كەس بەسەر چیرۆكەكانتانەوە ببێت بە بەرپرس. مێژووەكە دوور نیە، 17ی شوبات، خۆپیشاندان و ناڕەزایی، كێ شەهید بوو، كێ نانبڕاو كرا و دواتر كێ بەسەر شەهیدانەوە چووە سەر كورسی دەسەڵات و بوو بە قاچی سناعی بۆ ئەم دەسەڵاتەی كە نانی ئێوە دەبڕێت؟  كێ بوو بە وەزیر و مدیر عام و پارلەمانتار؟ وزەی خۆت لە دروستكردنی دنیایەكدا سەرف بكە سبەی بتێكی تر نەبێتە بەڵایەك كە دەبێت منداڵەكانت وزەی خۆیان بۆ ڕوخانی تەرخان بكەن. 
ئەی مامۆستای كورد، ئاوێكت نەڕشتووە وا بە ئاسانی تێیدا دەرباز بیت. كە براكان شەڕیان بوو لەسەر گومرگی ئەم وڵاتە تۆ دەتوت: سەری بەرزم بۆ موچە دانانەوێنم. تۆ هەر لەسەرەتاوە وەزیفەكەی خۆت نابووت كرد، نابووتكردنی مامۆستا و پەروەردە مێژوویەكی بیست و پێنچ ساڵەی هەیە، ئەوە خۆتی بەرپرسی و بەس، خۆت بەم هەموو ڕازیبوون و بێدەنگیەتەوە. غاندی جارێكیان وتی: مامۆستای ترسنۆك ئەستەمە خوێندكاری ئازا بەرهەم بێنێت، 130 هەزار مامۆستا هەیە، كتێبێك لەم وڵاتە چاپ بكرێت 500 دانەی لێ نافرۆشرێت، كەواتە مامۆستای كورد تۆ ناخوێنیتەوە، كە نەتخوێندەوە بیست و پێنچ ساڵە لەم پاشاگەردانیە بێدەنگی، عەیامێكە پەروەردە و مامۆستا و كۆششەكانت نابوت دەكرێن و تۆش بێدەنگی. 
مامۆستا و كارمەندی هەژار، وریابن ئەم هێزانە یاریتان پێ نەكەن ئەمانە لەسەرەوە كێشەیان نیە. هەركامیان نەخۆش بكەون دەچن بۆ نەمسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا. خەونی خۆتان لای خۆتانە لای كەسیان نیە. ئەوان پاسپۆرتی بیانی لە گیرفانیاندایە هەركات برۆن دەرۆن. ئێوە لیرەن كارمەند و مامۆستای هەژار. ئێوە خۆتان خاوەنی ئەم نیشتیمانەن نەك ئەوان، ئێوە بە خۆتان و خەم و برینەكانتانەوە لێرەن نەك ئەوان، ئەوەندە مەكڕوزێنەوە، ئێستا، ئەو ئێستایەیە خۆتان دروستتان كردووە نەك بەرپرسەكان.
ئەی مامۆستا و كارمەندی هەژار ئەوە خۆتانن ،خۆتان و منداڵەكانتان، ئایندە لەدەستی خۆتاندایە، هیچ ڕزگارتان ناكات، پێڵاوەكانتان داكەنن و بیگرنە ئەو پارلەمانتار و بەرپرس و بەناو ئۆپۆزسیۆنە درۆزنەی كە پێیەكیان لەدەسەڵات و پێیەكیان لەدەرەوەیە  و ئێستاش بڕوایان بە پاكێج ماوە. كەس ڕزگارتان ناكات خۆتان نەبێت، وزەی خۆتان مەكوژن بەدیار مژدەكانی ئەوانی تر، كاتی خۆتان مەكوژن بە نوێژی جەماعەت و ئەڵاهولئەكبەر، خۆتان هەم گەورەن و هەم پیرۆز، ئازادی لەدەستی منداڵەكانتاندایە نەك ئەوی تر، ئەگەر هەر خۆتان دێننە سەر جادە و هاوسەر و منداڵەكانتان لەماڵەوە، ئەوە دڵنیابە هیچت نەكردووە و دەتانەوێت ستەمكارێكی تر دروست بكەن. چونكە وەك چۆن دەسەڵات ویستی لەجیاتی ئێوە سیاسەت بكات، ئێوەش هەڵەن لەجیاتی ئەوانی تر بێنە سەر شەقام، دەبێت بە یەكسانی بێنە سەر شەقام. داخوازیەكانی 17ی شوبات گەورە بوون، داواكاریەكانتان بچوك مەكەنەوە تەنها بۆ موچە، دڵنیابە پارە هەیە و موچەكەشتان وەك خۆی لێ دەكەنەوە، بەومەرجەی قسە لەسەر گۆڕینی دەسەڵات نەكەن.
ئەی مامۆستا و كارمەندی هەژار، گۆڕانكاری گەورە بە خەونی گەورە دەكرێت، فڕین بە باڵی ئازاد ئەنجام دەدرێت، قەت نەبووە بە هەمان عەقڵیەتی دەسەڵات بتوانی ستەمكار لەسەر كورسی داگریت. ئەگەر داشیگریت، دووبارە دێوێكی تر دروست دەكەی كە ئەو دەمە منداڵەكانیشت باجی دەسەڵاتی ستەمكار دەدەن. 
بۆیە گرنگە خۆتان بن، خۆتان و بەس، چاوتان لە كەس نەبێت دنیاتان بۆ جوانتر بكات، ئایندە لەدەستی خۆتاندایە، خۆتان و بەس.

22/09/2016



وتارەکانی تری نوسەر