كەركوك

عه‌زیز ره‌وف
ڕووداوەكانی كەركوك زۆر راستی سەلماند كە نە وانەی لێ فیر دەبین نە ڕامان دەچڵەكێنێت. ئەوەی لە كەركوك ڕوویدا دروست وێنەی ئەو پاشاگەردانیەی دنیای ئێمەی پیشانداین لە بەڕێوەبردن وبەرگری و لاموبالاتی و حیسابنەكردن بۆ هەر پلانێك بۆ هاتنەناوەوە یان هەڵتۆقینی چەكداری نامۆ لە شارەكانمان. 
كەركوك ئەو شارەی دەوڵەمەندترین شاری دنیایە لە نەوت، خەڵكەكەی لە خراپترین ئاستی ژیان و بەرپرسەكانی لە مافیاییترین ئاستی بەڕێوەبردن ژیان دەكەن، بەڵام دواجار كە شار دەكەوێتە بەر مەترسی ئەوەی بەرگری دەكات خەڵكی شارەكە خۆیانن. ئەوەی لە بیست و چوار سەعاتی ڕابردوو لە هەر شارێكی تر ڕوی بدایە شار چۆڵ دەبوو، بەڵام كەركوكیەكان وەك ئەوەی ڕاهاتبن بە خوێن و برین،نەك شارەكەیان چۆڵ نەكرد، بەڵكو بەرگیەكی سەرسەختیش دەكەن. 
داعشێك هەیە كە دێتە شارەكانمانەوە سەری ئینسان دەبڕن، بەڵام بەرپرسگەلێكیشمان هەیە نانی خەڵك دەبڕن. دەمێكە كەركوكیەكان بەدەست نوخبەیەكی سیاسیەوە لەو شارە نانیان بڕاوە، ڕاستە كەركوكیەكان سەڕبڕین لە نانبڕین بەگرنگتر دەزانن، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانن مەرگی هێواش، كولەمەرگی ژیان هیچ لە سەربڕین كەمتر نیە و كەركوكیەكان و سەرجەم خەڵك لەم هەرێمە دەبێت دوای داعش حیسابێكیش بۆ نانبڕەكانیش بكەن و ئاراستەی ناڕەزای و نەفرەتەكانیان لە داعشەوە بگوازنەوە بۆ ئەم نوخبە سیاسیەی كە نە پلانی هەیە و نە ستراتیژ، نە مەبدەئی ماوە نە ویژدان.
ڕوداوەكەی كەركوك پاشاگەردانی میدیای كوردی نیشانداین، كە ئەوەی داعش نەیدەتوانی شوێنەكان بدۆزێتەوە، میدیای كوردی بە بەلاش و لەڕێی ڕاستەوخۆی شاشەكانەوە دەیگواستەوە بارەگاكانی داعش، میدیای كوردی لە دۆخی وادا چاوپێكەوتنی لەگەڵ بەرپرسی وادا دەكرد، چونكە لە شەڕەكە نەبوون و لە ماڵەوە بوون، هیچیان نەبوو بۆ وتن جگە لە پاڵەوانبازی سەر شاشەكان. 
سیازدە ساڵە نوخبەی سیاسی كوردی لە كەركوك وەك مافیا ڕەفتاری كردووە، هیچ مایەی شۆك نیە داعش یان دروست بێت یان بێتە شارەكەوە، چەندین ساڵە دوو ئیدارە و دوو ئاسایش و دوو شێوازی حزبی بەڕێوەبردن وای كردووە كە كەركوك وەك شارێك لە شار بكەوێـت و ببێتە لانەی بێنەوایان لەلایەك و لانەی چەكدارە بیانیەكان و كردنی شار بە تەسفیەی حیساباتی نێوان بەغدا و تاران و ئەنقەرە. 
ئێستا كەركوك لەنێو دڵ و قودسدا شتێكی ترە. ئەمجارەش كەركوكیەكان و پێشمەرگە بیرەنەوتەكانیان پاراست بۆ نوخبەیەك نەك بۆ خەڵك. 


22/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر