کۆیە....

عه‌زیز ره‌وف
تۆپ باهاوێژن یان نا، بە تەیارە بێن یان بە تانک، تەقینەوە بکەن یان کاری خۆکوژی، دەزانین ئێران و تورکیا لێرەن. مایەی شۆک نیە بە هاوێژانی چەند گوللەتۆپێک بۆ کۆیە توشی شۆک بین بەوەی کە ئێران هاتووە، ئێران هەمیشە لێرەیە بە خۆی و سوپا و هێز و جاسوس و قاسم سلێمانیشەوە، وەک چۆن تورکیا لێرەیە بەخۆی و سوپا و جەندرمە و میت و ئاردۆگان بە خۆی و هاوبیرە کوردەکانیشیەوە. 
ئەم ئەزموونەی ئێمە لە باشور بۆتە بەڵا بۆ پارچەکانی تریش. بەڵام لەم گەمەیەدا پارتی لە یەکێتی زیاتر حیسابی بۆ دەسەڵات و هەیمەنەی خۆی کرد و یەکێتی بە ئاشکرا بارەگای کۆمەڵە و دیموکرات وەک دوو هێزی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی جێ کردەوە و بە نهێنیش بێت ژێر دەسەڵاتی یەکێتی بنکە و بارەگای هێزەکانی تری باکور و ڕۆژئاوای کوردستانی تێدایە. ئەمە بە هەر پێوەرێک بێت لەسەر یەکێتی کەوت و پارتیش ناوچەی خۆی لە ئۆپۆزسیۆنی سەرجەم پارچەکانی کوردستان پاککردۆتەوە و چەند پارتێکی بچوک نەبێت ئەوەش لە سیاسەتی خۆیەوە نزیکن. لە ئێستادا فۆکەس لەسەر یەکێتیە کە ڕێگەی بە ئێرانیەکان داوە و ژێر دەسەڵاتی پارتیش پڕە لە چەکداری تورکی و بە ئاشکرا لە گوندەکان دەسوڕێنەوە و پەکەکە پاکتاو دەکەن و کەسیش ورتەی لێوە نایا. میدیای پارتی زۆر بە وردی کار لەسەر ئەجێندای حزبەکەی دەکات و میدیای یەکێتیش سەری لەم گەمەیە دەرناچێت. 
ئێمە لە باشور لە کوێی ڕووداوەکانداین؟ هەرکات تورک بیەوێت دەتوانێت سنورەکان ببەزێنێت و ساتێکیش فارس بیەوێت بە خۆی و پاسدارەکانیەوە نەک گورز لە هێزەکانی نەیاری خۆی بوەشێنێت بەڵکو لە داڕشتنی سیاسەتی ئەم ناوچەیە دەستی هەیە. 
کورد لە ناوخۆی و نە لە عیراقیش ئەجێندای ڕوونی نیە و ئەوە بۆ دەوڵەتانی دراوسێش ڕاستە کە هەر زۆنە و هەر هێزە و وەلائی بۆ وڵاتێکی ئیقلیمی هەیە و خۆی و نفوز و دەنگ و سامان و کورسیەکەی دەپارێزێت. 
کورد هێشتا شەڕی چاڵدێرانی تێنەپەڕاندووە و ناوچەکە لەنێوان عوسمانی و سەفەویدا دابەش بووە و هێزە کوردیەکان و دەسەڵاتی خۆجێیی کوردی هیچ دەسەڵاتێکی لە گۆڕینی ئاراستەکانی ناوچەکە و تەنانەت ناوخۆشدا نیە و بە درێژایی پێنچ سەد ساڵی ڕابردوو ڕێک لە سەردەمی شەڕی چاڵدێرانەوە ئەم ناوچەیە کەوتۆتە بەر تەپ و تۆزی ئەسپەکانی عوسمانی و سەفەوی. 
لە بەسرە سەفارەتی ئێران دەسوتێنن، لە کۆیە تۆڵە دەکەنەوە. ئێران هەمیشە وابووە، شەڕەکە دەباتە دەرەوەی خۆی، لەم یاریە ئێران دەیەوێت چالاکوانانمان بیر بباتەوەو لە سێدارەیان بدات و هەم گورزێکیش لە پلنیۆمی دیموکراتەکان لە کۆیە بوەشێنێت.
ئەی حکومەتی هەرێم لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدایە؟ کورد لەم ناوچەیە هەمیشە بە هێزێک دەنازێت کە نیەتی.


08/09/2018



وتارەکانی تری نوسەر