مامۆستای ئەخلاق

عه‌زیز ره‌وف


1
جارێک دانیڵ بورستین وتی: "گەورەترین دوژمنی مەعریفە جەهل نیە، بەڵکو هەڵەتێگەیشتنە لە مەعریفە"، ئەم کۆتەیشتنەی بورستین بۆ دنیای ئێمەش ڕاستە، لە بوونی پیاوانی گەندەڵ لە دنیای ئەمەدا ترسناکتر ئەوەیە ئیلۆژنێک بۆخۆت دروست بکەی کە کەسانێکیش هەن دژە گەندەڵن بەبێ ئەوەی ئەودیوی کەوالیس ببینین کە پیاوانی دابەشکەری ئەخلاق و ئەتەکێت ئامادەن و بارتەقای دەسەڵاتداران ترسناکن.

2
چەندە دنیای ئێمە ناشرینە، چەندە دەسەڵاتی ئێمە لەسەرەوەی سیستەمەوە کار لەسەر دنیای ئێمە دەکات، بەڵام هەرگیز جورئەت ناکات بڵێت ئێمە مامۆستای ئەخلاقین. ئەوەی نوخبەی دەسەڵات لە دنیای ئێمە نەیتوانی توخنی بکەوێ و دەسکاری بکا ئەخلاق بوو، بەڵام هێزێکی نوێ لە دنیای ئێمەدا کە چەمکی گۆڕانکاری لە بیرکردنەوەی عەقڵانیەوە گۆڕی بۆ شەڕە جنێو و بێبەهاکردن، بێئاگا دەکەوێتە هەڵەیەکی تری کوشندەوە ئەویش دابەشکردنی ئەخلاقە.

3
ئێمە کێشەی ئەتەکێتمان نیە. کاک نەوشیروان چوو بۆ لای بارزانی ئەسڵەن قایشی پانتۆڵی نەبەستبوو. شێوازی جل و بەرگی کاک نەوشیروان هیچ ئەتەکێتێکی تیا نەبوو، پێشوازی لە بەرزترین بەرپرسی ناوچەیی و جیهانی بکردایە نە قاتی لەبەر دەکرد و نە ڕیباتی دەبەست. بەڵام تا مرد بەرگری سەرسەختی لە بۆچوونەکانی خۆی دەکرد. بەڵام ئێستا قوتابیەکانی هەم بێمنەتن لە کەمکردنەوەی دەنگی خەڵک هەم ئامادەن لێپرسینەوە لەوانە بکەن کە ڕەخنە دەگرن، لەوەش ترسناکتر ئەوانەن کە دەبنە مامۆستای ئەخلاق و خەڵک فێری ئەتەکێت دەکەن.

4
تاکە شتێک لە دنیادا پێویستی بە مامۆستا نەبێت ئەخلاقە. ئەوەی خۆی بە مامۆستای ئەخلاق بزانێت و بیەوێت فێری ئەخلاقمان بکات کەس نین ئەوانە نەبێت بەوبەڕی بێمۆراڵیەوە دەنگی خەڵکی بۆ گەیشتن بە کورسی بەکاردەهێنن.


31/10/2018



وتارەکانی تری نوسەر