ئەمە نارەزایەتیە یان فەوزا؟!

هه‌ژیر که‌مال مسته‌فا


بەداخەوە ماوەیەکە ئەم شارە بەدۆخێکی فەوزاو سەرلێشێواویدا گوزەردەکات کە لەسایەیدا ھەموو وەرەقەکان تێکەڵبوون؛راستی و درۆ،زاڵم و مەزڵوم،تاوانبار و بێ تاوان،واقعی و ناوقعی،پیشەیی و ناپیشەیی،زانستی و نازانستی.... ھەمووی بەجۆرێ تێکەڵوپێکەڵبوون کە ئەستەمە وێنەکە لەھەر گۆشەیەکی ئەم شارەوە بە رونی و وەک خۆی ببینی.

 
ھەر روداوێ ھەر دۆخێ دێتەپێشێ؛لەم شارەدا بە چاک و خراپ؛شارەزاو ناشەرەزا،بە رۆشنبیرو عەوام،سیاسی و ناسیاسی،بەدونیابینی و مەرامی خۆی قسەو بەرخوردی لەگەڵ دەکات.لەم نێوەندەشدا ئەوەی دەبێت قسەی ھەبێت و گوێی لێبگیرێت؛ئارگوێمێنت و بەڵگەکانی لەنێو ژاوەژاو فەوزایەدا دەخنکێت و وندەبێت.
لە پەیوەست بە پەتای کۆرۆنا و رێکارەکانی روبەروبونەوی ئەم پەتایەدا،ئەم دیاردەیە زۆر بەزەقی دەبینین؛کە چۆن ئەم بابەتە مانا راستەقینەکەی خۆی لەدەستداوەو تێکەڵاوی بابەتی تر کراوە.

 
خەڵک بێزارە،برسیە،بێموچەو بێ مەعیشەتە و بەدەست بێدادی و گەندەڵی و خراپیی حکومڕانێتیوە دەناڵێنێ،بەڵێ راستە.بەڵام ئەمە لەو راستیە کەم ناکاتەوە کە پەتایەک ھەیەو نەک ئێمە سەرتاپای جیھان پێوەی دەرگیرە و دەبێت خۆمانی لێبپارێزین نەک تێکەڵکێشی بێنەوبەردە و مەرامی سیاسی دۆخی خراپی ئابوری بکرێت و ھەروەھا بیبەستینەوە بە تیۆری پلانگێڕیەوە و بەدرۆی بزانین.

 
ئەوە وتمان پارتی و یەکێتی درۆئەکەن و بۆ مەرامی سیاسی ئەم بابەتە بەکار ئەھێنن.ئەی ئەو پزیشک و پەرستارانەی کە رۆژ تا ئێوارە ھاوار ئەکەن:کە کرۆنا پەتایەکی ھەقیقیەو کارەساتبارە.چ مەجبوریانە درۆ بکەن؟!کە لەکاتێکدا ئەوانیش وەک زۆرینەی کۆمەڵگا دەرگیری بێ موچەیی و بێ گوزەرانین و بەشێکی زۆریشیان لایەنداری ھێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتن؟!


ھەربۆیە؛مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بابەتەدا بەم جۆرە؛کە لەبری سڵەمینەوەو جێبەجێکردنی رێنماییەکان خەریکی گردبونەوە و دروستکردنی حەشاماتبین و لەبەردەم کامێراکاندا لەڕێی کۆمەڵێ گوزارشت و دەربڕینی بازاڕیی جاھیلێوە گاڵتە بە پەتاو رێکارەکانی روبەروبونەوەی پەتاکە بکەین.دەرئەنجام   ئەشێ دڵی کۆمەڵێ پۆپۆلیست و لایەنی سیاسی پێ خۆشبکەین بەس دواجار چۆن خۆمان لە کارەسات و موسیبەتی ئەو دەردە قوتاردەکەین؟!


03/06/2020



وتارەکانی تری نوسەر