درۆی فرەسەرچاوەکردنی داھات

هه‌ژیر که‌مال مسته‌فا

ماوەی چەند ساڵێكە حکومەتی ھەرێم بەپەساوی زۆرکردن و فرە سەرچاوەکردنی داھات(بەتایبەت دوای موفلیسبونی حکومەت!)لەپەنا زیادکردنی نرخی خزمەتگوزارییە گشتیەکانی وەک ئاو کارەبا،کەوتۆتە سەر بارکردنی کۆمەڵێک باج و رسوماتی سەیرو سەمەرە بۆ سەر باری گرانی خەڵکی!


کرێی خۆڵ و خاشاک،ریکلام،جادانەو قیرانە،ژینگانە چی و چیتر .کە ھێندەی لەسەرانە دەچن لە مامەڵەیەکی حکومەتی ناچن.
چونکە پەیوەندی حکومەت و خەڵک؛لەسەر بنەمای ئەرک ماف دەچێت بەڕێوە؛کاتێک حکومەت کۆمەڵێک ئەرک دەخاتە سەرشانی خەڵی،دەبێت بەرتەقای ئەوەش ئەرکەکانی خۆی جێبەجێبکات.


کاتێک لەوڵاتانی پێشکەوتو باج وەردەگیرێت راستەوخۆ و بەبێ ھیچ نقورچلێگرتنێک بۆ خزمەتی گشتی سەرفدەکرێت بەتایبەت ئەو سێکتەرانەی کە باجەکەی لەڕێوە وەرگیراوە.


واتە؛دەبێت کاتێک حکومەت روی ئەوەی ھەبێت،کە پارەی جادەو ژینگەو خۆڵ و خاشاک لەخەڵکی وەربگرێت،کە باشترین و مۆدێرنترین جادەو جوانترین و پاکترین ژینگەی دەستەبەر کردبێ.

 
یان کاتێک پارەی خزمەتگوزارییە گشتیەکان لەسەر خەڵک زیاد بکات کە بایی ئەوەش ئاو کارەبا دابەشبکات.

 


نەک،ئەمە حاڵی جادەو ژینگەکەی بێت؛بۆ ئەم شارە دروستکردنی بەشێک لە پڕۆژەیەکی دواخراوی وەک سەد مەتری گەورەترین مژدەبێت و درختە سەرکەشەکانی ئەزمەڕو گۆیژەی ھی عەصڕی داگیرکەرانبێت و درەخت و سەوزاییەکانی عەصڕی خۆشمان لە نەزانی گەندەڵی و بێ ئاویدا لەم زۆنی سەوزەدا زەرد بچنەوە!!
بۆ ئاو ھەواکەشی خەستەخانەی ھیوا باشترین شایەتی بۆ دەدەن.

 
یاخود،خەڵکی بە تانکەر ئاو بکڕێت و مانگانە کۆڵێ پارەی مۆلیدە بدات و لەولاشەوە بەشێوەیەکی بێ بەرنامەو ھەرەمەکیانە بڕێکی زۆر پارەی ئاو و کارەبای لەسەر حسابکرێت.


لەم جۆرە بارودۆخانەدا؛کە وڵات دەرگیری کۆمەڵێک قەیرانەو خەڵکەکەی بەدۆخ و گوزەرانێکی نالەباردا گوزەردەکەن؛ھەم لەنەبون و کەمبونەوەی موچەو پەکەوتنی پڕۆژە و بێ کاری و بێ بازاڕیدا... حکومەت دەبێت لەچەندین رێگاوە ھەوڵی سوککردنی باری سەرشانی خەڵکی بدات؛کە یەکێک لەو رێگایانە لێخۆشبون یاخود کەمکردنەوەی باج و کرێی خزمەتگوزاریە گشتیەکانە.


بەڵام،ئەمە بۆ کێ؟ بۆ دەسەڵات و حکومەتێک کە بەڕاستی لەخەمی خەڵکەکەیدابێت،نەک کۆمەڵێک تاڵانچی،کە نە پارەی نەوت تونێتی شکاندون و نە قاچاخی و گومرگ و سەرانەو قۆرخکاری...تێریکردون.ئێستاکەش لەم زەمەنی بێ گوزەرانەیدا ھەڵپەی بڕینی (ئەوەی ماویشە)لە گیرفانەکانی خەڵکیدا دەکەن،لەژێر تایتڵی چاکسازی و فرەسەرچاوەکرنی داھات!! 


26/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر