لەبەرامبەر (لە بری بیرەوەری) ژیانکردنێک بە گەورەیی..

هه‌ژیر که‌مال مسته‌فا



لەکاتێکدا خەڵکی لەسایەی دەسەڵاتدارە "شۆڕشگێرەکانی"دوێنێوە بەدەست چەندین قەیرانی حەیاتیەوە دەناڵێنێت و  کوردایەتی و قەوارەو شۆڕش و چی و چیتر...بەھۆی بێدادی و بێ بژێویەوە لابۆتە فشەیەکی گەورە و ئامادەیە لەتاو زوڵم و فەشەلی حکومرانی کوردی بە کازمیش بیژەنێت.


کەچی لەم کاتەدا؛شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ بە بەھانەی ساغکردنەوەی مێژوو،خەریکی چەلەحانێ و بێنەوبەردەی ئەوەن کە کامیان لە حیکایەتەکانی دوێنێدا رۆڵی فریشتەو کامیان رۆڵی شەیتانی بینیوە!!
وەک ئەوەی خەڵکی ھێچ کێشەیەیەکی نەبێت تەنیا حیکایەتەکانی شۆڕشە ئایدیاڵێکەی ئەمانە نەبێت.


وەک چۆن دەوترێ:سکی تێر ئاگای لە برسی نیە.ئاوھاش ئەمانە لە تێری و دەرونێکی پڕ گرێ و بریندا ئاگایان لەدۆخی خەڵکی نەماوە!
تەنیا لەخەمی ئەوەدان کە چۆن مردوەیەک بە پێناسی جەلادێکەوە راپێچی مێژووبکەن!!! 


دەوترێ:کاتێک لەسەر شتێک زۆر قسەدەکەیت،ئەوا خۆت دەرگیر و کوشتەی ئەو شتەیت.
تەرخانکردنی زیاتر لە ٤٠ لاپەڕە بۆ قسەکردن لەسەر سەیکۆلۆژیای رەق و پاشان نەوشیروان مستەفا،خەمخواردن نییە بۆ ساغکرنەوەی مێژوو،بەقەد ئەوەی شەرحکرنی حاڵی نوسەرەکەیەتی؛کە دەرگیری چ سایکۆلۆژیایەکی رەقە بەرامبەر (ن.م)!


ئەنجام؛مێژوو ھەرچۆنێک بوبێت کۆتاییەکەی حکوم بەسەر ئەو مێژوەدا ئەدات...دەرئەنجامیش بینیمان؛زۆر یەک لە پاڵەوان و  ژەنەڕاڵی شۆڕشەکان بونە بێزراوترین مرۆڤ و لە پێناو کورسی دەسەڵاتدا ھەموو بەھاکانیان بێ بەھاکرد و گەلەکەیان روبەڕوی چەندین قەیران کوێرەوەری کردەوە.


بەڵام لەم کوردستانە ھەمووشمان نمونەی (ن.م)بینی؛کە چۆن پاش ڕاپەڕین شەرعێتی شۆڕشگێڕی نەکردە کراسەکەی عوسمان و تائەوکاتەی سەرینایەوە چۆن ژیاو بۆچی ژیا....ئەو حەشرە بێ وێنە و خۆڕسکەش کە لەپاش مردنەکەیدا بۆی کرا،دەرخەر و پاداشتی ئەو راستیەبوون.


بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا،دووخاڵ زۆر گرنگە؛


یەکەم:
گەر مەلا بەختیار ھەرچیەکی کردبێت؛لە ڕێگای قەڵەم و دیالۆگ و رێگا مەدەنێکانەوە کردویەتی.وە ھەمیشە بە بێ ماسک و بەسەراحەت رەخنەی گرتوە.(نەک وەک ئەو کەسانەی گولەیان دەنا بە وێنەکانی نەوشیروان مستەفاو دوایش لەدیوەخانەکەی کوڕەکانی شانازیان بەمەزنێتی ئەو  زاتەوە دەکرد!) 
ھەربۆیە زۆر گرنگە بەھەمان رێگاو بە ئارگوێمێنت و سایکۆلۆژیایەکی دوور لە توندوتیژی بەرخورد لەگەڵ قسەو نوسینەکانی ئە کەسایەتیەدا بکرێت.نەک کۆمەڵێک خەڵکی ھەرزەو پۆپۆلیست و خاوەن مەسلەحەت،بەریزکردنی جنێو سوکایەتی بیکەنە رۆژی خۆیان.


دووەم:
ئەوەی(لەپاش مەرگی ئەوزاتەوە)گۆڕان وەک حیزب وەھەم وەریسە خوێنیەکانی دەرھەق بە ناسنامە و خەون و ئامانجەکانی ئەو پیاوە کردویانە،ھیچ کەس و لایەنێکی تر نەکردویەتی نە پێی نەکراوە.
ھەربۆیە؛لە ئێستادا دوژمنە ھەقیقیەکانی (ن . م )لە ماڵەکەی خۆیدان،نەک ئەو کەس ئەو لایەنانەی کە رۆژانە لەڕێی دەربارو کەناڵە سێبەرەکانیانەوە ئیدیعای بۆ دەکەن.


ھەژیر کمال مستەفا

14/09/2020



وتارەکانی تری نوسەر