فەوزای سکاڵا لە کوردستان.!

لوقمان مستەفا ساڵح


لەگەڵ ئەوەی مافی هەر تاکێکی نێو کۆمەڵگایە پەنابەرێت بۆ سکاڵا کردن، لەڕێی دادگاکانەوە بۆ داکۆکیکردن لە خۆیی و وەرگرتنی ماف و رێگری لەزۆرداری وستەم،بێگومان جێی خۆشحاڵیە وای دەبینن کە دادگا بوەتە هۆی مسۆگەر کردنی دادپەروەری ویەکسانی بۆ هەمووان.

هەڵبەتە پەنا بردن بۆیاساو تۆمار کردنی سکاڵاو خۆ بەدوور گرتن لەتۆڵەسەندنەوە... خۆی لەخۆیدا ئاماژەیە بۆژیانێکی مۆدێرن و پێشاندانی رویەکی گەشی کۆمەڵگایەکی شارستانی لە هەرێمی کوردستان.

بەڵام ..لەتەک هەموو ئەمانەشدا، کورد گوتەنی خوێش بە مەعنا.!

لەم هەرێمەی ئێمەدا سکاڵا تۆمار کردن بووە بە باوو دیاردە،باوی دیالۆگ ولێک تێگەیشتن نەماوە.! بۆ بچوکترین کێشە بنکەی پۆلیسی گەڕەک خۆو بگرەهاتم....هەر لە سەرۆکی هەرێمەوە تا دەگاتە کارگوزاریك وبێکارێک ودرۆزەکارێک، سکاڵایەک لای بنکەی پۆلیسی گەرەکەکەی تۆماردەکات، رۆژنامە وگوڤارەکانیش وەک هەنگیان لەدار دۆزیبێتەوەو ئەوەی مەبەستیان بێت وسەرنج ڕاکێش بێت ماڵپەرەکانیان پێ دەڕازێننەوە، سکاڵاکە شێدەکرێتەوە و بە هەوەسی خۆیان شرۆڤەی دەکەن و وردەکاریەکانی بە مانشێتی زل وقەبە وروژێنەر باس دەکرێن.

لە هەمویشی سەیرتر..زۆر جاری لەپر دادگا وئاسایش وپۆلیس سکاڵاکەیان بەبیردا دێتەوە و دوای ماوەیەکی زۆر پێڕاگەیەندراوێک (تبلیغ) بۆ سکاڵا لەسەرکراو دەنێرن،وەی ئەگەر لەکاتی دیاریکراودا ئامادەنەبێت بەتایبەت ئەگە ئاگادارنامەکە سزایی بێت، بەجۆرێک لەجۆرەکان کەسی تومەتبار نەتوانێت لەکاتی یاسایی خۆی دا ئامادەبێت، ئەوا هێزەکانی پۆلیس یان ئاسایش بەشێوەیەک هەڵدەکوتنەسەری وپەلاماری سکاڵا لەسەرکراو دەدەن بێگومان (ئەوانەی بێ پشت وپەنان)کارێکی لێ بەسەر دێنن بابەدەواری شڕی نەکردبێت، مەگەر خێرخواو ویژدانی هەندێکیان بە هاواریەوە بێت، ئەگەرنا بەسەر وشان شکاندن دەربازببێت ئەوە کۆڵێ قازانجی کردووە، جارجاریش خێرەوەمەندێک دەکەوێتە نێوان سکاڵاکارو سکاڵا لەسەر کراوەوە،لە ئەنجامدا هێلێکی راست وچەپ بەسەر سکاڵاکاندادێنن وزۆر جار هەر لەبنکەی پۆلیس دۆسێکە دادەخرێت وتەنها سەر ئێشەکەی بۆبرایانی بنکەکانی پۆلیس وئاسایش و دادگا دەمێنێتەوە.!

ىڕوانن... چۆن دام ودەزگاکانی حکومەتیان بە سکاڵای بێ ماناو بێ سەرو بەرەوە سەرقاڵکردووە.!جاری واهەیە سکاڵاکان ئەوەندە زۆرن لەتواناو تاقەتی پۆلیس وئاسایش ودادگای لێکۆڵینەوەدا نیە.!! خۆ ئەگەر جیاوازی نەکەن زۆر جار زەبروزەنگیش بەکاربێنن لەگەڵ هەندێکیاندا ناحەقیان ناگیرێت،چونکە لەهەندێ کاتدا تومەتبارەکان بەچەک ڕوبەڕوی هێزە ئەمنیەکان دەبنەوە.

لەیاسای (اصول المحاکمات الجزائیە ) ساڵی ١٩٧١بەم شێوەیە پێناسەو باسی سکاڵای سزایی کردووەو دەڵێت:- سکاڵای سزایی ... بریتیە لە داواکردن و گرتنەبەری ڕێوشوێنی سزایی لەبەرامبەر ئەنجامدەری تاوان بۆ ئەوەی محاکمە بکرێ وسزا بدرێ،هەروەهاجوڵاندنی داوا بە سکاڵا (شکوی) دەبێ بە شەفەیی یان نوسراوبێت،پاشان پێشکەش دەکرێ بە دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە( قاضی تحقیق) یان لێکۆڵەر( محقق) یان هەر لێپرسراوێك لە بنکەی پۆلیس، یان هەر ئەندامێکی( ضبطی قضائی )یان بە هەواڵدان دەبێ بۆ داواکاری گشتی،هەروەهائەو کەسەی کەبۆی هەیە داوا بجوڵێنی واتە

داوای سزایی هەرکەسێك بزانێ تاوانێ ڕویداوە دەتوانێ هەواڵ بدات و

لەسەر بجوڵێنێ.

لەگەڵ ئەوەی کاری دادگای لێکۆڵینەوە بریتیە لە کۆکردنەوەی بەڵگە دەربارەی ئەو تاوانانەی کە لە سنووری تایبەتمەندیەکانی ئەو دادگایەدا روو دەدەن، بەمەش دەردەکەوێت کە سروشتی دادگای ڵێکۆلینەوە زیاتر لە دەزگایەک دەچێت، چونگە لەم دادگایە بڕیاری کۆتایی لەسەر کێشەکان نادرێت، دوای تەواو بوونی ڕێوشوێنەکانی ڵێکۆلینەوە، ھەر داوایەک بە گوێرەی ماددە یاساییەکەی، ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند دەکرێن، بۆ داداگایی کردنی تۆمەتبار.کەواتە کێشەکان وسکاڵاکان بەپێی تایبەتمەندێتی دۆسێەکان هەڵدەکشێت بۆ دادگاکانیتری نێودادگا.

وە لە سنووری پارێزگاکانی هەرێم چەندین دادگای ڵێکۆلینەوەی لێیە ، وە چەندین بنکەی پۆلیسی لێیە کە لەژێر سەرپەرشتی دادوەری ڵێکۆلینەوە کاری ڵێکۆلینەوە ئەنجام دەدەن، وە لەناو دادگاش ڵێکۆلەر (محقق) ھەیە.

سەدان نمونەی سەیروسەمەرەی سکاڵاکردن لە هەرێمەکەمانداڕۆژانە تۆماردەکرێن و بونیان هەیە بە زۆربەیان لە میدیاکانەوە گوێ بیستیان دەبین وەک:-

جارێک سەرۆک کۆمار سکاڵایی یاسایی تۆمار دەکات و جارێک سەرۆکی هەرێم و،جارێک سەرنووسەری گۆڤارو ڕۆژنامەکان و جارێک خاوەن تەندەرین و جارێک مامۆستایەکی ئاینی و جارێک نەخۆش لەسەر پزیشک تەنانەت کێ بییەوێت........هەر کێ بییەوێت دەتوانێت باس لە سکاڵای یاساییی بکات، کە بووەتە بنێشتە خۆشەی زاری خەڵکی،بەڕاستی سەیرە ئەم هەموو سکاڵایانە تۆماردەکرێت هیچ کەسێکیش سزای تاوانبارە گەورەکان نابینێ .!! کارەساتەکە لەوەدایە نەمانبینی پلەدارێک پیاو کوژێکی سەربەلایەنێکی سیاسی سەربەدەسەڵات،یا کادرێکی حیزبی، فەرمانبەرێکی باڵا یاخود شارەدارێکی گەندەڵ، هەرهیچ نەبێت لە بەر ڕێزی دادگاوچەسپاندنی یاسا بە سزای خۆیان بگەن و تاوانبارسزابدرێت وستەم لێکراوو خاوەن موڵکو ماڵەکانیش ئەو ئومێدەیان پێ ببەخشرێت کە لە کوردستان بەڵێ دادگا هەیەو یاسا لە سەروی هەموو هێزێکدایە.

سەرجەم چین و توێژەکان سکاڵا لەدژ یەکتر تۆمار دەکەن،بەناوی سەروەری یاساو دیموکراسیەتەوە فەوزایەکیان خوڵقاندوە ئەمسەروو ئوسەری دیار نیە.!!

ماوەتەوە بڵێین هەتا ئەو کاتەی هەیمەنەی حیزب بوونی هەبێت دەستێوەردان لەقەزادا بکرێت ویاسا وەک خۆی جێبەجێ نەکرێت، تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگاکاندا دژ بەتاوانباران ودزو جەردەومافیاکان هیچ مانایەکی ئەوتۆ نابەخشێت.! جگەلەوەی دەبێتە حبری سەرکاغەزو لاپەڕەی ڕۆژنامەکانی پێ دەڕازێنرێتەوە.


26/01/2017



وتارەکانی تری نوسەر