بەرەی تورکمانی یان بەرەی پیلان گێڕی!

لوقمان مستەفا ساڵح
مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە کەرکووک شارێکی کوردستانیە،لەتەک ئەوەشدا وا ناسراوە کە شاری فرە نەتەوەو فرەئاینیەکانە،شاری پێکەوە ژیانە،شارێکە لە چەشنی مۆم خۆی دەسوتێنێو  و دەتوێتەوەو ڕوناکی بەخشە بۆ هەمووان،بەڵام خەڵکانێک هەن خۆیان کردووە بەدەم ڕاستی کەمە نەتەوەیەکی دیاری کراوو ئەجندای ووڵاتێکیتر جێبەجێدەکەن،وەک تووتی قسەی خەڵکیتر دەڵێنەوە،بیریان دەچێت یا بە ئەنقەست خۆیان لە گێلی دەدەن وچاویان مێژووی ڕاستەقینەی ئەوشارە کوردستانیە نابێنێت.!!

زۆر دوور ناڕۆین تەنها دەگەڕێینەوە بۆ ئاماری ساڵی ١٩٥٧بابزانین ڕێژەی دانیشتوان وتەنانەت گەڕەکەکانی ئەوشارە چەند بووەو چۆنە:

ژمارەی دانیشتووان:

ژمارەی دانیشتووانی خەڵکی شاری کەرکوک لەساڵی (١٩٥٧) بەم جۆرە بووە:

    کورد (١٧٨٠٠٠) بووە.

    عەرەب(٤٨٠٠٠) بووە.

    تورکومان (٤٣٠٠٠) بووە.

    ئاشووری و کلدان (١٠٠٠٠) بووە.

لەھەمان ساڵی (١٩٥٧) دا ژمارەی کرێکارو کاربەدەستانی کورد لە کۆمپانیای نەوتی کەرکوکدا لەسەدا ھەشتا (٨٠%) بووە بەڵام سەرژمێری کردنی کرێکاری کورد لەساڵی (٢٠٠٣) دا لەسەدا بیست (٢٠%) بووە ئەمە بەڵگەی ئەوپەڕی شۆڤێنیستی بەعس و دەووڵەتی عێراق دەردەخات کەچۆن ساڵ لەدووای ساڵ کوردیان نان بڕاوو دەربەدەر کردووە. کارێکی تری ژێربەژێر ھەیە لەبارەی کەرکوکەوە ئەویش پەیمان و ڕێککەوتنی (تورکیا / عێراق) ە کەمن دڵنیام بەنھێنی ئەم کارە کراوە چونکە لەچەند ساڵی دووای سەربەخۆیی و دەووڵەمەندبوونی کوردستان دەترسن.

گەڕەکەکانی شاری کەرکوک:

    گەرەکە کوردنشینەکان (ڕەحیم ئاوا، ئازادی، مامۆستایان، شۆرجە، ئیسکان، بلاخ، قۆرییەشکاو، حەسیرەکە، تەپەی مەلا عەبدوڵڵا، دەروازەی باکووری کەرکوک، ئیمام قاسم، شۆراو، ئەحمەد ئاغا.خەبات)

    گەڕەکە تورکومان نشینەکان (مصلی، معلمین،ڕێگەی بەغدا، قەسابخانە، ئەڵماس).

    گەڕەکە عارەب نشینەکان (گریق بغداد، ١ی حزیران، وحدە، حریە، اشتراکیە، ممدودە، ٧نیسان، حی البعپ، نصروالعروبە، قادسیە، غرناگە).

    گەڕەکە کلدوئاشوورییەکان (شاگرلو، عرفە، الماس).

کەچی بەرەی تورکمانی دروشمی کەرکووک شارێکی تورکمانیەو هەربەتورکمانیش دەمێنێتەوە لەوشارەدا بەرزکردۆتەوە،خەریکی پیلان وئاژاوە گێریە وهەوڵی شێواندنی مێژووی شارەکەدەدات،پشت ئەستوریان بە ئاغاکانیان  خۆیان لێبوە بەوپشیلەیەی کەلە ئاوێنەدا خۆی بەشێر دێتە پێش چاو.!

دژی هەمووجۆرە بڕیارو جموجوڵێکی کوردو هێزەکوردیەکانە لەوشارە کوردستانیەدا،لەهیچ هەڵبژاردنێکدا دوکورسیان بەتەواوەتی نەهێناوە،ئامادەن لەژێر ئاڵای نەک عێراق تەنانەت داعشدا بژین،بەڵام ئاڵای کوردستان کوێریان دەکات وهیچ نابینن ونابیسن.

لەکاتێکدا لەژێر ئاڵای کوردستاندا دەژین وپلەوپۆستیان لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستانداهەیە،ئاساییەلایان ئاڵای کوردستان بەچواردەوری کەرکوکدا هەڵکرێ بەرانبەر بەداعش،خۆیان باش دەزانن کە پێشمەرگە شەری مان ونەمان دەکات بۆ خاتری سەرجەم پێکهاتەکانی شاری کەرکوک بەبێ جیاوازی ،بێگومان ئەوەش باش دەزانن لەسایەی سەری پێشمەرگەوەیە کە ئەوان بێخەم بەبیجامەوەلەماڵەوە دەخۆن ودەخەون.

بەڵام لایان ئاسایی نیە ئاڵای شەرەف وبەرگری لەخاکی عیراق وکوردستان بەتایبەتی وکەرکوک وکەرکوکیەکان لەسەر دامامودەزگا حکومیەکان هەڵکرێت.!هەر لەژێر ئەو ئاڵایەدابوو کە هەمان ئەوتورکمانەبوون کە ئێستا دژی ئاڵای کوردستان خۆپێشاندان دەکەن پێش چەند مانگێک هاتنە بەردەم پارێزگاری کەرکوک دەپاڕانەوەوداوایان دەکرد کە پێشمەرگە شارۆچکەی بەشیریان بۆ ئازادبکات.! هێشتا خوێنی شەهیدە پێشمەرگەکان بەتەواوەتی ووشک نەبۆتەوە  هەرزوو لەبیریان کردو کەوتنە پیلان گێڕان.

لەئێستادا لەڕێ ئەودوو نوێنەرەی کە لەپەڕلەمانی عێراق هەیانە ولەگەڵ هەندێ عەرەبی شۆڤێنی وبە فیتی ئاغاکانیان خەریکی پیلان گێڕانن بۆ لابردنی ئاڵای کوردستان لەسەردامودەزگا حکومیەکانی شاری کەرکوک.

بەڵام ..مەخابن ئەنجامی ململانێی بیر تەسکی حیزبایەتی لە شاری کەرکوک بەرەی تورکمانی لێکردووین بەشت.

لەلایەک پارتی دیموکراتی کوردستان پاڵپشتیەکی باشیان بوو بۆ جێگیر کردنی پێنچ کورسی کۆتای پەڕلەمانی لە پەڕلەمانی کوردستان،کەچی لە پەڕلەمانی عێراق تەنها دووکورسیان وەک کۆتا بۆداندراوەو نقەشیان لێوەنایە.!!

بەهەمان شێوە یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان لە  %33دەسەڵاتی ئیداری لەوشارەداپێدان.!!

ئەگەر بە پێوەری مافی دەنگ دان و(استحقاق الانتخابات)بێت بێگومان ئەو ڕێژە خەیاڵاویەیان بەرناکەوێت،یاسا هەڵە قەبوڵ ناکات،بەخشین وخێروسەدەقە لە جێبەجێکردنی یاسادا جێی نابێتەوە،هاتنەسەر سفرەی حازری زیاد لە مافی خۆیان ئەم کێشەیەی لێدەکەوێتەوە کە ئێستا بەرەی تورکمانی لێکردووین بە کەڵەگا.

کورد لەم سیاسەتەدا فەشەلیهێنا وای دەزانی بەرەی تورکمانی لایەنێکی سەربەخۆن،بەڵام بەهەڵەدا چوون،ئەوان تەنها جێبەجێکارن وئەجندای دەوڵەتی تورک پیادەدەکەن.ئەمە فەشەلی دبلۆماسیەتی کوردی دەردەخات کە نەتوانرا هیچ کام لەو پێکهاتانەی شاری کەرکوک بکەن بە دۆست وهاوپەیمانی کورد.

بۆیە دەبێت چاو بەو سیاسەتەدا بخشێنرێتەوەو بیر لە سیاسەتێکیتر بکرێتەوە کەگونجابێت لەگەڵ بارودۆخی پێکەوە ژیان لەوشارەدا.


03/04/2017



وتارەکانی تری نوسەر