ماوەیەکە هەندێ لە بەرپرسە بالاکانی بەڕێوەبەرانی پرسی ڕیفراندۆم بە هەناسەیەکی تەنگ وبەشێوەی تاڕادەیەک ئستفزازی لە چەندین لێدوانیاندا دوبارەی دەکەنەوەو دەڵێن: ڕیفراندۆم وپرسی سەربەخۆیی بەبێ پەڕلەمانیش ئەنجام دەدرێت.!!
ئاخر بەڕێزینە هەرچی بڕیارێک لە بارەگا حیزبیەکانەوە دەردەچێت ناچێتە چوار چیوەی یاساوە،تەنها بڕیارێکی سیاسیەو هیچیتر،دەتوانرێت تانەی لێبدرێت وڕاوەستێنرێت تاڕەدەی هەڵوەشێندنەوەش،لەبەر ئەوەی پەڕلەمان تەنها شوێنی شەرعی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە وشوێنی دەرکردنی یاساوبریارە چارەنوس سازەکانە، ئەودەزگا شەرعیەیە کە هەڵبژێرراوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە.
پاشان ..لەگەڵ ئەوەی هێزێکی یاسایی هەیە لە هەمان کاتیشدا لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وڕێکخراوە مرۆییەکانەوە معتبر ترەوزیاتر باوەڕ پێکراوە.
بەڵێ پەرلەمانی کوردستان،هەر وەک ووڵاتانی تر ئەو دەزگا نیشتیمانییە کە هاوڵاتیان بۆ ڕزگاربوون لە جەبەڕووت ودەسەڵاتی ڕەهاو بێ سنووری تاکڕەوەی و سنورێک بۆدەسەڵاتی تاکڕەوی دامەزراوە،بۆئەوەی هەموو بڕیارو دەسەڵاتەکانی حکومڕانی کۆنەبێتەوە لەژێر دەستی چەند کەسێکی کەمدا وچارەنوسی میللەتێک دیاری بکات،لەکاتێکدا پەڕلەمانێکی شەرعیت هەیە کە بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانانە لە ووڵاتدا لەجیاتی تاک بڕیاری کۆدەنگی ودەنگی خەڵک بەگشتی وبەشێوەیەکی یاسایی بڕیار لە کێشە چارەنوس سازەکان دەدات.
هەر بۆیە لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە لە ڕووی یاساییەوە، دەبێت پەڕلەمان یاسای ڕیفڕاندۆم تاووتوێ بكات و بڕیاری كۆتایی لەسەرچۆنێتی جێبەجێكردنی بدات، جا ئەگەر تۆ پەڕلەمانەكەت وەك باڵاترین دەزگای یاسا دانان پەك خرابێت، دەبێت چۆن و چ شەرعەتێك بدەیت بە ڕاپرسیەكە،یاخود پرسی سەربەخۆیی، ئەوە شەرعیەتی نێودەوڵەتی نێوخۆیش دەخرێتە ژێر نیشانەی پرسیارەوە.
بۆیە بەفەرمی پەرلەمانی کوردستانە یاخود ئەنجومەن نیشتمانیی کوردستانە،ئەم ئەنجومەنە نوێنەرایەتی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان دەکات و ھێزی یاسا دانەری حکومەیتی ھەرێمی کوردستانە.
گرنگیەکەی لەوەدایە کەپەرلەمانی کوردستان بۆی ھەیە ھەر یاسایەکی فیدڕاڵی لە ھەرێمدا بخاتە کار کە بەدەر بێت لە تایبەتمەندیی دەسەڵاتەکانی فیدڕاڵی کە لە ماددەی ١١٠ی دەستووری کۆماری عێراقی فیدڕاڵیدا ھاتوون.پرسی ڕیفراندۆمی بەدەست هێناوە.
بۆیە تکایە ئێوەی سیاسی بەرپرسیاریەتیەکی میژویتان لەسەر شانە لە کۆمەڵگادا، بێگومان ڕێزی خەبات وماندوبونی ئێوەدیارە وقورسایی وبایەخی خۆتان هەیە،هەرلە ڕۆژگارە سەختەکانی کۆڕی خەباتی شاخ و وئێستاش لە ژیانی مەدەنیدا، دەبێت بەهەمان گیانی خەباتی پێشمەرگایەتیەوە بەڕۆڵی خۆتان هەستن هەر لە سازان ویەک ڕیزی نێوماڵی کوردی وتا ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی،ئەوەی دەمێنێتەوە ڕێکارە یاساییەکانە جێێ بێڵن بۆ خەڵەکە یاساییەکە،کە بەبڕوای بەندە پێش هەموو شتێک کاراکردنەوەی پەڕلەمانی کوردستانە،کە کۆمەڵە کەسانێکی یاساناس وپرۆفیشناڵ لە بواری یاسادا لەنێوپەڕلەماندا بوونیان هەیە،بێشک دەتوانن ئەو دەنگەبن کە پرسە چارەنوسسازەکان بە یاسایی بکەن و بیگەیەنن بە کۆمەڵگای نێەدەوڵەتی ودۆست ونەیارەکانی کەلی کوردستان.