بێ گوێدانە یاساکانی جەنگ پێدەچێت هەڵەکان دووبارەببنەوە..
لوقمان مستەفا ساڵح
لە ئێستادا نزیکەی تەواوی خاکی کوردستان لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە لەژێردەسەلاتی داعش ڕزگارکراوە،بەڵام گومانی تێدا نیە هەر لە دوای تەواوبونی یەکجارەکی شەڕی داعش،هەرێمی کوردستان ڕووبەرووی کێشە دەبێتەوە لەگەڵ سوپای عێراق ومیلیشیا شیعەکانی وەک : حەشدی شەعبی وکتائبی ئەهل حەق وسرایا سەلام وبەدرو..هتد.هەرچەندە واپێشبینی دەکرێت کە ئەگەرئەو شەڕە ڕوویدا ئەوە جیاواز دەبێت لەگەڵ شەرەکانی پێشوی ڕژێمەکەی صدام،لەهەمووڕویەکەوە، چی لەبارەی هێزی سەربازی وپێداویستی سەربازیەوە بێت بۆ هێزە شەرکەرەکان لە هەردوولا،هەروەها وەزعی سیاسی نێودەوڵەتی وهەرێمایەتی کەخۆی لە پرۆتۆکۆلاتی بەرژەوەندی زلهێزەکانی وەک ئەمەریکاو ڕوسیا بەجیاجیا لەلایەک و هەریەک لە دەوڵەتە هەرێمایەتیەکانیتر لەلایەکی ترەوە ،کە بێشک پێکدادانەکانیش جیاوازدەبێت لەگەڵ شەرەکانی پێشوو،چونکە ئەم شەڕە ئەگەر ڕویدا چارەنوسسازدەبێت ویەکلایی کەرەوەدەبێت بە نسبەت چارەنوسی میللەتەکەمانەوە، بەداخەوە وا ئەو پێشبینیە بۆ ڕودانی ئەوشەرە داسەپێنراوە بەسەرماندا ڕۆژبەڕۆژ لەگەڵ نزیک بونەوەی کۆتاییەکانی شەڕی داعش لەلایەن ئەو هێزە تەماحکارو چاوچنۆکانەوە بەدەردەکەوێت.
بەڵام گرنگ ئەوەیە چۆن ووەبەچ شیوەیەک ئامادەکاری بۆ بکرێت.؟ لەگەڵ ئەوەی خەڵکی کوردستان لە ئازایەتی وجوامێری پێشمەرگە دڵنیایە کە چۆن بەگیانی خۆیان خاکەکەیان دەپارێزن.بەڵام،،ئەوەی لەم وتارەماندا بەگرنگی دەزانم وتیشکی دەخەمەسەر کە ئەم جارەیان گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە یاسا نێودەوڵەتیەکان پشتگوێ نەخرێت سەبارەت بە بەدیل گرتنی دوژمن لەبەرەکانی جەنگ پێویستە وەک خۆی مامەڵەی لە تەکدابکرێت وهەڵەکوشەندەکانی پێشووتر دوبارە نەکرێتەوە.
ئەگەروەک بارگراوندێک و وەبیرهێنانەوەیەک بگەڕێینەوە چاوێک بخشێنینەوە بە مێژوی خەباتی جەماوەری وچەکداری میللەتەکەمان بەتایبەت لەکاتی دەستپێکردنی ڕاپەڕینە جەماوریەکەی خەڵکی باشوری کوردستان لە بەهاری ساڵی ١٩٩١دا دەیان هەزار چەکداری سوپاکەی صدام بە دیل کەوتنەدەست جەماوەری ڕاپەڕیوی کورستان وهێزەکانی پێشمەرگە، کە ئەوکات بەرەی کوردستانی دەسەڵاتی ڕەهای هەبوو،لەسەر ناچە ئازاد کراوەکاندا و بڕیاربەدەستی یەکەم بوو لەسەرکۆی پرسەسیاسیە هەستیارەکانی کوردستان.
لەهەموو پرسەکان گرنگتریش پرسی بەدیل گرتنی ئەودەیان هەزار سەربازەبوو کە لەگەڵ دەستپێکردنی ڕاپەڕیندا نزیکەی ٥٠٠٠٠ پەنجاهەزارسەربازی سوپای بەعسی رووخاوبە دیل کەوتنە دەستی هێزەکانی پێشمەرگە بەڕابەرایەتی بەرەی کوردستانی. هەربە بڕیارێکی بەرەی کوردستانی،بڕیاری ئازاد کردنی سەرجەم ئەوئەفسەرو سەربازە دیلکراوانەی سوپا زەبەلاکەی بەعس درا.!! کە دەستیان سوور بوو بە خوێنی شەهیدان وبێ سەرووشوێن کرنی نزیکەی ١٨٢٠٠٠ ئەنفال وێرانکردنی هەزاران لە گوندو شاروشارۆچکەی هەرێمی کوردستان و کوشت وبڕوو ئەتککردنی شەرەف وکەرامەتی تاکی کورد بەدەستی ئەو سوپا نەفرەتیە.!! بەڵام سەرکردایەتی سیاسی کورد لەگەڵ ئەوەی کەوتە ژێر عاتیفەی دوژمنەکەیەوە ئەوەندەش بێ ئاگایانە هەڵسوکەوتی لەتەک یاسانێودەوڵەتیەکاندا کردو وەلاوەی نا،نە بە شێوەی ئەرێنی ونە بە نەرێنی یاسا نێودەوڵەتیەکانی جێ بەجێی نەکردن.!! ڕاستە كاری یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لە كاتی جەنگەكاندا كورتدەبێتەوە، ئەوانیش لە كۆمەڵێك بنچینە پیك دێن كە وڵاتان لەسەریان ڕێككەوتون و لە كۆمەڵگەی مەدەنیدا جێگیربوون، كە داوای سنور دانان دەكات لە بەكارهێنانی توندوتیژیدا لە كاتی جەنگەكاندا و، پاراستنی كەسانی بەشداری كردە سەربازیەكان و ئەوانەش دەست لە بەشداریكردن تێیدا هەڵدەگرن، وەك: بریندار ، پیكراوان ، دیل و لاشەڕەكان، بە نیازی سنورداركردنی توندوتیژی لە كاتی شەڕەكاندا تەنها بۆ ئەو كارانەی پێویستی سەربازی دەیانسەپێنن. سەرچاوەكانی یاسای نێودەوڵەتی ڕێكەتننامەكانی لاهای‘ ساڵانی 1899 و 1907ز‘ن بەتایبەت ئەو مادانەی كە لەو هۆكارانە دەدوێن كە لەكاتی جەنگەكاندا ڕێگەیان پێدراوە، هەروەها چوار ڕێكەوتننامەكەی جنێڤ‘ ی ساڵی 1949ز‘، زیاد بۆ ئەوەش جاڕدانی نێونەتەوەیی تایبەت بە پاراستنی منداڵ و ئافرەتان لە كاتە كتوپڕەكان و كاتی جەنگەكاندا ساڵی 1974ز‘ و ڕێكەوتننامەی دژایەتی ئەشكەنجە، مامەڵەی خراپ، سزادانی قورس یا نامرۆیی ساڵی 1984ز‘ و هەموو ئەم ڕێكەوتنناماننەش بێبەش نەكردنی هیچ كەس لەژیان، ئەشكەنجەنەدانی، سزانەدانی بەشێوەیەكی قورس یا دڕندانەی كەرامەتشكێن بەشێوەیەكی هەڕەمەكی، دووپات دەكاتەوە. لە گەڵ زۆریشیاندا ئەم یاسایانە بەدەست لاوازی و شكستەوە دەناڵێنن، چونكە هەندێك لە وڵاتان ئەو ڕێكەوتننامانە ناچەسپێنن، تەنانەت ئەو وڵاتانەش پەیمانی چەسپاندنیان دەدەن پابەندی هەموو بەندەكانی نابن، لە كاتێكدا ئەم ڕێكەتننامانە پابەند بوون پێیانەوە بۆ ویستی ئەو لایەنانە دەگەڕێتەوە كە ئیمزایان لەسەر كردوون، هیچ شتێك نیە ناچاریان بكات ڕێزی بگرن، ئەویش لەبەر نەبوونی دەسەڵاتێك كە چاودێری چەسپاندنی ڕێساو حوكمەكانی یاسای نێودەوڵەتی بكات، هەروەك بۆ یاسای نێوخۆیی ئەو وڵاتانەش هەمان شت ڕاستە.
بەڵێ هەڵسوکەوتی خەڵک وهێزی پێشمەرگە بەرانبەر بەوسەربازە دیلکراوانە زیاتر مرۆیی بون بەقەد ئەوەی هەلسوکەوتێکی یاسایی بێت،ئەمە ئەوەناگەیەنێت بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان مامەڵەیان لەتەک کرابێت.
ئەمە نمونەی زۆری یاسا نێودەوڵەتیەکان بوو،کە هیچ بڕگەو مادەیەکی یاسایی نێودەوڵەتی نیە کە بڵێت هەرچی دیلی جەنگ هەیە بە باش و خراپیەوە ئازادبکرێن وبەرەڵای ناوگەڕەک وشاروشارۆچکەکان بکرێن وسەرپشک بکرێن بەمانەوەیان لەکوردستان یان هەرکوێیەک کەخۆیان پێیان خۆشبێت بۆی بڕۆن کەلەئەنجامدا زۆربەیان گەڕانەوەیان بۆ عێراق هەڵبژارد.!!
ئەم ڕەفتارە سەیروسەمەرەیە لەهیچ کوێی دونیادا نەبوەو ڕوینەداوە،لەکوردستان نەبێت.!! ئەوەبو لەمانگی تەموزی هەمان ساڵ دووبارە چەکدار کرانەوەو ئامادە کرانەوە ڕەوانەی بەرەکانی شەڕیان کردنەوە بۆشەڕی کورد کوشتن.!!
بڕوانن دەوڵەتی ئێران کە زۆر جار بە تەنز ئامێزەوە باسی مەلاو عەمامەکانیان و دواکەوتوییان دەکەین، ببینن وببیسن چۆن بەسود وەرگرتن لە یاسا نێودەوڵەتیەکان لەلایەک و پێشێل کردنی لەلایەکیترەوە لەهەمان کاتدا چۆن مامەڵەی لەتەک یاسانێودەوڵەتیەکاندا کردووەوچۆن بۆ بەرژەوەندی خۆی سودی لێوەرگرتووە.
(( شهڕی ههشت ساڵهی عێراق و ئێران، كه به جهنگی یهكهمی كهنداو دهناسرێت، دیارترین ئهو شهڕانهیه، كه لایهنی ئێرانی به چڕی و به شێوهیهكی پێشكهوتووانه شهڕی دهروونی بهكارهێنا و ئامرازی شۆردنهوهی مێشكی دیلهكانیش دیارترین دیاردهی شهڕهكه بوو. ئێران شیوعییهكانی چینی تێپهڕاند و تهنیا بهوه نهوهستا دیلهكان له بیروباوهڕی خۆیان ههڵبگهڕێنێتهوه، بهڵكو ئهوانی له چوارچێوهی هێزێكدا بۆ شهڕكردن رێكخست و ههناردهی بهرهكانی شهڕی كردن، ئهمهش له مێژوودا وێنهی نهبینرابوو. ئێرانییهكان، به چهند قۆناغێك دیله عێراقییهكانیان خسته ژێر پرۆسهی شووشتنهوهی مێشك و له قۆناغی یهكهمدا دیله سوننی و شیعییهكانیان جیاكردهوه و لهناو ئهوانیشدا بهعسی و نابهعسییهكانیان جیاكردهوه و ههنگاو به ههنگاو ئهوانیان خسته ژێر پرۆسهی شۆردنهوهی مێشكهوه تا كار بهوه گهیشت ههموو مێشك شۆراوهكانیان له ژێر ناوی تۆبهكردووان (التوابون) رێكخست و رێكخراوێكی ئایدۆلۆژیان له ژێر ناوی رێكخراوی "بهدر" بۆ درووستكردن و بهههزاران تۆبهكردوویان له ریزی چهكدارانی ئهو رێكخراوه ناونووس كرد و دواتر بهكاریان هێنان بۆ شهڕكردن دژی رژێمی بهعس. ئێرانییهكان سهرهتا ناویان لهوانه نابوو "میوانهكانی كۆماری ئیسلامی" و كاریان بۆ ئهوه كرد، دیلهكان ههست بكهن كه تاوانبارن و تاوانیان دژ به خودا و ئاین و گهل كردووه و پێویسته تۆبه بكهن و پهشیمانی دهرببڕن. پاشان ئهوانیان ههنگاو به ههنگاو له تاكێكی شهڕكهری دژی كۆماری ئیسلامی گۆڕی بۆ تاكێكی شهڕكهری دژ به وڵاتهكهی خۆیان. له میانی مانهوهشیان له سهربازگهكان، ئێرانییهكان تۆبهكردووانیان دهبرد بۆ سهردانی مهزارگهكانی قوم و چاوپێكهوتنی ئایهتوڵڵا روحوڵڵا خومهینی رابهری ئێران و ههموو ئاسانكارییهكیان بۆ دهكردن، تا زیاتر متمانهیان لا درووست بێت و ههست به گرنگی تۆبهكردنیان بكهن)).
بەڵام ئەوەی لەوکاتەی کوردستاندا دەگوزەرا پاشەگەردانی بو بەمانای وشە،باشە خۆناڵێین ئەودیلانەیان بکوشتبان وقەتڵوعامیان بکردبان نەخێر،بەڵام ..لانی کەم ئازاد نەکرابان، داوای هاوکاری بکرابایە لە نەتەوەیەکگرتوەکان کە مامەڵەی دیلی جەنگیان لەتەکدا بکرێت و لەژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتوەکاندا ٌڕادەستی دەوڵەتێکی دراوسێ بکرابان تا وەزعەکە هێور دەبۆوە،نەک هەروا بە ئاسانی و بێ گەڕانەوە بۆ یاساکانی جەنگ تەنها بۆ دەستخۆشانەیەک فووی پیاکەیت وهەرهەموو بە پیس وپاکەوە ئازد کەیتو پاشانیش ڕژێمی بەعس ئەوەبو جارێکیتر سودی لێوەرگرتن وپرچەکی کردنەوەوهێرشی پێکردنەوەسەرمان.!!
سەیر لەوەدایە تائێستا ئەم ئەقڵیەتە وەک خۆی ماوەتەوەوئەوەی کە بیری لێناکاتەوە چۆنێتی مامەڵەکردنێتی لەگەڵ دوژمنەکانیدا،ئەوەی بیری لێناکاتەوە نەخوێندنەوەیەتی لە ودەق ومادە یاسا نێودەوڵەتیەکانە.!! بێگومان ئەگەر جارێکی کەش دووبارەبێتەوە، ئەگەر بەهەمان عەقڵیەتەوە هاوشێوەی پێشو ئاوا بێ بەرنامەوتاکتیکی یاساکانی جەنگبن بۆدەستخۆشانەیەک هەموو ڕەنج وماندووبونی قوربانیانی دەیان ساڵەی کوردستان وخوێنی شەهیدان دەدرێ بەبادا.!
07/06/2017
وتارەکانی تری نوسەر