هێرش بۆسەر ڕۆژنامەنوسان خەریکە دەبێت بەدیاردە!

لوقمان مستەفا ساڵح
مەخابن لەگەڵ ئەوەی ڕۆژانە زۆرترین دروشم و بانگەشەی ئازادی ڕادەربڕین و دیموکراتی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لەم هەرێمە دەبیستین، بەڵام تائێستا لە باشووری کوردستان ڕۆژنامەنوسان لەژێر هەڕەشە و گوشاری دژواردان، ئەگەر  ڕۆژنامەنوس بەدڵی دەسەڵات نەنوسێ وبیرنەکاتەوە ئەوە ژیانی لەبەر هەرەشەی گرتن ولێدان و تیرۆرکردن دایە.

 ماوەیەکە ڕۆژانە هەواڵی کوشتن و تیرۆر و ڕفاندن وبەڕۆژی ڕوناک دەکەوێتە بەر شەق وتێهەڵدان و سوکایەتی پێکردن لەلایەن کەسانی چەک بەدەست ونەناسراوودەمامک دارەوە،بێ ئەوەی هیچ دەزگایەکی ئەمنی بەجدی لەوحاڵەتەبێتەدەنگ.! وەلێ مەخابن هێشتاش بکەرانی ئەو تاوانانە نادیارن و نابیستین کەسێک لەسەر ئەو تاوانانە سزا درابێت، هەرئەوەشە ترس و گومانی زیاتری لەناو کۆمەڵگا دا دروست کردووە، بەتایبەتی ئەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر ڕۆژنامەنوسان و کەسانی ڕۆشنبیر و ئازاد، وای کردوە کە تاکەکانی کۆمەڵگا چیدی هەست بە ئەمنیەتی ژیانیان نەکەن، بێگومان هەموو ئەو هێرشانەی کە دەکرێن، هێرشن بۆ سەر ئازادی بیروڕادەربڕین، ئامانجی سەرەکەیش لەو هێرشانە بەکۆیلەکردنی کۆمەڵگایە، چونکە ئەگەر کۆمەڵگایەک ئازاد نەژی و بە ئازادی بیرنەکاتەوە ئەوا مەحکومی ژێردەستی وکۆیلایەتییە .

بۆیە پێویستە لە باشووری کوردستان مافی گەل بەگشتی و ڕۆژنامەوانی ئازاد و بیروڕای ئازاد بەتایبەتی بپارێزرێت، چیدی نابێت ئەم بێدەنگیە کوشندەیە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، پێویستە بەرلە هەرلایەک سەندیکای ڕۆژنامەنوسان لەو گۆشەگیریەی بێتە دەرەوە و خاوەنداری لە ئەندامەکانی بکات، ئیدی دەبێت دادگاکان سەربەخۆی خۆیان بسەلمێنن و بەرگری جدی لە مافەکانی ڕۆژنامەنوسان بکەن.
  بەرلەهەر لایەک حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا ئەمنیەکان، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە هێرشە ناڕەواکانیان تیادا دەکەنەسەرنوسەروڕۆژنامەنوسەکان، چونکە ئەو هێزانە بەرپرسیاری سەرەکیان دەکەوێتە ئەستۆ.

 کوشەندەترین شت ئەوەیە کەڕۆژنامەنوسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، لەبەرامبەر ئەو تاوان و هێرشانە دەکرێتە سەر هاوپیشەکانیان بێدەنگ دەبن و وەک هەواڵێکی ڕۆتین لێی ئەڕوانن.! چونکە ئەو ڕوو داوانە کە ڕوودەدەن  خەریکە مەترسیەکە بۆسەر کۆی ڕۆشنبیران وقەڵەمە ئازادو بوێرەکان تادێ چڕتردەبێتەوە، بە شێوەیەکە خەریکە لە حاڵەتەوەدەبێ بەدیاردە کەئەمەش ڕێک پێچەوانەی یاساو بنەمادیموکراسیەکان ومافەکانی مرۆڤە.

چونکە هێشتا یاسای كاری رۆژنامەنوسی، یاسای ژمارە (35)ی ساڵی (2007) وەكو پێویست جێبەجێ نەكراوە بۆ رێزگرتن لە رۆژنامەنوسان و مافەكانیان كە حكومەتی هەرێم، دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەكان كەمتەرخەمی سەرەكین.
هێشتا یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2013 (یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان) بە باشی نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە. زانیاری دروست و پێویست نەخراوەتە بەردەست كەناڵەكانی میدیا و رۆژنامەنوسان. 
کەچی تیرۆرو سوکایەتی پێکردنی رۆژنامەنوسان وەكو مەترسییەكی گەورە بۆسەر كار و گیانی رۆژنامەنوسانی كوردستان بەردەوامە و هێڵە سورەکانی تێپەڕاندووە. !

جاڕیی گەردوونیی مافی مرۆڤ ، ماددە / 19 كە تیایدا هاتووە : (( هەموو كەسێك مافی ئازادیی بیروڕاو ڕادەربڕینی هەیە ، ئەم مافەش هەڵگرتنی بیروڕا بەبێ‌ خۆتێكەڵكردنی كەسێكی دیكەو وەرگرتنی هەواڵ و بیروباوەڕو بڵاوكردنەوەیان بەهەرشێوەیەك و بێ‌ خۆبەستنەوە بە سنوری جوگرافی دەگرێتەوە )) جاڕی گەردوونیی مافی مرۆڤ ، ئەنیستیتۆی كوردی لە پاریس ، 1990 ل 75 ، و هەروەها سەیری ماددە / 19 ی بەڵێنی نێودەوڵەتیی مافە شارستانێتی و سیاسییەكانی ساڵی 1966 بكە كە تیایدا هاتووە : (( 1- هەموو كەس مافی ڕاوەرگرتنی هەیە بێ‌ دەستێوەردان .

2-  هەمووكەس مافی ئازادیی دەربڕینی هەیەو ئەم مافە ئازادیی تۆژینەوە لە زانیاری و هزری هەربابەتێك بێت و وەرگرتن و گواستنەوەی بێ‌ گوێدانە سنوور و ئەویش بە زاربێت یان بە نووسین یان بە چاپكردن سائیتر لە قاڵبێكی هونەریدا بێ‌ یان بەهەر شێوازێكیتر كە خۆی پەسندی بكات …..))

بێشک ئەوکارە قێزەونانە کە لەباشوری کوردستان ڕوودەدات،کۆی ئەزمونی هەرێمی کوردستان لەبەرانبەر ڕای گشتی جیهانی ونێوخۆیی دەخاتە ژێر پرسیارەوە،ئەگەر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم هەروا بێدەنگ بێت ئەوا سەندیکای ڕۆژنامەنوسان وڕێکخراوە کانی مافی مرۆڤ لەکوردستان دەتوانن ئەو کەیسانە بجوڵێنن وسكاڵاتۆماربکەن دژ بەحکومەت چونکە وەک پێویست بەئەرکی سەرشانی خۆی هەڵناسێت وکەمتەرخەمی لێدەکات،دەتوانن سکاڵاتۆماربکەن لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان وهەروەها وروژاندنی ئەوکەیسانە  لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتیەکاندا  تابە ئاگا بێنەوەو هەوڵی جدی بدەن بۆ دەسگیر کردنی ئەو دەمامکداروو چەکبەدەستانەی کە بوونەتە مەترسی بۆسەرژیانی ڕۆژنامەنوسان وهەڵگرانی ئاڵای  ئازادی ڕادەربڕین و ڕێگری لە شێواندنی ئەزمونی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان. 




12/07/2017



وتارەکانی تری نوسەر