پێکهێنانی حکومەت و سیاسەتی نائومێدکردن

د. دارا محەمەد
حکومەت وەک پێکهاتەیەکی سیاسی خاوەنی گرنگیەکی تایبەتە لە ژیانی هاوڵاتیان و پاراستنی ئاسایش و بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا. بەڵام بەشێکی گەورەی حکومەتەکانی جیهان مەترسیەکی گەورەن بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان و دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵگە لە رێگەی بەرپاکردنی جەنگ و لەناوبردنی سەرجەمی ئەو کایە گرنگانەی لەرێگەیەوە هاوڵاتیان دەتوانن پرسیار لە کردارەکانی ئەم پێکهاتە سیاسیە بکەن. 
لێرەدا باس لە شێوازەکانی حوکمڕانی و چەمکی حوکمڕانی ناکەین، بەڵکو سادەتر باس لەو بارە دەکەین کە تیایدا حکومەت لە رێگەی دەنگدانەوە، بێگومان کاتێک دەنگدانەکە بڕێکی گەورەی ساختەکاری تیانیە، دێتەکایەوەو دەبێ لەسەر بنەمای هەندێ پرەنسیپی دیموکراسیانە دروست ببێت. بەشێکی گەورەو گرنگی حکومەت بەجێهێنانی ئەو پەیمانانەیە کە بە دەنگدەری داوەو دەنگدەریش بۆ ئەم مەبەستە دەنگی پێبەخشیوە. واتە حکومەت هەر بەتەنها بەرپرسیار نیە بەرامبەر بەدیهێنانی پەیمانەکانی، بەڵکو ئەو بەرپرسیارێتیە سیاسیەشی لە ئەستۆدایە کەلەلایەن هاوڵاتیانەوە متمانەی پێدەبەخشراوە بۆ نوێنەرایەتیکردنیان و بەڕێوەبردنی وڵات بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندی هەمواندا بێت. 

بێگومان چەمکێکی گرنگی دیکەی پێکهاتەی حکومەت لەپاڵ چەمکی بەرپرسیارێتیدا بریتیە لە چەمکی لێپرسینەوەو هەژمارکردن (Accountability)، کە گرنگی ئەم چەمکەش لەوەدا دەردەکەوێ کە هیچ حکومەتێک توانای راپەڕاندنی کارەکانی نیە ئەگەر بە پرۆسەیەکی لێپرسینەوەو وردبینی و هێنانە بەردەم بەرپرسیارێتیدا نەڕوات. ئەمەش بێگومان پرۆسەیەکە کە پەرلەمان و کۆمیتە جیاوازەکانی وەک دامەزراوەیەکی یاسادانان پێویستە رۆڵێکی گرنگ ببنینن تیایدا، واتە لەوەی کە حکومەت بهێننە بەردەم بەرپرسیارێتی لەبەرامبەر ئەو کارو سیاسەتانەی پەیڕەوی لێدەکات. ئەمەش بە مانای بوونی چاودێریەک بەسەر حکومەتەوەو داوالێکردنی بۆ پێشکەشکردنی رونکردنەوەو وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی رووبەڕووی دەکرێتەوە کاتێک هاوڵاتیان گومان لە دروستی ئەو کارانە دەکەن. ئەمەش وا دەکات کە حکومەت لەبەردەم کارەکانیدا بەرپرس بێت و لەکاتی قەیران و هەڵە سیاسیەکاندا هەژمار بکرێ وەک بەپرسی یەکەم و بهێنرێتە بەردەم لێپرسینەوە. گرنگی ئەم پرۆسەی چاودێری و لێپرسینەوەو وردبینیەو بەدامەزراوەیکردنی خودی ئەم پرۆسەیە لەوەدایە کە رێگەنادرێت حکومەت ببێت بە ئەختەبوتێکی هێندە فرەباڵ و جەمسەر کە نەتوانرێ کۆنتڕۆل بکرێ و گۆڕین و لابردنی ببێتە کارێکی ئەوەندە سەخت کە تەنها لە رێگەی راپەڕین و شۆڕشەکانەوە بەئەنجامبگەیەنرێت. بێگومان کاتێک حکومەت دەبێتە ئەم ئەختەبوتە ئەمە بۆ خۆی هەنگاونانە بەرەو بنیاتنانی سیستمێکی دیکتاتۆری و ئۆتۆکراسی کەکار لەسەر هێشتنەوەی نوخبەیەکی دیاریکراو دەدات لە هەرەمی سەرەوەی دەسەڵاتدا و هیچ دەرفەتێک بۆ گۆڕین و هاتنەکایەی حوکمڕانی جیاواز ناهێڵێتەوە لەلایەک و، لەلایەکی دیکەشەوە ئەو فەزا و کایانە بەرتەسک دەکاتەوە کە هاوڵاتیان و کۆمەڵگە بە گشتی لەڕیگەیەوە دەتوانن بەشداری لە پرۆسەی بڕیاردان و گفتۆگۆ سیاسیەکاندا بکەن. 

ئەم کایە گشتیانە رۆڵێکی گرنگ دەبینن لە پاڵ دامەزراوەی یاساداناندا بۆ چاودێریکردن و رەخنەگرتن لە سیستمی حوکمڕانی و کارو سیاسەتەکانی حکومەت، ئەویش لە رێگەی دروستکردنی فشار بۆ سەر حکومەت و دامەزراوەکانی و هەژمارکردنیان بەوەی کە بەرپرسن لەبەرامبەر چۆنێتی بەکارهێنان و بەڕێوەبردنی دەسەڵات. ئەمانە سادەترینی ئەو پرەنسیپانەن کە هەر حکومەتێک، کە بەرەو سیستمێکی ئۆتۆکراسی و دیکتاتۆری نەڕوات دەبێت پەیڕەویان لێبکات. بەڵام کاتێک لە دیاردەی حکومەت و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت لە کوردستان ورددەبینەوە، ئەوە دەبینین کە ئەم حکومەتە نەک هەر خۆی بە بەرپرس دانانێت لەبەرامبەر ئەو قەیران و کێشە سیاسیانەی دەیگرێتەبەر، بەڵکو گرفتی سەرەکی و قەیرانی قوڵی ئەم پێکهاتە سیاسیە ئەوەیە کە خودی حکومەت تەنها وەک چوارچێوەیەک وایە کە ناواخنەکەی و ناوەندی ئەم چوارچێوەیە حیزب پڕیدەکاتەوە. کەواتە ئەم حکومەتە نە پێکهاتەیەکی جیاوازو سەربەخۆیە کە توانای کارکردنی هەبێت لە دەرەوەی گەمەی سیاسی حیزبەکان و نە توانای دروستکردنی ئەو دامەزراوانەشی هەبووە کە سەرەڕای گۆڕینی دەسەڵاتەکان بتوانێت لەسەر میکانیزمی خۆی بەڕێوەبچێ. 

ئەو قەیرانە قوڵەی حکومەت و پێکهێنانی حکومەت لە کوردستاندا پیا تێدەپەڕێ بریتیە لەو پرۆسەیەی حکومەتی تیا دروستدەکرێ. پاش تێپەڕبوونی نزیکەی ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەماندا هێشتا نەتوانراوە حکومەت دروستبکرێ کە بەشێکی گەورەی ئەم دروستنەبوونە بەندە لەسەر ئەو گەمە سیاسیەی حیزبەکان لە میانەی شەڕ لەسەر دەسەڵات بەڕێوەیدەبەن، کە ئەمەش کەشێکی سیاسی لە ناو هاوڵاتیاندا دروستکردووە کە دەشێ لێرەدا بە سیاسەتی نائومێدکردن ناویبەرین کە حیزبەکان بێباکانە پیادەی دەکەن. ئەم سیاسەتە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، هەروەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، کە دەسەڵاتی حکومەت دواجار لە دەسەڵاتی حیزب بەهێزتر و گرنگتر نیەو ئەوەی لە ئەنجامی ئەم سیاسەتەوە دروستدەبێ ونبوونی ئەو کۆمەڵگە مەدەنیەیە کە ئەرکەکەی هێنانەکایەی ئەو دامەزراوانەیە کە لە بەرامبەر دەسەڵاتی سیاسیدا دەوەستنەوەو کار لەسەر بەرەنگاری و چاودێریکردنی ئەم دەسەڵاتە دەکەن کە خۆی لە پێکهاتەیەکی سیاسی وەک حکومەتدا دەبینێتەوە. کەواتە ئەو پرسیارەی لێرەدا دروستدەبێ ئەوەیە کە گرنگی دروستبوونی حکومەت چیە لە کاتێکدا ساڵانێکی درێژە کار لەسەر بێماناکردنی ئەم پێکهاتە سیاسیە دەکرێ؟ پێموایە لەسەر دوو ئاست دەتوانین لەم قەیرانە تێبگەین. 

ئاستی یەکەم ئەوەیە کە لەناو ئەم حکومەتەدا هێزێکی دیکەی گەورە لەپاڵ دوو هێزە کۆنەکەدا بەشدارە کە پەیمانی ئەوەی داوە کە وەک رکابەرێک کاربکات، واتە راستیەکان نەشارێتەوە لە پێناوی بەدەستهێنانی چەند دەسەڵاتێکی سیاسیدا. بێگومان تا ئێستا هیچ نیشانەیەکی سیاسیمان لەبەردەستدا نیە بۆ باوەڕهێنان بەم گریمانەیەو لە راستیدا ئەو کەسانەش کەم نین کە گومان لە راستی ئەم پەیمان  و گریمانەیە دەکەن. بەڵام ئەگەر ئەم حکومەت و پەرلەمانە توانای بەرهەمهێنانی پرۆسەیەکی رەخنەگرتن و چاودێری و دیاریکردنی دەسەڵاتی هەبێت، واتە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکتری و گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ دامەزراوەکانی وەکو دامەزراوەی دادوەری و یاسادانان، ئەوا حکومەت دەبێتە ئەو پێگەیەی دەسەڵاتی تیا پیادەبکرێ. واتە دەبێ ئەو شێواز و بونیاتە لەبەریەکهەڵوەشێنێتەوە کە تا ئێستا حکومەت لەسەری رۆیشتوە کە بریتیبووە لە بێهێزکردنی پێکهاتەی حکومەت و ملکەچکردنی پەرلەمان و دامەزراوەکانی بۆ دەسەڵاتی حیزب. 

ئاستی دووەم ئەوەیە کە کۆمەڵگە و هاوڵاتیان دەبێ هەمیشە کار لەسەر دروستکردنی ئەو کایە گشتیانە بکەن کە خۆی لە هەوڵدان بۆ بەشداریکردنێکی سیاسیانەی چالاکانە دەبینێتەوە بۆ رەخنەگرتن و چاودێریکردنی دەسەڵاتی سیاسی و هێنانەکایەی کۆمەڵگەی مەدەنی. واتە کۆمەڵگەیەک کە سیاسەت و چالاکی سیاسی لە ناو کایەی گشتیدا دەبینێتەوەو، بەتەنها چاوی لەسەر بوونی حیزبێکی دیکەی ئەڵتەرناتیڤ نیە، بەڵکو چاوی لەسەر ئەو هێزەیە کە تاکەکەسەکان و هاوڵاتیان دەتوانن لەناو کایەی گشتیدا بۆ بەرنگاربوونەوەی دەسەڵات بیهێننەکایەوە. لێرەوە فشاری هاوڵاتیان و کۆمەڵگە بە گشتی و دامەزراوەی پەرلەمان بۆ جیاکردنەوەو دیاریکردنی دەسەڵاتەکان و گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ دامەزراوەکانی حکومەت توانای ئەوەی هەیە کە حکومەت بکاتە بەرپرسی یەکەم لەبەردەم قەیرانەکاندا و پاشان هێنانی سەرانی حکومەتە بۆ بەردەم کۆمیتەکانی پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە لێیان و پێشکەشکردنی رونکردنەوە لەسەر سیاسەتەکانیان. بەڵام بێگومان ئەوەی کە ئێستا روودەدات لە ئامادەبوونی سەرانی حکومەت بۆ بەردەم پەرلەمان و پێشکەشکردنی خوتبەیەکی سیاسی نوسراو لەبری رونکردنەوەو ئامادەبوون بۆ لێپرسینەوە بریتیە لە بچوککردنەوەی حکومەت و کردنی بە سێبەری حیزب. نەبونی حکومەتێکی بەرپرس و خاوەن لێپرسراوێتی لەبەردەم سیاسەتەکانیدا هەمیشە پێشینەیەکە بۆ شکستی سیاسی دەسەڵات و بەدامەزراوەینەکردنی ئەم پێکهاتە سیاسیە، کە ئەمەش ئەو گرفتە سیاسیانە دەهێنێتە پێشەوە لەسەر کێشەی خود حوکمڕانی و بوونی دەوڵەت کە ئەمانە بۆ خۆیان هەڵگری کۆمەڵێک قەیرانی قوڵن لەسایەی قەیرانەکانی حوکمڕانیدا.
تێبینی: 
ئەم وتارەی د. دارا محمەد لە ژمارە ١٥ی گۆڤاری سپی میدیا بلآوکراوەتەوە         


25/06/2014



وتارەکانی تری نوسەر