چەند سەرنجێک لەسەر دۆخی ئێستای کوردستان

د. دارا محەمەد
دۆخی ئەمڕۆی کوردستان دۆخێک نیە دەرئەنجامی کۆمەڵێک گەمەی سیاسی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بێت کە کوردستان و حکومەتەکەی لە سێبەری ئەو گەمە سیاسیەدا بوبێتنە قوربانی و ویستی سیاسی و توانای خۆیان بۆ حوکمڕانی لە دەستدابێت. ئەمە تەنها ئەو کاتە روودەدات کە وڵاتێک راستەوخۆ لەلایەن هێزێکی دەرەکیەوە داگیردەکرێ و حکومەتی ناوخۆیی لەناو دەبات. بەڵام ئەو دۆخەی ئێستای کوردستان دەستکردی ئەو شتەیە کە لە باشوری کوردستان پێیدەوترێت حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو حکومەتە حیزبیەی کە هەر لە ساڵی ٩٢ دا بە مردوویی هێنایانە بوونەوە، حکومەتێک کە لەلایەن دوو حیزبەوە بەڕێوەبراوەو بە ئەندازەی ئەو ململانێ خێڵەکی و دەمارگیرییە خوێناوی و پاوانخوازیەی نێوانیان ئەم حکومەتەش بە هەمان ئەندازە لێوانلێوکراوە بە قەیران و پایەکانی ئەم حوکمڕانیە لەناو دەریایەک لە گەندەڵی سیاسی و ئابوریدا دانراوە، کە هەر ماوەیەک بە جۆرێکی جیاواز قەیرانەکانی خۆی مانیفێستدەکات. ترۆپکی ئەم قەیرانەش خۆی لەم ساتەکاتەی ئێستای کوردستاندا مانیفێستدەکات، کە بە بڕوای من نابێت بە تەنها لەوەدا کورتی بکەینەوە کە ئەم حکومەتە توانای دابینکردنی موچەی هاوڵاتیانی نیە. لێرەدا گرنگە بە ریشەی گرفتەکەدا بچینە خوارەوە، واتە ئەوەی ئەمڕۆی دروستکردووە، بێگومان پرسیاری ئێمە لێرەدا ئەوە نیە کە بۆچی ئەمڕۆ دروست بوو، چونکە ئەمە بۆ خۆی پرسیار نیە. واتە بە تێڕوانین لە پرۆسەی سیاسی کوردستان لە ماوەی ٢٥ ساڵی رابردوودا و ئەنجامدانی خوێندنەوەیەکی فیکریی و سیاسی و ئابوری، ئەم پرسیارە کە بۆچی ئەمڕۆ دروستبوو پرسیارێکی ساویلکانەیە لەبەرئەوەی ئێستای کوردستان بەرهەمی رابردوویەکە کە بنەمایەکی فشەڵی هەیە و بێبەرنامەو هەڕەمەکی بەڕێوەچووەو ئێستاش لە حوکمڕانیەکی حیزبی شکستاویدا بەرجەستە دەبێت کە پایەکانی بەرەو رووخان دەچن. کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەو هۆکارانە کامانەن کە ئەمڕۆی دروستکردووە و گرنگترین خاڵێکیش کە لێرەدا پێویستە دوای بکەوین ئەوەیە کە دەبێت چۆن داهاتویەک دروستبکەین. بەڵام پێش ئەوەی ئەم ئەرکە بە ئەنجام بگەیەنین دەبێت بزانین چۆن دەتوانرێت ئەم دۆخەی ئێستا تێپەڕێنین، واتە لەبەریەکهەڵوەشاندنەوەی دۆخی ئێستا بە مەرجی خوێندنەوەیەکی قووڵ بۆ ئەو رابردووەی ئێستای دروستکردووە. ئەم رابردووە بریتیە لە چیرۆکی حکومەتێکی رزیو هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە، حوکمڕانیەک خاڵی لەهەر بەرنامەیەکی سیاسی و ئیداری و ئابوری. وردتر قسە بکەین، ئەم حکومەتە حیزبیە لەسەر بنەمای بیابانێک لە بیری سیاسی دامەزراوە کە خاوەنی هیج جۆرە جیهانبینیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی نەبووە و لە هیچ کاتێکیشدا توانای داڕشتنی سیاسەتیکی ئابوری نەبووە. حکومەتێک کە لەلایەن دوو حیزبەوە دیلکراوە بووە بە پێگەیەک بۆ بە تاڵانبردنی سەرچاوە سروشتیەکان و هەرزانفرۆشکردنی سامانی گشتی وڵات و دابەشکردنی بەسەر ئەندام و لایەنگران و کەسانی دیکەدا بۆ کڕینی رۆحی مرۆڤەکان و دەنگەکانیان. ئەوەی ئەم حکومەتە حیزبیەی هێنایەکایەوە بریتیبوو لە گوێزانەوەی کولتوری جەنگی نێوان حیزبەکان لەسەر ناوچەکانی دەسەڵات لە شاخەوە بۆ ناوشار و بەرپاکردنی جەنگێکی ناوخۆ و دواجار لەتکردنی کوردستان بەسەر دوو ناوچەی دەسەڵاتدا کە تا ئێستاش سنورەکانی ئەم دوو دەسەڵاتە بە شێوەیەکی پراکتیکی ماونەتەوە. شکستی گەورەی ئەم حکومەتە حیزبیە لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە دەبێتە ئامرازێک نەک بۆ پیادەکردنی یاسا، بەڵکو بۆ پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی حیزب. هەمیشە ئەوە هەردوو سەرکردەی یەکێتی و پارتی بوون کە دەسەڵاتەکانیان لەسەروو دەسەڵاتەکانی حکومەتەوە بووە و لە سایەی نەبوونی یاساشدا لە کوردستان، ئەم حکومەتە حیزبیە جگە لە دەزگایەک بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی حیزب و هەرەسپێهێنانی ئابوری وڵات هیچی دیکە نەبووە.

گرفتێکی کوشندەی دیکەی ئەم ئەزمونە کوردیە کە لە باشوری کوردستان لە ٩١ ەوە دێتەکایەوە، لە پاڵ ئەو حکومەتە حیزبیەی دروستدەکرێ، ئەوەیە کە ئەم دەسەڵاتدارێتیە کە بە دیاریکراوی دوو حیزب قۆرخی دەکەن بە تەواوی بێ بنەمایە، واتە لەسەر بنەمایەکی هیچگەرایی دروستبووە. مەبەست لەمە ئەوەیە کە دەسەڵاتێکە هەڵگری هیچ جۆرە فەلسەفەیەک نیە بۆ حوکمڕانی، خاوەنی هیچ پرۆژەیەکی کۆمەڵایەتی نیە بۆ رێکخستنی کۆمەڵگە و دروستکردنی ئەو کایانەی کە تیایدا ئازادیەکان پێویستە گەشەبکەن و هاوڵاتی لەگەڵ بوونی یاسادا  دروستدەبێت. بە هەمان شێوەش خاوەنی هیچ جۆرە سیاسەتێکی ئابوری نیە تاوەکو بتوانرێت لەسەر بنەمای پلانێک ئابوری نیشتمانێک بنیاتبنرێ. شۆکی ئەم دەسەڵاتە ئەوەیە کە هیچ عەقڵێک لە پشتیەوە کارناکات، بەڵکو ئەوەی کاردەکات لەسەر ئاستی ئابوری بریتیە لە دروستکردنی پارەیەکی زۆر کە بەشی زۆری بچێتە گیرفانی ئەو نوخبە دەسەڵاتدارەوە بە بێ بەکاربردنی سەرمایە لە ناوەوەی وڵات بۆ کەرتە بەرهەمهێنەرەکان و بەکارهێنانی بڕێکی ئەم پارەیەش بۆ مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی خۆیان لەرێگەی بەهێزکردنی دەزگا سەرکوتکەرەکانیان و کڕینی دەنگی هاوڵاتیان و دڵسۆزی ئەندامەکانیان. یەکێکیش لە کارەکانیان بۆ مسۆگەرکردنی ئەمە دروستکردنی ئەو سوپایە بوو لە فەرمانبەران کە ئێستا توانای دابینکردنی موچەی ئەم سوپایەیان نیە. واتە گرنگ نیە هەرچی کارگەکانە لە کار دەکەون و کەرتی کشتوکاڵی لەناودەچێ و سامانی ئاو بەفیڕۆ دەڕوات، بەڵکو ئەوەی بۆ ئەم نوخبە دەسەڵاتدارە گرنگە دروستکردنی سەرمایەیەکی خێرایە لە رێگەیەکەوە کە تێچویەکی کەمی هەبێت و پێویستی بە بەکارهێنانی سەرمایەی گشتی نەبێ کە دواجار هەر ئەم نوخبەیە خاوەنێتی نەک خەڵک و دامەزراوە گشتیەکان. باشترین کەرتێکیش بۆ ئەم مەبەستە بریتیبوو لە کەرتی نەوت کە قازانجێکی خەیاڵی دەهێنێتەکایەوەو لە هەمانکاتیشدا پێویستی بەکاربردنی سەرمایەی گشتی یان خۆیی  نیە. لە ئێستادا هەردوو یەکێتی و پارتی کۆکن لەسەر وشکردن و هەرزانفرۆشکردنی ئەم سەرچاوە سروشتیە کە بۆ ماوەیەک بووەهۆی هێنانی پارەیەکی زۆر و دروستکردنی سەرمایەیەکی زۆر لەناو وڵاتدا و دروستبوونی برەوێکی ئابوری کە لەڕاستیدا هیچ نەبوو جگە لە بڵقێکی ئابوری کە ئێستا دەتەقێ. بێگومان کۆمەڵێک هۆکاری جیاواز هەن بۆ ئەم دۆخە ئابوریەی ئێستا کە بە پلەی دوو دێن لەوانە دابەزینی نرخی نەوت و دروستبونی شەڕی دژی داعش، بەڵام هۆکاری سەرەکی دروستکردنی ئەم بڵقە ئابوریە، هەروەک لە سەرەوە باسمانکرد، نەبوونی سیاسەتێکی ئابوری و دانەمەزراندنی ئابوریەک بوو کە توانای خۆژیاندن و بەردەوامی هەبێت و پشت بە پتر لە یەک سەرچاوە ببەستێ، هەروەها دروستکردنی ئەو کۆمپانیا حیزبیانەی کە بە شێوەیەکی ترسناکانە کەوتنە وشکردنی سەرچاوە دارایەکانی وڵات بۆ گیرفانی نوخبە دەسەڵاتدارەکە و دروستبوونی مافیایەکی نەوتی. ئەمە کارەساتی سیاسەتی ئابوری ئەم حکومەتە حیزبیە نەبێت چیە کاتێک نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دانیشتوانەکەی موچەخۆری بودجەی گشتیە و نزیکەی لە سەدا حەفتای خەرجی گشتی کوردستان دەچێ بۆ موچەی فەرمانبەران؟ پتر لەسەر ئەم خاڵە قوڵ نابمەوە و ئەمە بۆ ئابوریناسەکان جێدەهێڵم.

ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە کە ئەو دۆخەی ئێستا بەرهەمی نوخبەیەک یان دوو نوخبەی سیاسی، راستتر وایە بڵێین دوو نوخبەی حیزبیە کە دەستیان بەسەر جومگە سەرەکیەکانی حوکمڕانی و کایەی ئابوریدا گرتووە بەبێ ترس لە لێپرسینەوە و، داگیرکردنی کایەی سیاسیە بە شێوەیەکی دیکتاتۆری و سەربازیانە، کە هەر کاتێک شەپۆلی ناڕەزایی خەڵک هەبێ ئامادەن بۆ بەکارهێنانی هێزو سەرکوتکردن. ئەم نوخبە حیزبیە بە هیچ شێوەیەک ئامادە نیە دەستبەرداری دەسەڵات ببێ و پارەی بودجەی گشتی بەکاردەهێنێ بۆ بەهێزکردنی دەزگا سەرکوتکاریەکانی و مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی خۆی. لە مێژووی ٢٥ ساڵی رابردووی باشوری کوردستاندا ئەم حوکمڕانیەی کە یەکێتی و پارتی قۆرخیان کردووە هیچ ساتێکی دیموکراسیانە نەژیاوە. بەڵکو لەوپەڕی داگیرکردنێکی حیزبیانەی حوکمڕانی و کایەی سیاسی و   ئابوریدا ژیاوە لە ساتی گرتنەدەستی دەسەڵاتەوە تا ئەمڕۆ بە جۆرێک کە شێوازەکانی حوکمڕانیەکی ئۆتۆکراسی و دیکتاتۆریەتی سەرۆکیان بنیاتناوە. ئەم داگیرکردنە حیزبیە بۆ کایەی سیاسی و ئابوری رەنگدانەوەیەکی نێگەتیڤانەی لەسەر کایە کۆمەڵایەتیەکە دروستکردووە، بەو مانایەی کە هەژاری ئەم نوخبە حیزبیانە لە نەبوونی هیچ جۆرە جیهانبینیەکدا بۆ ئەو کایە کۆمەڵایەتیەی ئەوان کاری تیادەکەن بووەتە هۆی نەبوونی هیچ بەرنامەیەک بۆ گۆڕینی کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی مۆڕاڵی گشتی و دروستکردنی ریفۆرم لە جیهانبینی کۆمەڵگە بۆ زۆر پرس بە تایبەتی بۆ پرسی ژنان و کارکردن لەسەر ئەم کێشە کۆمەڵایەتیە و چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی دیکە. ئەم نوخبە حیزبیانە جگە لەوەی کە نەیانتوانیوە هاوڵاتیبوون لە کایە سیاسیەکەدا دروستبکەن لەسایەی داگیرکردنی ئەم کایەوە، بە هەمان شێوەش، بەشێکی کۆمەڵگەو مرۆڤەکانیان لەسەر ئاستی مۆڕاڵ کردووە بەو مرۆڤانەی کە بوونەتە بەشێک لە بەگەڕخستنی ماشێنی حیزب. لێرەوەیە کاتێک باس لە گۆڕین دەکرێ،  گۆڕینێک کە ئەم سیستمەی ئێستا لەبەریەکهەڵدوەشێنێتەوە -ئەمە بێگومان ئەگەر شتێک هەبێت بە ناوی سیستمەوە یان ئەوەی هەیە بریتیبێ لە تێکەڵەیەکی ناڕێکو پێک لە حوکمڕانیەکی حیزبی لەگەڵ کۆمەڵێک دامەزراوە- دەبێت ئەو گۆرینە کار لەسەر چاککردنی مۆڕاڵی کۆمەڵگەو مرۆڤەکانی بکات بەکارکردن لەسەر دروستکردنی جیهانبینیەک کە مرۆڤەکان بە شێوەیەکی یەکسان سەیربکرێن لەتەک ئازادکردنی کایەی سیاسی و ئابوری لەو داگیرکردنە حیزبیە، کە بۆ ئەمەش یەکێک لە رێگەکان بریتیە لە دروستکردنی ئەو کولتورە سیاسیەی کە باوەڕی بە ئازادی و مافەکان هەیە. ئەوەی ئەم نوخبە حیزبیانە لە چەند ساڵی رابردوودا کردوویانە تەواو پێچەوانەی ئەمەی سەرەوە بووە و کۆمەڵگەیان بەرەو لێواری مەرگ و نابوتیەکی مۆراڵی بردووە. کەواتە ئەوەی گرنگە لەم خاڵەوە لێیتێبگەین ئەوەیە کە هیچ کایەیەک لەم کایە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریانە بێ یەکدی کارناکەن و گۆڕینی یەکێکیان پێویستی بە دەستکاریکردنی ئەویدیکەشیان هەیە. ئەم پرۆسەی گۆڕینە بە لابردنی کۆمەڵێک دەموچاو و هێنانی کۆمەڵێک دەموچاوی دیکە نایەتەدی و بە لابردنی حوکمڕانیەکی حیزبی و هێنانی حوکمڕانیەکی دیکە نایەتەدی کە خۆی لەسەر هەمان کەلەپوری رابردووی دیکتاتۆریەتی سەرۆک و دروستکردنی ئۆتۆکراسیەتێکی دیکە بنیاتنابێت. پرسیاری گەورە لێرەدا ئەوەیە ئەگەر قسە لەسەر گۆڕینی جۆرێک لە سیستم دەکەین، ئایا ئەم پرۆسەی گۆڕینە لە کوێوە دەستپێدەکات و کارەکتەرەکان یان بکەرەکانی ئەم پرۆسەیە کامانەن؟    

چۆن دۆخی ئێستا تێبپەڕێنین؟
وەڵامی ئەم پرسیارە کە چۆن ئەم دۆخەی ئێستا کە لە باشوری کوردستاندا دروستبووە بگۆڕدرێت لە وەڵامی ئەو پرسیارەوە بەدەستماندەکەوێ کە لەسەرەوە کردمان ئەویش ئەوەیە کە پرۆسەی ئەم گۆڕینە لە کوێوە دەستپێدەکات. لە کاتێکدا تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی ئێستا دەشێ یەکێک لە بکەرەکانی حیزبی سیاسی بێت، چونکە حیزبی سیاسی دەتوانێت ببێتە فاکتەری بەگەڕخستن و داینەمۆی بزوتنەوە جەماوەریەکان و هەوڵی مۆبیلەزەکردنیان بدات و سەرهەڵدان و جوڵەکان رێکبخات. بەڵام بە سەیرکردنی واقیعی سیاسی ئەمڕۆی باشوری کوردستان حیزبی سیاسی یان لە گرتنەدەستی دەسەڵاتەوە لە هەوڵی داگیرکردنی کایە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەکاندا بووە، یان بە شێوەیەکی لاواز ماوەتەوە و ئەو رۆڵە نابینێ لە کۆکردنەوەو جوڵاندنی خەڵکدا و بە کۆمەڵێک بەرژەوەندی سیاسی بێدەنگکراوە. بەڵام رەنگە یەکێک لە ئەگەرەکانی جوڵەیەکی جەماوەری بریتیبێت لە جوڵەیەکی عەفەوی یان خۆڕسکانە کە هیچ حیزبێکی سیاسی رۆڵی لە جوڵاندنیدا نەبێت. ئەم بزوتنەوە خۆڕسکانەیە گرنگی خۆی هەیە لەوەدا کە جڵەوی سەرکردایەتیکردن لە هێزێکی سیاسی حیزبیەوە دەگوێزرێتەوە بۆ ناو خەڵک و لەوێوە بەڕێوەدەبرێت. بە ڕای هانا ئارێنت ئەم بزوتنەوە خۆڕسکانە توانای داهێنان و هێنانەدی روداوی نوێیان هەیە. لە سایەی ئەم جۆرە بزوتنەوانەدا ئەوانە لە دایک دەبن کە رەنگە پێشتر لە ئارادا نەبووبێتن. ئەوەی بۆ هەر بزوتنەوەو جوڵەیەکی جەماوەری و سیاسی گرنگە ئەوەی کە خاوەنی جۆرێک لە خەیاڵی سیاسی بێت، خەیاڵێک کە توانای بیرکردنەوەی هەبێت لەو ئەگەرانە کە پێشتر تاقینەکراونەتەوە. ئەم خەیاڵە سیاسیە گرنگە چونکە دەتوانێ وردتر بیر لە داواکاریەکان بکاتەوەو لایەنە پراکتیکیەکانی ببینێت و خاوەنی پرۆژەیەکی سیاسی  بێت کە ئامانجەکەی خوێندنەوەیەکی قوڵە بۆ ئێستا و هەڵگەڕانەوەیە لە دژی ئەو بەهایانەی ئەم دۆخەی ئێستایان دروستکردووە. یەکێک لەو گرفتانەی کە رەنگە بهێنرێتە پێشەوە سەبارەت بەم بزوتنەوە خۆڕسکانە ئەوەیە کە ئەگەر ئەم بزوتنەوانە رێکنەخرێن و لەلایەن هێزێکی سیاسیەوە ئاراستە نەکرێن ئەگەری ئەوەی هەیە کە بە شێوەیەکی ناڕێک بڕوات و بخزێتە ناو کردەی توندوتیژیەوە و هەندێک پێیانوایە کە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە بە دروستبوونی راپەڕین ئەگەری مەترسی دووبارەکردنەوەی سوریایەکی دیکە دەهێنێتەکایەوە. خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوباتی ٢٠١١ رەنگە باشترین نمونەیەک بێت لە بەردەمماندا کە بە شێوەیەکی خۆڕسکانە هاتەکایەوەو لەلایەن خەڵکەوە سەرکردایەتی کرا بە فۆرمێکی ناتوندوتیژانە و بووە پاڵنەرێک بۆ هێزە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکان کە بچنە پاڵ خۆپیشاندانەکان.

بێگومان هەموو ئەگەرەکانی راپەڕینی چەکداری و پەنابردنە بەر توندوتیژی ئەو ئەگەرە مەترسیدارانەن کە پێویستە وەلابنرێن. توندوتیژی ئەو ئەنجامە کارەساتئامێزانە بەرهەمدەهێنێ کە کۆمەڵگە بەرەو لێوارەکانی لێکترازانی مرۆیی و هێنانەکایەی نوخبەیەکی دیکتاتۆر دەبات کە هەمیشە دەخوازێ دەنگە جیاوازەکان کپبکات و بزوتنەوەی شەقام و توڕەیی خەڵک بۆ بەرژەوەندیە سیاسیەکانی خۆی بفڕێنێ. توندوتیژی هەروەک ئارێنت دەڵێ بێزمانەو توانای گفتوگۆکردنی نیە. هەر بۆیە کاتێک توندوتیژی دێتەکایەوە بە خراپترین شێوەکانیەوە ئیدی سیاسەت وەک هونەری دایەلۆگ و بیرکردنەوەو سازشکردن لەگەڵ بەرامبەردا کۆتایی دێت و ئەوەی جێگەی دەگرێتەوە تەنها بەردەوامی جەنگ و هەوڵی لەناوبردنی بەرامبەرە. گرتنەبەری رێگەکانی توندوتیژی بۆ خۆی نیشانەی لاوازی و ونبوونی تەواوی گوتار و جیهانبینی و پرۆژەی سیاسی هێز و بزوتنەوە جەماوەریەکانە کە توانای کۆکردنەوەی خەڵکیان نامێنێ وەک هێزێکی فشاربەری کاریگەر بۆ سەر دەسەڵات. کەواتە پێویستە لێرەوە کەناڵەکانی پەنابردنە بەر چەک بۆ گۆڕینی دۆخی ئێستا رەتبکرێتەوە لەسەر ئەو بنەمایەی کە کۆمەڵگە دەخاتە بەردەم جەنگێکی خوێناوی، کە مەرج نیە ئەمە بە مانای جەنگێکی ناوخۆ بێت، بەڵام جەنگێک کە لەبری گۆڕینی دۆخی ئێستا پتر بەرەو دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری و ستەمکارانە بڕوات. 

دەبێ لەوە دڵنیابین کە تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا بە مانای چاککردن و هێنانی کۆمەڵێک گۆڕانکاری نایەت لە بواری دارایی و ئابوریدا بۆ باشترکردنی گوزەرانی خەڵک، بەڵکو ئەوەی پێویستە بکرێت گۆڕینی ئێستایە بە دۆخێکی دیکەی تەواو جیاواز لە ئێستا. ریفۆرم و پرۆژەی چاکسازی بۆ دۆخێک لە لایەن بکەرەکان و دروستکەری خودی ئەم دۆخەوە هیچ نیە جگە لە درێژەدان و هێشتنەوەی قەیرانەکان وەک خۆی بەڵام لە بەرگێکی دیکەدا. گرفتی گەورەی ئێستای کوردستان لە قەیرانە دارایی و ئابوریەکاندا کورتناکرێتەوە، بەڵکو گرفتێکی ریشەییە کە لە خودی ئەو شێوازی دەسەڵاتەدا هەیە کە هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمایەکی نادیموکراتی و دوور لە هەر عەقڵێکی سیاسی هاتۆتەکایەوە کە دەبوایە پشت بە کۆمەڵێک پرەنسیپی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کولتوری ببەستێ. ئەمە گرفتێکی ریشەییە کە لە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات و سیستمی حوکمڕانیدا کۆدەبێتەوە، لەو جیهانبینیە پاوانخوازیە حیزبیە هاوبەشەی یەکێتی و پارتیدا بەرجەستە دەبێت کە هەر لە سەرەتای دروستکردنی ئەم دەسەڵاتەوە وەک دوو حیزبی هەژمونگەرا مامەڵەیان لەگەڵ کوردستاندا کرد و هەڵگری تەنها یەک دید بوون کە ئەویش دیدێکی موڵکدارانە بووە. واتە کوردستان موڵکی تەنها دوو حیزب، دوو سەرکردە، دوو خێڵی سیاسی و دوو نوخبەی باڵادەستی حیزبیە. هەرئەم دیدەشە وایکردووە کە لە ئێستادا کەسێکی وەک مەسعود بارزانی توانای بینینی قۆناغی پاش خۆی نەبێت. لە ڕاستیدا ئەم دوو نوخبەیە توانای بینینی پرۆسەی سیاسیان نیە لە دەرەوەی خۆیان و بڕیارەکانیان، چونکە ئەوان وابەستەی عەقڵێکی پاوانخوازی و موڵکدارێتی و ستەمکارانەن کە دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری وڵات دەبێت تا سەر بۆ خۆی بێت. لێرەوە تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی ئێستا تەنها بە تێکشکاندنی ئەم دیدو جیهانبینیە دەبێت کە دروستکەری ئەم دۆخەی ئێستایە. تێکشکاندنی ئەم دیدو جیهانبینیەش لەو پرۆژانەوە سەرهەڵنادات کە هەوڵی ریفۆرمکردن و پینەکردنی ئەم قەیرانانە دەدات. ئەمە هەڵە کوشندەکە و پرۆسە پێچەوانەکەیە. بەڵکو لەو پرۆژانەوە سەرهەڵدەدات کە تان و پۆکان و هێڵەکانی ئەو پرۆسەی تێکشکاندنەمان نیشاندەدات بۆ هێنانەکایەی دۆخێک کە لەسەر جیهانبینیەکی دیکە بنیاتنراوە لە دەرەوەی ئەو جیهانبینیە حیزبیەی دەسەڵاتی سیاسی کوردستانی لەسەر دروستبووە. کەواتە ئێمە دەبێت بە دوای ئەو پرۆژە هەمەلایەن و فرە رەهەندانەدا بگەڕێین کە ئەم دیدو جیهانبینیە حیزبی و پاوانخوازی و موڵکدارێتیە سیاسیە تێکدەشکێنێ. ئێمە بە تەنها پێویستمان بە هێنانەکایەی مۆدێلێکی جیاواز نیە لە سیستمی حوکمڕانیدا، بەڵکو پێویستیشمان بە هێنانەکایەی مۆدێلێکی جیاوازیشە بۆ ئەو شێواز و رێگایانەی کە ئەم سیستمە فەراهەمدەکات و دیاریکردنی ئەو بکەر و ئەکتەرانەن کە دەتوانن ئەم کارە بە ئەنجام بگەیەنن. ئەو رێگەو شێوازانەی بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە لەبەردەمماندایە بریتیە لە شۆڕش نەک ریفۆرم و چاکسازی، ئەکتەرەکانی ئەم شۆڕشەش چەک بەدەستەکانی حیزب نین، بەڵکو کۆمەڵگە و شەقامە کە شۆڕش بەسەر ئەم دیدو جیهانبینیەدا دەکات و دۆخێکی دیکە دەهێنێتەکایەوە کە لە ئێستا ناچێت و بە تەواوی جیاوازە. کەواتە دەبێت بە دوای ئەو مانایانەدا بگەڕێین کە لە رێگەیانەوە دەتوانین ئەم بێماناییەی ئێستا بخوێنینەوە و لە رێگەی ئەو مانایانەشەوە بیر لە داهاتوویەک بکەینەوە کە پایەکانی خۆی لەسەر ئەمڕۆ بنیات نەناوە، بەڵکو بە تەواوی دەرچوونە لەوەی کە هەیە.                                                            

بوونی کاریزما؟
ئایا بوونی کاریزمایەکی سیاسی پێویستە بۆ هێنانەکایەی بزوتنەوەیەکی جەماوەری و کۆمەڵایەتی؟ ئەمە یەکێکە لەو گرفتە سەرەکیانەی کە بیرکردنەوەو پێکهاتەی سیاسی و حیزبی کوردی داگیرکردووە. بە مانایەکی دیکە، بونەوەری سیاسی کورد هەمیشە بە دوای سەرکردەیەکدا گەڕاوە کە توانای کۆکردنەوەی خەڵکی هەبووەو خاوەنی جۆرێک لە ئۆتۆریتی بووە، واتە هەندێک خەسڵەتی کاریزمی تیادا بووە. رەنگە ئەم کاریزمایە بە شێوەیەکی سەرەکی کاریزمایەکی سیاسی نەبووبێت، بەڵکو کاریزمایەکی ئایینی و خێڵەکی بووبێت کە وەک سەرۆک خێڵێکی خاوەن دەسەڵات توانای بەگەڕخستنێکی سیاسیانەی کۆمەڵگەی هەبووە. گرفتەکە لەوەدایە کە ئەم کاریزما ئایینی و خێڵەکیە هەرچەندە توانای کۆکردنەوەو مۆبیلەزەکردنی خەڵکی هەبووە و هەوڵیداوە بەرگێکی سیاسی هەبێ، بەڵام لە راستیدا هەڵگری هیچ جۆرە بیرکردنەوەو فەلسەفەیەکی سیاسی و ئایدۆلۆژیایەکی جەوهەری نەبووە کە لەسەر ئەو بنەمایە کۆمەڵگەی سیاسی بەڕێوەببات. بێگومان سەرکردەی کاریزمی لە ساتە سیاسیە گرنگەکاندا رۆڵی خۆی هەیە و توانای بەڕێوەبردن و ئاراستەکردنی جەماوەری هەیە بەو مانایەی کە لە سۆسیۆلۆژیای سیاسیدا هەیە کە چەمکی کاریزمای سیاسی لە تیۆرەی سۆسیۆلۆژی ماکس ڤیبەردا دادەڕێژرێت و وەک یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئۆتۆریتی باسدەکرێ بۆ سەرکردەی سیاسی. ئەوەی لە کۆنتێکستی ئەم وتارەدا مەبەستمانە سەبارەت بەوەی کە ئایا پێویستیەکی گەورە بۆ کاریزمایەکی سیاسی هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی ئێستای کوردستان، بۆ جوڵاندنی شەقام و سەرجەم شارەکان، بۆ هەڵگەڕانەوە دژی ئەو دیدو جیهانبینیە سیاسیە کوشندەیەی نەک تەنها هەر لەماوەی ٢٥ ساڵی رابردوودا کۆمەڵگەی کوردی بەڕێوەبردووە، بەڵکو سەرجەم مێژووی سیاسی کوردی داگیرکردووە؟ 

بە بڕوای من هێندەی پێویستمان بە دیدو جیهانبینیەکی نوێ و پرۆژەیەکی سیاسی هەیە کە توانای بەرپاکردنی شۆڕشی هەیە بەسەر ئەو جیهانبینیە حیزبیەی ئێستادا، ئەوەندە پێویستمان بەوە نیە چاوەڕوانی کاریزمایەکی سیاسی بین کە وەک فریادڕەسێک دەربکەوێ و دنیای سیاسی کورد بگۆڕێت. ئەمە تەنها لە توانای بزوتنەوەیەکی جەماوەریدایە کە بروای بە داهێنان و بەرهەمهێنانی رووداوی نوێ هەبێت. لەبەر رۆشنایی ئەو ئارگیومێنتەی کە لەسەرەوە سازمان کرد سەبارەت بە ئەکتەرەکانی گۆڕینی دۆخی ئێستا و باسکردن لە دروستکردنی مۆدێلێکی جیاواز بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئەم کارە، ئەوەی لە قۆناغی ئێستادا پێویستە وەک هەنگاوی یەکەم ئەو بزوتنەوە خۆڕسکانەیە کە توانای خۆڕێكخستنی خۆی هەیەو توانای دروستکردنی فشارێکی کاریگەرانەی هەیە. هاتنی سەرجەم شارەکانی کوردستانە بۆ سەر شەقامەکان و بەرپاکردنی شۆڕشێکی "نێرگزیی” ناتوندوتیژانەیە کە بە مەبەستی دروستکردنی فشارێکی گەورەی شەقام بێت بۆ سەر ئەو حوکمڕانیە حیزبیەی ئێستا و داواکردنی دەستلەکارکێشانەوەی و گۆڕینی بە حکومەتێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی حیزبەکان. کارەکانی ئەم حکومەتەش دەبێت لەلایەن کۆمیتەو ئەنجومەنەکانی خەڵکەوە چاودێریبکرێت بە گرتنەبەری شێوازی دیموکراسیەتێکی راستەوخۆ و بچوکردنەوەی حکومەت و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی بۆ دەسەڵاتە لۆکاڵی و شاریەکان. بێگومان بنەما تیۆریەکانی ئەم جۆرە لە خۆبەڕێوەبردن و حوکمڕانی و سیاسەتکردن رەگی لەناو کۆمەڵێک ئەزمونی جیاجیای وڵاتاندا داکوتیوەو بە چەندین تێزی جیاواز تیۆریزەکراوە. بۆ نمونە هەندێک بە لامەرکەزیەت یان بە لەناوەندیخستنی دەسەڵات ناویدەبات، بەڵام بنەما تیۆریەکانی لە چەمکی وەک دیموکراسیەتی خۆجێی یان راستەوخۆ یان دیموکراسیەتی رادیکاڵدا رەنگدەداتەوە. کەواتە بزوێنەرو ئەکتەرەکانی ئەم شۆڕشە کە دەخوازێ دیدو جیهانبینیەکی جیاواز لەم جیهانبینیە حیزبیە باڵادەستەی ئێستا بەرهەمبهێنێت خۆی لەناو ئەو بزوتنەوە خۆڕسکە جەماوەریانەدا دەبینێتەوە کە دەتوانێ کۆمەڵێک شێوازی جیاوازی پرۆتێستۆکردن بگرێتەبەر بۆ گۆڕینی ئەم حوکمڕانیە حیزبیەو هێنانی فۆرمێکی نوێ لە حوکمڕانی و سیاسەتکردن. بە وردبونەوە لە گەمەی سیاسی ئەمڕۆی باشوری کوردستان دەتوانرێ بوترێ کە هیچ سەرکردەیەکی حیزبی کاریزمی توانای مۆبیلەزەکردنی خەڵکی نیە بۆ سەر شەقامەکان و گرتنەبەری شێوازی جیاوازی پرۆتێست بەهۆی خولگەی ئەو ململانێ و بەرژەوەندیە حیزبیانەی لە دەوری دەسوڕێنەوە. کەواتە هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر لە چاوەڕوانی کاریزمایەکی سیاسیدا بین بۆ گۆڕینی دۆخی ئێستا و تێکشکاندنی ئەم حوکمڕانیە حیزبیە باڵادەستەی ئێستا.

بێگومان ئەگەر چاوەڕوانی ئەوە بین کە خودی ئەم گۆڕینە لە دیدو جیهانبینی سیاسی ئەم نوخبە حیزبیانەدا دروستببێت ئەوە بۆ خۆی چاوەڕوانیەکی بێهودەیە. چونکە عەقڵیەتی سیاسی ئەم نوخبە حیزبیانە هێندە بچوکە کە ناتوانێت بەرگەی شۆکی گۆڕینێکی لەم جۆرە بگرێ و بەرژەوەندیە ئابوریەکانیان هێندە گەورەن کە مەحاڵە بەرەو ئەو تێڕوانینەمان بەرن کە رەنگە لە رێگەی چەند پرۆژەیەکی چاکسازیەوە بتوانرێ چارەسەری ئەم دۆخە پڕ لە قەیرانە بکرێت. ئەوەی گرنگە لە پەیوەندیدا بەو بزوتنەوە جەماوەری و شەقامیە کە پێویستە شێوازە جیاوازەکانی پرۆتێست بەکاربهێنێ ئەوەیە کە پێویستە خاوەنی دیدو تێڕوانینێکی ئاشکرا بێت بۆ ئەو داهاتوەی کە دەیەوێ ببێتە جێگرەوەی ئێستا و ئەم دیدەش، هەروەک لێرەدا بە شێوەیەکی خێرا هێڵە گشتیەکانی باسکرا، دەبێ هەر لە سەرەتاوە هەڵگری ئەو گوتارە سیاسیە دیموکراسیە بێت کە رێگە بە بەشداریەکی بەرفراوانی خەڵک و کۆمەڵگە دەدات. واتە مەترسی هەر بزوتنەوەیەک و پرۆتێستێکی خەڵکی ئەوەیە کە لە زۆربەی بارەکاندا هەڵگری گوتارو پەیامێکی جەوهەری نیە کە ئەمەش مەترسی ئەوە دروستدەکات کە داواکاریەکان بە شێوەیەکی پۆلێنکراو لە رێگەی هەنگاوی جیاوازەوە بخاتەڕوو. لێرەوە لەسایەی ئەو نائومێدیە گەورەیەی باڵی بەسەر خەڵکی کوردستاندا کێشاوە تەنها رێگەیەک بۆ دەرچوون لەم نائومێدیە گەورەیە دەرچوونی ئەم حوکمڕانیە حیزبیە پاوانخوازی و موڵکدارێتیەیە لە دنیای سیاسەتکردنی کوردی و، هێنانەکایەی ئەو ئەلتەرناتیڤانەیە کە مێشکی کۆمەڵگەی کوردی بەسەر کۆمەڵێک مۆدێل و تێگەیشتنی جیاوازی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوریدا دەکاتەوە. کەواتە ئەو نەخۆشیە کوشندەیەی کە تووشی دەسەڵاتی سیاسی کوردستان بووە بە دیاریکراوی ئەوەیە کە خودی ئەم دەسەڵاتە زۆر لە قەبارەی خۆی گەورەتر بووە و چەندین دەسەڵاتی کەسایەتی لەناوخۆی ئەم دەسەڵاتەدا دروستبووە کە خاوەنی سەرچاوە سەربازی و داراییەکانن، واتە هێزە تایبەتەکان و بیرە نەوتەکانیان، کە هەوڵیانداوە لەم رێگەیەوە تەونێکی بەهێزی دەسەڵات بە دەوری خۆیاندا دروستبکەن بۆ مسۆگەرکردنی مانەوەیان و درێژەدان بەم پاوانخوازیە سەربازی و سیاسی و ئابوریە. تەنها رێگەیەک بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئەم هەڵئاوسانی دەسەڵاتە بریتیە لە بچوکردنەوەی ئەم دەسەڵاتە سیاسیە، ئەویش لە رێگەی بەشبەشکردنیەوە بەسەر دەسەڵاتی بچوکترو کەمتردا و پاشان دامەزراندنی ئەو چاوانەی کە چاودێری کارو بەڕێوەچوونی ئەم دەسەڵاتانە دەکات کە ئەمەش دەکرێ لە رێگەی دیموکراسیەتێکی راستەوخۆوە ئەم پرۆسەی چاودێریکردنە بۆ هەر بەشێک لە بەشەکانی دەسەڵات دابمەزرێنرێت. ئەم پرۆسەی بچوکردنەوەی دەسەڵاتە لە رێگەی فشاری بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و جەماوەریەکانەوە دێتەکایەوە کە خودی داواکاریەکانی ئەم بزوتنەوانە بریتیە لە وەرگرتنی سەربەخۆیی زیاتر لە بڕیاردان و بەشداریکردن لە چۆنێتی بەڕێوەبردنی سیستمی حوکمڕانی و کارکردنیان وەک ئەنجومەنەکانی چاودێری. ئەم پرۆسەیە لە توانای حیزبی سیاسیدا نیە چونکە هەمیشە حیزبی سیاسی لە هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاتردایە بۆ دابینکردنی بەرژەوەندیەکانی و ئەگەری سازشکردنی بە وەرگرتنی دەسەڵاتی گەورەتر. هەرئەمەشە گرنگی ئەو بزوتنەوە خۆڕسکانە دەهێنێتەکایەوە کە دەتوانێ خۆی لەسەر ئاستە کۆمەڵایەتی و سیاسی و خزمەتگوزاریەکان رێکبخات و وەک دەسەڵاتێکی لۆکاڵی کاربکات و رێگە لە گەورەبوون و هەڵئاوسانی دەسەڵات بگرێت. 



٢٠١٦ مارسی ی ١٦



21/03/2016



وتارەکانی تری نوسەر