د. دارا محەمەد
به‌شی یه‌كه‌م
ده‌وڵه‌ت بۆ خۆی بونه‌وه‌رێكی سه‌ركوتكه‌ره‌و بونیاد‌و پێكهاته‌كه‌ی له‌سه‌ر به‌كارهێنانی توندوتیژی دامه‌زراوه‌و یه‌كێك له كاره سه‌خته‌كانی بیری سیاسی هێنانه‌وه‌ی پاساوه بۆ بوونی ده‌وڵه‌ت.
له‌م به‌شه‌دا له‌سه‌ر ئه‌م گوتاره نادوێم، كه بۆ خۆی هه‌ڵگری چه‌ندین بیرۆكه‌و ئارگیومێنتی جیاوازه، به‌ڵكو دوایتر ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌م خاڵه‌و لێره‌دا له‌سه‌ر ئه‌و گفتوگۆیه ده‌دوێم كه لە ناوەندی سیاسی و رۆشنبیری‌دا لەسەر سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی هەیە کە بەشێکی زۆری رای رۆشنبیران و خەڵک پێیوایە کە ئەمە تەنها قسەیەکی بێمانایە و هیچ بنەمایەکی نیە و جگە لە کۆمەڵێک دروشمی سیاسی پارتی نەبێت هیچی دیکە نیە کە مەبەستی سەرەکی لێی هێشتنەوەی کەسایەتی مەسعود بارزانیە لە شوێنی خۆی یان وەک سەرۆکی هەرێم یان وەک سەرۆکی دەوڵەتی کوردی. من لێرەدا هەندێک خاڵی دیکە دەهێنمە پێشەوە کە سەرباری ئەم گەمە سیاسیە کە ئەمە بۆ خۆی تا رادەیەکی زۆر راستی تێدایە، ئەو ئەگەرانە باسدەکەم کە ئەگەر دەوڵەتی کوردیش دروست ببێت چ جۆرە دەوڵەتێک دروست دەبێ. ئەم ئارگیومێنتە پێیوایە کە رایەڵی سەرەکی لە دروستکردنی دەوڵەتدا رەهەندی حوکمڕانیە، واتە ئەو رایەڵەی کە لە نێوان دەوڵەتسازی و هونەری حوکمڕانیدا هەیە سەرچاوەی دروستبوونی ئەو دەوڵەتەیە کە هەر لەسەرەتاوە دەتوانین سیما و جۆر‌و کارەکتەری ئەم دەوڵەتەی پێ بناسینەوە.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌كرێ چه‌ندین تێڕوانینی جیاواز له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌ستنیشانبكرێت. لێره‌دا به لایه‌نی كه‌مه‌وه دوو تێڕوانینی جیاواز ده‌خه‌مه‌روو: یەکێکیان پێیوایە کە ئێمە تا دەوڵەتمان نەبێت و خاوەنی سەربەخۆیی نەتەوەیی و سیاسی و وئابوریی خۆمان نەبین، مەحاڵە توانای بەرهەمهێنانی سیستمێکی بەڕێوەبردن و حوکمڕانیەکی باش و دیموکراتیانە بین. ئەم تێڕوانینه دەڵێ مەرج نیە پێش دروستکردنی دەوڵەت هەموو پایەکان و پێداویستیەکانی سیستمێکی حوکمڕانی دیموکراسی هەبێت ئینجا باس لە دروستکردنی دەوڵەت بکەین.
تێڕوانینی دووەم: بە پێچەوانەی ئەوەی سەرەوە پێیوایە کە هەتا ئێمە خاوەنی سیستمێکی حوکمڕانی دیموکراتیانە نەبین نابێت باس لە دروستبوونی دەوڵەت بکەین و ئەوە کارێکی هەڵەیە کە لە ئێستادا دەوڵەت دروستبکەین، چونکە ئێمە هێشتا نەمانتوانیوە دیموکراسیەت بچەسپێنین.
ئەم دوو تێڕوانینه هەردووکیان هەڵگری هەندێک، به‌ڵام تەنها هەندێک، راستین و لە هەمانکاتیشدا کۆمەڵێک گرفتی گه‌وره‌ن، بە تایبەتی تێڕوانینی یەکەمیان.
ئەگەر سەیری هاتنەکایەی دەوڵەت بکەین دەبینین بەشێکی گەورەی ئەم دەوڵەتانە لە سەر بنەمای نەتەوە دروستبوون، واتە ئەوەی پێیدەوترێ دەوڵەت-نەتەوە. ئەگەر سه‌یری دروستبوونی دەوڵەت لە فۆرمە ئەبستراکتەکەیدا بکەین، دەبینین مەبەست لێی سەربەخۆیی نەتەوەییە كه سه‌رجه‌م كایه سیاسی و ئابوریه‌كان له خۆده‌گرێت و نەتەوەیەک دەخوازێ خۆی لەو سنورە جوگرافیەی خۆیدا حوکمی خۆی بکات و خۆی "سەروەر” بێت. کەواتە چەمکی سەروەری ئەو چەمکە سێنتڕاڵەیە کە له هه‌مانكاتدا بزوێنه‌رو بەرهەمی ئەم پرۆسەی دروستکردنی دەوڵەتەیە. لە دەوڵەت و هەبوونی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا سەروەری دێتەکایەوە کە خاوەنی مەرجەعیەت یان ئۆتۆریتیە و ئەمەش لەسەر بنەمای جیاواز دادەمەزرێت. ئه‌وه‌ی پێیده‌وترێت ”سەروەر" یان یاسا دەبێت یان دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری و تاکڕەو دەبێت.
ته‌نها راستیه‌ك كه له تێڕوانینی یه‌كه‌مدا هه‌یه ئەوەیه کە مێژووی دروستبوونی دەوڵەتەکان بریتی نیە لە پرۆسەی دیموکراسیەتێک کە به پێی ئەمه دەوڵەته‌كان تەنها ئەو کاتە بنیاتنرابن کە سیستمێکی حوکمڕانی دیموکراسیان بنیاتنابێت. بەشێکی زۆری ئەو دەوڵەتانەی دروستکراون بە پرۆسەیەکی جیاوازدا رۆیشتوون، بۆیە ئەگەر باس لە مێژووی دامەززراندنی دەوڵەت بکەینەوە کە لە فۆرمە مۆدێرنەکەیدا وەک دەوڵەتی نەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوروپای سەدەی حەڤدە، ئەوا لە رووی کاتەوە ناتوانین بە شێوەیەکی گشتگیرانە بڵێین کە سیستمێکی دیموکراسی دامەزرێنراوە ئینجا پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەت هاتۆتە کایەوە.
بەڵام گرفتێکی گەورەی ئەم تێڕوانینه ئەوەیە کە لە باشوری کوردستاندا ماوەی ٢٦ ساڵە دام و دەزگاکانی حوکمڕانیەک هەیە کە لە فۆرمی دەوڵەتدا کاردەکات، بەڵام ئەم سیستمی حوکمڕانیەی بەرپا کراوە شکستی لە بەرپاکردنی سیستمێکی دیموکراسیدا هێناوە و لە شوێنی ئەوە سیستمێکی ئۆتۆکراسی بنیاتنراوه كه هه‌میشه له هه‌وڵی بەهێزکردنی دەزگاکانی سەرکوتکردن و مانه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كاندا بووه. له گه‌رمه‌ی هێنانه‌پێشه‌وه‌ی پرسی ریفراندۆم و ئه‌گه‌ری سه‌ربه‌خۆبوون چه‌ند خاڵێك ده‌ستنیشانده‌كه‌م.
١. راگەیاندنی سەربەخۆیی وەک کارتێكی فشار ده‌بینرێت له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه بۆ مانەوەیەکی هەتاهەتایی سەرۆک و گوێزانەوەی لە سەرۆکی هەرێمەوە بۆ سەرۆکی دەوڵەت. یەکێک لە ئەگەرەکانی ئەم مەترسیە کە خۆی لە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتدا دەبینێت ئەوەیە کە لەلایەک مەترسی دروستبوونی دیکتاتۆریەتی حوکم و دەستبەسەرداگرتنێتی لەلایەن خێزانێکی دەسەڵاتدارەوە. کەواتە ئەگەر ئەم بانگەوازە تەنها کارێکی تاکتیکی بێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتێکی گەورەتر، ئەوا ئەمە بۆ خۆی یەکێکە لەو هەوڵە مردووانەی کە هەر لەسەرەتاوە توانای بردنه‌وه‌ی پشتگیری و هاوسۆزی خەڵکی نابێت.
٢. چۆن دەتوانرێت سەربەخۆیی رابگەیەنرێت لە کاتێکدا کوردستان بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەکراوە بۆ هیچ جۆرە دیبەیتێک. له پاش شه‌ڕی ناوخۆوه هیچ كاتێك هێنده‌ی ئێستا شه‌قامی كوردی ئه‌وه‌نده په‌رت په‌رت و ناكۆك و ناته‌با نه‌بووه. چۆن له دۆخ و كه‌شوهه‌وایه‌كی له‌مجۆره‌دا ریفراندۆم سازده‌كرێ؟ له كاتێكدا چه‌ند پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌م كاره گرنگه، ئه‌وه‌نده‌ش ئیراده‌و بڕوای به‌هێزی خه‌ڵك و یه‌كگرتوویی شه‌قام بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌م كاره گرنگه. له ئێستادا ئه‌م گفتوگۆیه سه‌رلێشێواویه‌كی ته‌واوی پێوه دیاره. هه‌روه‌ها ئەم كرده سیاسیه كه چه‌ندین ئه‌گه‌رو پێشهاتی چاوه‌ڕواننه‌كراو به دوای خۆیدا ده‌هێنێ پێویستی بە دیبەیتێکی گشتی هەیە کە تیایدا سەرجەمی ئەو هەنگاوانە بخرێنە بەردەم گفتوگۆ تا قسە لەسەر ئەوە بکرێت کە چۆن دەوڵەتێکمان دەوێت. کەواتە گرفتی گەورە لە سازدانی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆییدا نیە، بەڵکو گرفتی گەورە لە چۆنێتی ئەو دەوڵەتەدایە کە بڕیارە دروستبکرێت. گومان لەوەدا نیە لە سایەی بوونی ئەم هێزە سیاسیانەی ئێستای کوردستاندا بە تایبەتی کە سەرکردایەتی ئەم هەنگاوە بۆ سەربەخۆیی لەلایەن پارتی و کەسایەتی بارزانیەوە دەکرێت، گومان لەوەدانیە کە ئەم دەوڵەتە هیچی باشتر نابێت لەو دەسەڵاتەی ئێستای کوردستان کە لە ماوەی ٢٦ ساڵی رابردووی خۆیدا جگە لە قەیرانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی هیچی دیکەی دانەهێناوە، هەر بۆیە لێرەوە کارەساتە ئەگەر ئەم دەوڵەتەش هەر لەلایەن ئەم هێزانەوە پێشڕەوی بکرێت.
٣. گرفتێکی دیکەی ئەم بانگه‌وازه بۆ سەربەخۆیی و هه‌بوونی دەوڵەت بریتیە لەو دۆخە ئابوریەی ئێستای کوردستان پیایدا تێپەڕدەبێت. دەرئەنجامی ئەم دەوڵەتە ئەگەر دروست ببێت ئەوەیە کە دەبێتە یەکێک لەو دەوڵەتانەی دیکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە نوقمی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و بەرهەمهێنانەوەی سەرجەم قەیرانە ئابوریەکانە بە دروستکردنی ئابوریەکی مشەخۆری بێبەرهەم کە کۆمەڵگەیەکی بەکاربەر دروستدەکات کە لەسەر بنەمای بازرگانی و هاوردەکردنی سەرجەم پێداویستی و کاڵاکان، بە کەرتی خزمەتگوزاریشەوە دروستده‌بێت. ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی خێرا له هه‌ندێك له‌م ژماره‌و داتایانه بڕوانین ئه‌وا ده‌توانین هه‌ندێ پرسیاری گرنگ ئاراسته‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته بكه‌ین.
حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیكه‌ی ٢٠ ملیار دۆلار قەرزارە (لە مانگی ٢ی ٢٠١٤ تا مانگی ١ی ٢٠١٦)، بێگومان تا ئێستاش نه‌دراوه‌ته‌وه‌و ئه‌گه‌رێكی زۆریش ئه‌وه‌یه كه به‌به‌رده‌وامی سووی ده‌چێته‌سه‌ر. لە سەدا ٨٥ ی داهاتی حکومەت لە نەوتەوە بەدەست دێت. لە سەدا ٧٠ ی خەرجی گشتی کوردستان دەچێت بۆ موچەی فەرمانبەران. ئەمە لە کاتێکدا کە کۆی بەرهەمی ناوخۆ (جی دی پی) بە پێی هەندێک ئامار له (٢٠١١) دا بریتیە لە نزیکەی ٢٣ ملیار دۆلار. ئه‌گه‌ر راگوزه‌رانه له‌م داتایانه نه‌ڕوانین بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه چۆن ئابوریه‌ك له كوردستاندا دروستكراوه، ئابوریه‌ك كه پێیده‌وترێ ئابوری به‌كرێدان، واته حكومه‌ت له‌سه‌ر به‌كرێدانی چاڵه نه‌وته‌كان و سامانه سروشتیه‌كانی دیكه به كۆمپانیاكانی ده‌ره‌وه ده‌ژی و له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنانی ئه‌م كۆمپانیا بیانیانه ده‌ژی و گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ی ئابوری و بژێوی خۆی له‌وێوه به‌ده‌ستده‌هێنێ كه ئه‌مه‌ش هه‌میشه له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رزبونه‌وه‌و دابه‌زین و ئیفلاسبووندایه و هه‌ر گۆڕانێكی سیاسی و پشێوی و نائارامی و نائاسایشیه‌ك كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئه‌م داهاته ده‌بێت. بێگومان خاڵێكی گرنگ لێره‌دا پێویسته بكرێ ئه‌وه‌یه كه گرفته‌كه له‌وه‌دا نیه كه به‌شێكی زۆری داهات ده‌چێ بۆ كه‌رتی گشتی، هه‌ر بۆیه ئه‌م حكومه‌تی به‌كرێدانه موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌كات به نیوه‌و چاره‌ك گوایه خه‌رجی له كه‌رتی گشتیدا كه‌مده‌كاته‌وه‌و قه‌یرانی ئابوری چاكده‌كات. به‌ڵكو گرفته‌كه له به‌كرێدانی وڵات و له دزین و تاڵانفرۆشكردنی سامانی سروشتی وڵات و ته‌خشانكردنی داهاته‌كه‌ی و داهێنانی ئه‌م ئابوریه نادروسته‌دایه كه له‌به‌رده‌م هه‌ر گه‌مارۆیه‌كی هه‌رێمایه‌تی دراوسێكاندا هه‌ره‌سده‌هێنێت و ئه‌گه‌ری كه‌وتنه‌وه‌ی كاره‌ساتی ئابوریی و دارایی ده‌بێت.
چاوەڕوانی بەشەکانی تری بن..